بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا 19
#شەماڵ بارەوانی#
فەقێیەک داوای لێبووردن لە مەهاباد قەرەداغی دەکات..!
لە هەردووک بەشی پێشوو باسم لە ڕوانگەی شافیعی و مەزهەبەکەی شافیعی کرد، سەبارەت بە کومەڵێک بابەت و پرس. ئاماژەم بەوەکرد، کە شافیعی کەسێکی شۆڤێنی بیر و باوەڕبووەو دیوێکی تری پرۆسەی تەعریبە، وەلێ لە ژێر پەردەی مەزهەب و ناوی ئاییندا.
گووتمان: شافیعی خاوەنی جیهانبینی و مەزهەبێکی عروبیانە و ڕوانگەیەکی زۆر پاتریارکیانەی دژی یەکسانی جێندەری و دیدێکی دەمارگیرانەی ئایینی و بیرێکی زۆر تەسک و تابڵێیت داخراو ناهیومانیستانەیە و ئەو پیاوە ئەقڵیەتێکی شۆڤێنیانەی عەرەبی و ئومەویانەی بەسەردا زاڵە.
مەزهەبەکەیشی، پڕیەتی لە فیقهی بە کۆیلەکردن و بە کەنیزەکردنی مرۆڤ و ڕەوایەتی دان بە سیستەمی کۆلایەتی و بە کۆیلەکردنی مرۆڤ.
بۆ مەسەلەی میرات و زۆر بابەتی تریش ئەو مەزهەبه، لە ڕوانگەیەکی پیاو سالارانە و لە خزمەتی پیاو بۆ بەرژەوەندی پیاوەوە نووسراوە.
جا منیش بەحوکمی ئەوەی ئەو مەزهەبەی شافیعیمان لە جوجرە دەخوێند و دەبوا مەتنی(ابی شجاع)و ئەو کتێبەی فەتحولقەریب و مەزهەبه پاتریارکیەکەی شافیعی زورێک لە بەربکەین و زۆر بە حەماسەتەوە، لە لایەک قورئان و ڕیوات(فەرمودەکان)ی پەیامبەری ئیسلامم لە بەردەکرد و لە لایەکەیتریش ئەو مەتنەی ئەبی شوجاع و فیقهی شافیعی. جا بەو هۆیەوە کەوتبوومە ژێر کاریگەری ئەو بیرەنێرسالار و مەزهەبه نێرسالاریەی شافیعی.
ئینجا سەبارەت بە هەستی پیاو سالارانە و ڕقی دژە فێمێنیستیم لەسەرەتای فەقێیاتیم، دەمەوێ بەسەرهاتێکی ئەوکاتەتان بۆ بگێڕمەوە.
بیرمە لە قوتابخانەی(محمدیة، للعلوم الشرعیة)، فەقێ و قوتابی بووم، قوتابخانەکە هەرلەناو مزگەوتی (حاجی قەرۆک)ی دابوو، لە گەڕەکی ئیسکان، ئەوە ڕۆژەکی دەچووم نان و ماست بکڕم بۆ خواردنی بەیانی فەقێیەکان، لەسەر ڕێگام و لە پێش ماڵەکی پارچە ڕۆژنامەیەکم بینی، لەسەر عەرزێ کەوتبوو.
منیش بە حوکمی ئەوەی کەسێکی زۆر فزوولی بووم بۆ خوێندنەوە و زۆر موتاڵام دەکرد، یەکسەر دەستم دایە ڕۆژنامەکە و هێنامەوە حوجرە، ویستم سەیری کەم بزانم چی تێدایه، چاوپێکەوتنێکی تێدا بوو لەگەڵ ژنە فێمێنیست و نووسەر و ڕۆماننووس و وەرگێڕی کۆچکردووی کورد(مەهاباد قەرەداغی)، جا مەهاباد قەرەداغی لەوێ گووتبووی زیاتر لەهەزار کتێبم خوێندووەتەوە.
کەئەوەم بینی، بە فەقێیەکم گووت: واو! کێ دەبینم، مەیموون، ئەو ژنە بێ باوەڕ و گڵاو پیس و زەندیقەیە، دەیناسیت؟ گووتی: کێیە؟
گووتم: ئەوەی بێ ڕێزی بە زاتی خودا کردووە و بەو زاتەی گووتووە دیاره:خودا، بۆیە هێندە کەیفی بە ژنان دێت، چونکوو بەخۆی مێیه!
حەققەت من ئەو کات، ئەوە یەکەم جارم بوو شێوە و وێنەی خاتوو قەرەداغی ببینم و پێشووتر هیچ بەرهەم و نووسین و شتێکی مەهاباد قەرەداغیشم ببڕای ببڕ نەخوێندبوویەوە.
هەر هێندەم زانی بوو، کە ژنێکی بێ باوەڕ و دژە ئیسلام و دژە خواوەندە، ئەوەشم تەنها لە وتارێکی مەلا(ئی.. سوسەیی)نەبێت لە هیچ شوێنێکی تر نەبیستبوو نەبینیبوو. ئەو مەڵایەی کە ئێستا بە تاوانی تێوەگڵان بە پرسی تیرۆر لە زیندان خراوە و حوکمدراوە.
