قەڵای فەردەقان؛ ڕۆمانێک سەبارەت بە ئیبن سینا
#ئیدریس عەلی#
نووسینی ڕۆمان و بابەت و توێژینەوە سەبارەت بە کەسایەتییە گرنگ و کاریگەرە مێژووییەکان، توانای ڕۆشنبیری و ئاستێکی بەرزی مەعریفی دەوێت، چوونکە لەوێدا نووسەر گەرەکە ئاگای لە ڕەهەندەکانی ژیانی کەسێتی و پایە و پێگەی بێت، هاوکات کێشمەکێش و ڕووداو و بەسەرهاتەکانی ئەو مێژووە، قۆناغ بە قۆناغ شارەزا بێت، بێگومان لەوەها کاتێکدا نووسەر و ڕووناکبیری گەورەی عەرەب و میسڕ (یوسف زێدان) کاتێک بیر لە نووسینی ڕۆمانێکی قوڵ و فرەڕەهەند دەکاتەوە لەسەر ژیان و زانست و مەقامی زانایەکی مەزنی وەک ئیبن سینا، کە تا هەنووکەش زانستەکەی و دید و بۆچوونە فەلسەفییەکانی لەمەڕ ئایین و زانست و گەردوونناسی و بیرکاری و هتد… بنووسێت، باش دەزانێت لەخەزنەی هزریدا چ مەعریفە و شارەزایی و خوێندنەوەیەکی ئەو قۆناغەمێژووییانە و ڕووداوەکانی هەڵگرتووە، بۆیە ئێمە کاتێک ئەم ڕۆمانە (قەڵای فەردەقان)دەخوێنێنەوە، وا هەست دەکەین لەناو ڕووداوگەلێکی مێژوویی داین، مێژوویەک کە وەک لە ڕۆمانەکەدا بەرجەستە بووە، سیخناخە لە لەو ڕووداوی خوێناوی، کێشمانکێش لەسەر دەسەڵات، خیانەت و جاسووسیکردن و ڕقی ئەمیر و پادشا ئایینییەکان لەیەکدی، هاوکات لەم ڕۆمانەدا بە شێوەیەکی واقیعی وێنای ئبین سینا بە جۆرێک کراوە، کە دەتوانین بڵێین کۆی کرۆکی بابەت و کتێب و دونیابینی و ڕوانگە و کەسێتیی ئەو نازا گەورەیە، لە زیرەکی و ژیریی منداڵییەوە، تا تێکەڵبوونی بە کۆڕی خوێنەواران و ڕۆشنبیرانی ئەو قۆناغەی خۆی و پرسیارە گەردوونیەکانی و دانانی کاتێکی زۆر بۆ خوێندنەوە و تیڕامان و بیرکردنەوە، لەم ڕۆمانەدا بە ئاسانترین شێوە پێشکەش بە خوێنەر کراوە.
دیمەنی سەرەتای ڕۆمانەکە بە کەشی غەمگینی قەڵای فەردەقیان دەست پێ دەکات کە لە لە دەمەو چێشتەنگاوێکی زوودا ئیبن سینا وەک زیندانییەکی دوورخراوە دەچێتە نێو قەڵاکەوە، بەڵام لەوێ، لەنێو قەڵاکەدا وەک زیندانی چو لێ ناکرێت و مامەڵەی خراپی لەتەکدا ناکەن، چونکە بەرلەوەی خۆی وەک دوورخراوەیەک بگاتە ئەوێ. ناو و ناوبانگی وەک پزیشک و فەیلەسووف و زانایەکی گەورە گەیشتووە، هەربۆیە لە نێو ئەو قەڵایەدا بە شێوەیەکی پچپچڕی زەمەنی ئاشنا دەبین بە کۆی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە، کە خۆی لە مێژوویەکی خوێناوی و قۆناغی کارەساتباردا دەبینێتەوە، هاوکات ئەو دید و ڕوانگە جیاوازانەمان دەخاتە پێش چاو، کە میر و پیاوە خانەدانەکان و دەسەڵاتە ئایینییەکان بۆ ئایین هەیانە و ئیبن سینا ڕەخنە لەو دید و بۆچوونە بەرژەوەندخوازیە دەگرێت و بە شێوەی خۆی خوداپەستی دەکات و وێنای ئایین و مانای ئایین و خودا و خوداپەرستی دەکات، ئەوەی لەم ڕۆمانەدا ون نابێت، چەمکی عەشقە لە لای ئیبن سینا، ئەو سێ جار ئەویندار دەبێت و لە هەرسێکیان بە شێوەی جیاواز دووردەکەوێتەوە.
