شێتە، قسەی لێ ناگیرێ
#هیبە فەیسەڵ#
چەندەها جار گوێمان لەم ڕستەیە بوە. یان خۆمان بەکارمان هێناوە، یان کەسانی تر وتویانە وەک ئارگومێنتێک بۆ پێناسە کردنی ئەو تاکانەی کە هاوبیرمان نین، یان بە وشەیەک هەڵەیان کردوە بەرامبەرمان.
بە ڵام گەر هەندێک لەم ڕستەیە بکۆڵینەوە، ئەوا بە لێکدانەوە و بۆچونی من، بەکارهێنانی ئەم جۆرە ئارگومێنتانە، سەرچاوەی ئەگەڕێتەوە بۆ بەکەم زانین و توانج گرتن لەو کەسانەی کە دەناڵێنن بە دەست کێشە و نەخۆشی دەرونیەوە.
نەخۆشی دەروونی یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە هەموو تاکێک مەترسی توش بونی هەیە. هۆکارەکانی فرە و ئاڵۆزن بەوەی کە لە تاکێک بۆ تاکێکی تر جیاوازە. بەڵام زۆر بەداخەوە کە لەیەک لایەندا هاوبەشن. ئەویش بەئازادی باس نە کردنی نەخۆشیەکەیە و کردنی بە تابوویەکی گەورە.
وەک تاکێک لە کۆمەڵگای کوردی، دەزانم کە ئەو کەسانەی بەدەست ئەم کێشانەوە دەناڵێنن، جگە لە لەخۆگرتنی ئاڵۆزی نەخۆشیەکانیان، توشی گۆشەگیری و تەنیایی دەبن. ئەمەش لە ئەنجامی بە سوک سەیرکردنیان لەلایەن چوار دەور و کۆمەڵگاوە. بە مرۆڤێکی پڕ دانانرێن و بۆچون و قسەیان دەبێتە جێی پێکەنین و گالتەپێکردن. دەوترێت کە گوایا سیحریان لێکراوە، یان جنیان لەگەڵە، یان غەزەبی خوایە و لە خۆی و خانەوادەی گیراوە.
لەناو خێزان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دەشاردرێنەوە و مافی بەشداریان نیە. خێزان پێیان شەرمە دەریان بخەن. توشبوان و خێزانیان دەبنە باسی گەرمی دانیشتن و کۆبونەوە، یانیش دەبنە جێی بەزەیی.
جگە لە بێبەش کردنیان لە ژیانێکی ئاسایی و پڕ لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی، لەبواری پزیشکیشدا گرنگی پێویست بە گرفتەکانیان نادرێت و چارەسەری پڕیان ناخرێتە بەردەم. مافی بڕیاردانیان لێ دەسەنرێتەوە و لەبری خۆیان خێزان بریاری چۆنیەتی و جۆری چارەسەریان دەدات. لە زۆربەی کاتیشدا ڕاستی نەخۆشیەکەیان لێ دەشاردرێتەوە و خێزانەکەی پەنادەبەنە بەر ڕوونکردنەوەی لاوەکی.
ئەمانەش لە کۆتاییدا دەبنە هۆکاری زیاتر ئاڵۆز بونی نەخۆشیەکە، و وا لە تاکی توش بوو دەکات کە پەنا بەرێتە بەر مادەی بێهۆش کەر یان خۆکوشتن.
بە بۆچونی من یەکەم هەنگاو بۆ ڕۆشنبیری کردنی تاک و جێگیر کردنی تێروانینێکی تازە بۆ نەخۆشی و گرفتە دەروونیەکان، باس کردن و دەرهێنانی لە چوارچێوەی تابووە.
جا بۆیە حەزم کرد لێروە تیشک بخەمە سەر بابەتەکە و دووبارە بنوسم کە پێویستە نەخۆشی دەروونی وەک هەموو نەخۆشیەکی تر سەیر و باس بکرێت. چی دی توشبوان خۆیان نەشارنەوە و خێزانیان بە شەرم و کەمیی نەیان بینن. توانج و قسەی نابەجێیان پێ نەوترێ.
ئەوانیش وەک هەموو تاکێک مرۆڤن و مافی ژیان و بریاردانیان هەیە.
هەر لێرەشەوە ئەم بابەتە پێشکەشە بە حەمە گیان کە بە ناوی چاوپێکەوتنی تەلەفزێۆنی و قسەی خۆشەوە، ڤیدیۆی دەگیرێ - گاڵتەی پێ دەکرێ - و بڵاو دەکرێتەوە.[1]