لە هەر کەندێ پەندێ
لە #سلێمانی# دەوترێت: هەر کەنێ پەنێ، لە #هەولێرێ# دەوترێت: لە هەر کەندێک پەندێک، کەند و کەنگ و کەندەڵان و کەندڕ سروشت و کەشکاری دروستی دەکات ئه و زەوییانەی کە ئاو دایدەڕێت و بەهۆی کرداری ڕاماڵینەوە دروست دەبن، لە سەر گۆی زەویدا کەند و لەندی یەکجار زۆر هەیە، لە کوردەواریدا کەند و کەندەڵان ئیدیۆمی تریشی لەسەر گوتراوە وەکو: تا کەندەڵانێک نەڕمێت-نەڕووخێت، کەندێک- دۆڵێک-شیوێک پڕ نابێتەوە، هاوشێوەی(تا برایەک نەمرێت، برایەک دەوڵەمەند نابێت)، هیچ گوندێکی کوردستان نییە کەند و لەند و شیوەرۆک و دۆڵ و چۆمیلکە و کەندڕ و کەنداڵ و کەندەڵانی جۆراوجۆری نەبێت، کە ڕۆژانە شوانکارە و گاوان و جۆتیار و وەرزێر و لادێ نشینان پێیاندا تێپەڕ نەبن، لە کاروباری لەوەڕاندنی مەڕوماڵات و مانگا و ڕەشەوڵاغ و وڵاغەبەرزەکانیان یان لە هێنانەوەی دار و بارەدار بۆ سووتاندن و پێداویستیەکانی ناوماڵ، یان بۆ کەنگر و کاردو کردن و گژوگیای بەهارە و هاوینە و زستانە و پایزان، لەهەموو پیشەیەکدا بەسەرهات و چیڕۆک و گێڕانەوە و ڕووداێک ڕوودەدەن، هەندێکیان دەبنە بنێشتە خۆشەی سەرزاران و بۆ ڕۆژگارێکی دوور و درێژ دەوترێنەوە، تا ناوی کەندڕەکەش دەبێتە ناوی کارەساتەکە وەکو: حەسەن ناوێک دەکوژرێت لە نزیک کەندەڵانێک، بەهۆی کێشەیەکی دوژمنداری کۆنەوە ئەوە ناوی شیوەکە بەناوی ئه و کوڕە کوژراوە ناودەنرێت بە (شیوی حەسەن کوژرای)، یان کەندڕێ بەناوی ئه و پیرەژنەی خەڵکی تەقتەق-ەوە ناو دەنرێت کە لاڤاوێکی بەهارەی زێی بچوک بردوویەتی لە کەندڕێک وەکو ئاوماڵک گیرساوەتەوە ناوی ئه و کەندڕە لە شارەدێی تەقتەق بەناوی ئه و پیرەژنەوە ناونراوە و بووە بە کەندڕی نەنە حەڵۆمە، یان کیژێک بەناوی کڕینەوەی شەرم و ناموس لە کەندەڵانێک دەکوژرێت لەلایەن باوک و برا و ئامۆزاکانیەوە، لەسەردوڵکە و لاوانەوە و قسەوقسەلۆکی ناو ئاواییدا به و شوێنە دەوترێت کەندی مێرەم کوژرای، یان کوشتنی کیژێکیتر بەناوی خەزار لە چاڵاییەک به و چاڵاییە دەوترێت: قۆرتی خەزارێ، هەندێجار گاوان گایەکانی لێ هەڵدەدەێرێن لە کەندەرانەکی زۆر سەخت و دژوار به و کەندەڵانە دواتر وتراوە: کەندڕی گاتڕان و...تاد، کەواتە زۆری بە سەرهات و ڕووداو و چیرۆک لە چۆمیلکە و کەند و لەند و کەندر و کەنداڵ و کەندەڵان لە کوردەواریدا وایکردووە وەکو ئامۆژگاری و ڕێنوێنی و ڕێنمایی و شارەزایی و زانیاری کورد بڵێت: لەهەر کەندێ پەندێ.[1]