بە کورتی باش نییە لێرەدا کۆی ڕووداو و بەسەرهاتەکان و چیرۆکی ڕۆمانەکە بخەینە پێشچاو، بەڵام دەتوانین بڵێین لەم ڕۆمانەوە زۆر شت فێر دەبین، بە قۆناغگەل و کەسایەتیگەل و ڕووداوگەلێکی مێژوویی ئاشنا دەبین، کە ڕەنگە بۆ زۆربەمان ناوەکان نوێ بن، یاخود هیچ زانیارییەکمان لەسەریان نەبێت، ئەم ڕۆمانە فێرمان دەکات برەو بە خوێنەواری و زانست و ڕۆشنبیری بدەین و قێزمان لە جەنگ و داگیرکاری و خوێنڕشتن بێتەوە، چونکە ئەوەی دواجار وەک شانازییەک بۆ مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بوونی زانست و خوێنەواری و چاکە و دڵپاکییە، نەک دەسەڵات و تەماع و دڵڕەقی.
ئەم ڕۆمانە یەکێکە لە باشترین ڕۆمانەکانی یوسف زێدان و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (جەلیل کاکەوەیس) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوە ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.
ئیبن سینا زانایەکی گەورەی موسوڵمانی فارسی بوو. تەواوی ژیانی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئێران بەسەربردووە، لە بوخارا لەدایکبووە، لەو شوێنەی کە سەرەتایترین خوێندنی تێیدا وەرگرت لەژێر چاودێریی باوکیدا. هەر لەبەر ئەوەی ماڵی باوکی شوێنێک بوو بۆ چاوپێکەوتنی پیاوە ڕۆشنبیرەکان، ئیبن سینا لە سەرەتای منداڵییەوە توانی سوود وەربگرێت لە هاوڕێیەتی کردنی مامۆستا دەرکەوتووەکانی ڕۆژگاری خۆی. منداڵێکی پێگەیشتوو بوو بە بیرێکی دەگمەنەوە، کە بە درێژایی ژیانی پارێزگاری لێکرد و ئەم حاڵەتەش بە ڕوونی لە ڕۆمانەکەدا ڕەنگی داوەتەوە.
ئەمیری دەوڵەتی سامانی (نوح کوڕی مەنسوور) کاتێ عەبدوڵای کردە والی شاری بوخارا، عەبدوڵاش خۆی و خێزانی چوونە ئەوێ کە ئەوکات ئیبن سینا تەمەنی 5 ساڵان بوو، لەوێ لەنێو کۆشکێک لە کۆشکەکانی ئەمیر نوح نیشتەجێ بوون. ئەوکات بوخارا شارێکی زۆر جوان و دڵگیر و کراوە و خۆش بووە، ناسراو بوو بە زۆری بینا و کۆشک و مزگەوت و کێڵگە و باخچەی ڕازاوە.
لەم ڕۆمانەدا دەگهەین بەو یەقینەی کە ئیبن سینا بنیاتی سەرەتاکانی زانستی خۆی لەو کۆشکە دەست پێکرد، بەوەی هەموو شەوێ لە دوای نوێژی عیشا پۆلێک لە زانایان و زمانزانان و فەقیه و قوتابیان لە ماڵی ئەواندا کۆدەبوونەوە، ئاڵوگۆڕ و گفتوگۆی زانستی خۆیان دەکرد لەسەر زانستی زمان و گەردوون و ژیری، کە ئەم جۆرە دانیشتنانە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر بیری ئیبن سینا دانا و هەر لە سەرەتاوە هەوڵی بیرکردنەوە و تێڕامانی دا لەسەر کەسەکان و هەڵسوکەوت و بیریان، هاوکات تێڕابمێنێت لە سروشت و دەوروبەرەکەی و گیانداران و ڕووەک. تاکو کۆمەڵێک پرسیاری لا گەڵاڵە بێت و بە شوێنیاندا عەوداڵ بێت، هەروەها ئەمە هەلێک بوو تاوەکو لەم ڕێگەیەوە بەشێک لەو پرسیارانەی کە مێشکیدا دەهاتن وەڵامەکەیانی دەست بکەوێت و بەمەش بیر و فیکری بەرەو پرسیاری قوڵتر و قوڵتر بڕوات.
