کورد و دیاردەی جنێو فرۆشی
#سۆران پاڵانی#
ماوەیەکی زۆرە بە هۆی زیادبوونی پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتیەکان، باس و لێکدانەوەی جۆراوجۆر لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستاندا پەیدابووە. بەڵام بە داخەوە ئەوەی ئەبینرێ ئەم باسانە لە باتی ئەوەی ژینگەیەکی تەندروست بۆ دیالۆک و یەکتر قبوڵکردن، دەسنیشانکردنی گرفت و چارەسەر برەخسێنێ، زیاتر بەرەو سوکایەتی و یەکتر شکاندن و سڕینەوەی یەکتر سەردەکێشێ.
دیاردەی جنێو فرۆشی و هێرشکردنە سەر یەکتر بە تایبەت جنێودان بە دایک و خوشک و کچ فەرهەنگێکی قیزەوەن و دواکەوتوویی کۆمەڵگای ئێمەیە. ئەم دیاردەیە زیاتر لە پەنجا ساڵە بەرۆکی مێژووی ئێمەی گرتووە. ئەوەندە پەرەی سەندووە بووەتە بەشێکی دانەبراو لە ئەدەبیاتی بزووتنەوەی سیاسی ئێمە. دیارە سەرکردەکان ڕۆڵی گرنگیان لە برەودان بەم دیاردە ناشیرینە هەبووە. قوڵبوونەوە و ڕۆچوونی ئەم دیاردەو شۆربوونەوەی قۆناغ دوای قۆناغ بە تایبەتتر لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی باشوور و لەسەردەمی حوکمڕانیشیاندا بووەتە بەڵایەک کە هەموو پیرۆزییەکانی کوردستانی خستۆتە ژێر پێ و ئەوەندە لە کۆنترۆڵ دەرچووە، ئەوانەی کە دوێنێ چەپڵەیان بۆ جنێوی لایەنگیرانیان لێدەدا هەر ئەوانە بوونەتە دوژمنی خۆیان و ڕووبەرووبوونەوەیان ئاسان نیە.
هەرچەند مێژووی بزووتنەوەی سیاسی ڕۆژهەڵاتیش لەم کردەوانە خاڵی نیە، بەڵام بەراورد بە باشوور ناکرێ. چون ئەوەی باشوور لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ میدییای نابەرپرس درێژەی پێدەدات و بۆ پیرۆزکردنی یەکتر و دژایەتی یەکتر ئاگرەکەی خۆش ئەکەن.
ئەم دیاردەیە لە ڕۆژهەڵات خەریکە پەرەئەسێنی، خەریکە لە ژێر ناوی گوتاری جۆراوجۆر وشەی سووک و دەربڕینی ناشیرین تێکەڵ بە ڕۆح و جەستەی ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵات ئەبێ.
بە بروای من نیشتمانسازیی پرۆژەیەکی هەمەلایەنەی تاقەت پڕوکێنەو فیکری وردو سەبری ئەیوبێ دەوێ. نە بە قیرە قیر و نە بە سڕینەوەی یەکتر دروستنابێ. بەڵکو پرۆسەیەکی بەکۆمەڵی خۆنەویستانەی بێ پاداشتە و دەبێ ژیرانە هەنگاوەکانی ببڕی.
لەم ڕۆژانە کە زمانی سۆرانی بە گوگڵ زیاد کرا، گوکڵ ئەو تیمە کوردەی بڵاوکردەوە کە کاک بۆکان جاف لە سەرەوەی هەموویان بوو. دواتر میدییایەکی کوردی چاوپێکەوتنێکی کاک بۆکانی بڵاوکردەوە کە کۆمپیتەرەکەی کاک بۆکانم بینی لە باتی شانازی شەرمم کرد دیارە من لە کاک بۆکان زیاتر نەبوونی و هەژاری و ئاوارەییم بینیووە مەبەستم لەوەی کە شەرمم کرد ئەوەیە چلۆنە هەموو ئەوانەی خۆیان بەبیرمەندی ستراتیژی، یان دروشمی گەورەی دروستکردنی دەوڵەت بەرز دەکەنەوە و بەهەزاران ئیمکاناتی جۆراوجۆر کە لەبەردەستیانە، عەقڵیان ناگاتە ئەوەی بەر پێی خۆیان ببینن. بەڵام بۆکانی بێ پشت و پەنا بە کۆمپیتەرێکەوە کە شاشەکەی نەمابوو دوگمەکانی شکابوو، کوردستانی بێ دەوڵەت و زمانەکەی دەباتە ڕیزبەندی دەوڵەت و زمانە زیندووەکانی دنیا؟؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەوانیتر شەرم بکەن و پێداچوونەوە بە خۆیاندا بکەن؟[1]