من ئەوکات ئەو پیاوە ئایینیەم زۆر خۆشدەویست و زۆر کاریگەربووم بە وتارە ئاگرین و عاتیفی و توندەکانی و دەمگووت:مەلایەکی زۆر چاونەترس و بە غیرەتە و توندە لە پێناو سەرخستنی دینی خودا و ڕووبەڕووبوونەوەی کافر و تاغوتان لە هیچ کەسێک و لایەنێک ناترسێت. هەڵبەت مەبەستم لە کافر و تاغوت، حوکومەتی هەرێمی کوردستان بوو!
من ئەو کات فەریکە فەقێیەکی تەکفیری و ڕادیکاڵ و زۆر ناحاڵی و تابڵێیت نەزان و جاهیل بووم.
جا ئەو پیاوە ئایینیە لەو وتارەی، کە من بە(CD)سەیرم کرد، زۆر بەتوندی هێرش دەکاتە سەر خاتوو مەهاباد قەرەداغی و حەمە سەعید حەسەن و سوکایەتی بەژن دەکات.
شیعرەکە هی حەمەسەعید حەسەنە و خاتوو مەهاباد، خوێندنەوەی بۆ شیعرەکە کردبوو و لە گۆڤاری گوڵان بڵاوببوەوە.
ئیسلامییەکانی هەولێر دواتر دژی مەهاباد قەرەداغی و حەمە سەعید حەسەن ڕژانە سەر شەقام.
من شیعرەکەلێرە دادەنێم:
ژننامە-
لە کن من
ژن هەموو
شاجوانن،
خودایە ببوورە
لە کن من ئافرەتان سەرداری پیاوانن،
لە کن من خوا مێیە،
تەنیا ژن
پەیامی پیرۆزی خوای پێیە،
لە کن من خوا تیشکی جوانیی خۆی
بە ژنان بەخشیوە،
لە کن من هەر کەسێ ئافرەتی ناسیبێ
خوای دیوە،
من تەنیا ئافرەتە سەرچاوەی ئەوینم،
من خودا لە ژندا دەبینم،
مامانی هۆنراوەی من ژنە،
لە کن من ژین بێ ژن مردنە،
من لەسەر شاباڵی هەوری ژن
دەگەمە بارەگای خوای مەزن.
حەمەسەعید حەسەن
13ی 12ی 2002).
جابەهۆی ئەو شیعرە و وتارەی مەڵاوە،
من لەو ساوە، ڕقێکی زۆر ئەستوور و نەفرەتێکی بێ ئەندازه، لە دڵ و دەرونم دا، لە بەرامبەر مەهاباد قەرەداغی و بزووتنەوە فێمێنیستەکان و تەواوی ڕێکخراوەیلی مافەکانی ژنان، چەکەرەی کرد.
جا کەئەوەم بینی بە توڕەییەوە گووتم، هەی کافر و زەندیک، هەی دووژمنی ئایین و خوداوەند، هەی گڵاو پیس.
تۆ هەزار کتێبت خوێندووەتەوە، بەڵێن بێت من پێنج هەزار کتێب بخوێنمەوە، تۆ بۆ دژایەتی کردنی ئیسلام و حەقیقەت و ڕێگای خوداوەند، منیش لە پێناو سەرخستنی ئایینە پاکەکەی ئیسلام و بەرپەرچدانەوەی تۆ و هاوبیرە بۆگەنەکانت(داوای لێبووردن لە ڕۆحی خاتوو مەهابەد قەرەداغی دەکەم).
هەڵبەت، دواتر
زەمان هاتوو و ڕۆیشت، هەزاران کتێبم خوێندەوە و
لە نێو ئەو کتێبانە، کۆمەڵێک لە بەرهەمەکانی مەهاباد قەرەداغی بوون.
لە نموونەی:
-ساڵێک لە دۆزەخ-بیرەوەری زیندان(بیرەوەری)
- کۆچ(ڕۆمان)
-ئەڤین ئاوی ژیانە(ڕۆمانە شیعر)
-سوید و کوردستان مەرگی مرۆڤ و نیوێک(کورتە چیرۆک)
-هاژەی ڕۆح(شیعر)
-باڵندە بەفرەکان(شیعر)
-میدالیا(شیعر)
نەخشەی دوا ڕۆژ(شیعر).
ئینجا ڕۆمانەکانی نەوال ئەلسەعداوی، فەزیلە ئەلفاروق، فاتیمە مەرنیسی، بەرهەمەکانی غادە ئەلسەمان، ڕەگەزی دووەمی سیمۆن دیبۆڤوار..تاد.
1-سوپاس بۆ نووسەر ڕووناکبیری کورد، مامۆستا:حەمەسەعید حەسەن، کە لەڕێگای نامەی چاتەوە، دڵنیای کردمەوە، کە شیعرەکە هی ئەوە.
2-سوپاس ئەمین محەمەد، هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتیم، کە هەم شیعرەکەی حەمەسەعید حەسەنی بۆ نادرم و هەم ئەرکی کێشا، دووبار ڤیدۆی وتارەکەی مەلا(سوسەیی)بۆ لە یوتۆب دۆزیەمەوە وبۆی ناردم وجارێکیتر سەیرم کردەوە.[1]