ئەوەی یوسف زێدانی لەم ڕۆمانەدا پێداگریی لەسەر کردووە ئەوەیە کە ئیب سینا هەر لە منداڵییەوە زیرەکی و لێهاتوویی خۆی پیشانداوە و لە تەمەنی دە ساڵیدا شارەزایییەکی زۆر باشی لە قورئان و زمانی عەرەبیدا پەیدا کردووە. لە ماوەی شەش ساڵی داهاتوی تەمەنیدا ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ (شەریعەتی ئیسلامی، فەلسەفە، زانستە سروشتییەکان و لۆجیک) بە خوێندنەوەی بەرهەمی فەلسەفییە یۆنانییەکان و موسوڵمانان و سەرچاوەی تری فەلسەفی، دەستی بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی فەلسەفی کردووە. هەروەها بابەتی لۆجیک و چەند بابەتێکی تری جیاوازی لە لای ئەبو عەبدوڵڵا ناتیلا، فەیلەسوفی بەناوبانگی هاوسەردەمی خۆی خوێندووە. لە بابەتی لۆجیکدا بە ڕادەیەک بلیمەت بووە، توانیویەتی ئەو بابەتە بۆ مامۆستاکەی ڕوون بکاتەوە. لە زانستی سروشتی و پزیشکیشدا مامۆستای نەبووە. لە کاتێکدا هێشتا لاو بوو، ئەوەندە شارەزایی لە بابەتی پزیشکیدا پەیدا کردبوو کە ناوبانگی بە هەموو لایەکدا بڵاوبووبویەوە. کاتێک تەمەنی شازدە ساڵ بووە گەلێک لە پزیشکە بە ناوبانگەکان لە ژێر ئاڕاستەی ئەودا کارەکانیان ئەنجامداوە.
لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا توانی چارەسەری نەخۆشییەکی پاشای بوخارا نوح ئیبن مەنسور بکات، نەخۆشییەک بوو کە هەرچی پزیشکە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە بوو لە چارەسەرکردنی بێهیوا بوون. لە دوای چارەسەرەکەی، پاشا ویستی پاداشتی بداتەوە، بەڵام ئەو پزیشکە لاوە هەموو داواکارییەکی ئەوە بوو ڕێگەی پێبدات کتێبخانە تایبەتییەکەی پاشا بەکاربهێنێت کە گەلێک کتێبی زۆر دەگمەن و تایبەتی تێدا بوو.
لە دوای مردنی باوکی، ئەبو عەلی شاری بوخارای بەجێهێشت و ڕووی کردە شاری جورجان و لەوێ شای خەوارزم پێشوازی لێ کرد. لەوێ چاوی کەوت بە ئەبو ڕەیحانی بیرونی کە کەسایەتییەکی بەناوبانگی هاوسەردەمی خۆی بوو. دواتر ڕۆیشت بەرەو ڕەی لە ئێران و لەوێشەوە بەڕێکەوت بۆ شاری هەمەدان، کە لەوێ کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی (یاسا لە پزیشکیدا)ی نووسی. لە هەمەدان توانی چارەسەری نەخۆشییەکی پاشای هەمەدان، شەمس دەولە بکات.
خوێنەر لە خوێندنەوی ئەم ڕۆمانەدا ئاشنا دەبێت بە کۆمەڵێک لایەن و ڕەهەندی جیاوازی مەعریفی و زانستیی ئیبن سینا کە بەناوبانگترین پزیشک و فەیلەسووف و ئینسایکلۆپیدیست و بیرکاریناس و گەردوونناسی سەردەمی خۆی بووە. بەشداری سەرەکی ئیبن سینا لە بواری زانستی پزیشکیدا بریتییە لە کتێبی (القانون في الطب) ئەم کتێبەی لە ساڵی 1025 دا تەواو کردووە، هەروەها ئەم کتێبە پێکهاتووە لە ئینسایکڵۆپیدیایەکی دەرمان، ئەم کتێبە لە سەدەی دوازدەی زایینیدا وەرگێردراوەتە سەر زمانی لاتینی. تاوەکو نزیکەی نیوەی سەدەی پازدەیەمی زایینی ئەم کتێبە پازدە جار بە لاتینی و یەک جاریش بە زمانی عیبری بە چاپ گەیەنراوە. لەم ساڵانەی دواییدا بەشێکی لێ وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئینگلیزی. لە سەدەی دوازدە تا حەڤدە، کتێبی القانون وەک ڕێبەری سەرەکی پزیشکی بەکارهێنراوە، وەک باسیش دەکرێت کاریگەری زۆری کردووەتە سەر لیۆناردۆ داڤینچی.
ئایدیا و بۆچوونە فەلسەفییەکانی ئبین سینا، لە کولتووری ئەرستۆیی و ئایدیای نیۆ ئەفلاتوونییەکان و فەلسەفە و ئایینناسی ئیسلامی پێکهاتووە. هەروەها ئیبن سینا لە بوارەکانی بیرکاری، فیزیا، مۆسیقا و چەند بوارێکی تردا بەشدارییەکی بەرچاو و کاریگەری هەبووە. ژمارەیەک لێکۆڵینەوەی گەردوونناسی ئەنجام داوە و ئامێرێکی وردکاری داهێنا بۆ ئەوەی وردکاری و دەقیقی ئامێری خوێندنەوەکان زیاد بکات.[1]