دەسەڵاتی کوردیی و لایکەکانی فەیسبووک
#پێشڕەو محەمەد#
چ پەیوەندییەک لەم نێوەدا هەیە؟ دوێنێ شەو بەخێرایی ئەم چەند دێڕەم لە فەیسبووک دانا. هەڵبەت فەیسبووک جگە لە ڕیکلامی کتێبەکانم و جاروبار خستنەڕووی هەندێک هەواڵ و شتی زووتێپەڕی ڕۆژانە، هیچ بابەتێکی فیکریی تێدا نانووسم و زۆرجار بابەتە فەیسبووکییەکانم لە ڕۆژنامە و سایتەکاندا بڵاودەکرێنەوە کە فۆرمی نووسینی ڕۆژنامەییشیان نییە چ بگات بە فۆرمی وتار. بابەتی فەیسبووکیی، بابەتی فیکریی و زانستیی و ئەکادیمیی نییە. زۆرجاریش ئەوەی لێرە نووسیومە وەک خۆی کۆپی پەیست کراوە و خەڵکی جۆراوجۆر دایناوەتەوە. جارێک بابەتێکی کورتم بەناوی مارکس و ئایین نووسی، ئەوەندەی ئاگادار بم، شەش کەس هەریەک بەناوی خۆی بردبوویان و لەهەمووی هەزەلیتر یەکێک هاتبوو دەیگوت تۆ لە منت دزیوە.
ئەمانە هیچیان مەبەستی ئەم پۆستە نین، هەرگیز قسەم لەسەر هیچ کەسێک نەکردووە نووسراوە فەیسبووکییەکانی بردووم. باسیشم نەکردووە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجمە لایک و کۆمێنتی هاوفەیسبووکییەکانمە.
واتا: ئایا بۆ مرۆڤی ئێمە هەمووی نابەرپرسانە مامەڵە دەکات و هەمیشەش گلەیی دەکات؟
کاتێک تۆ کارێکی خراپ دەبینیت ئەرکێکی ئەخلاقیی مەزنە ڕووبەڕووی خراپە ببیتەوە نەک پشتیوانیی لێبکەیت.
ڕۆژانە دەبینم بەشێکی زۆری هاوفەیسبووکیانم جوێن بە دەسەڵاتی کوردیی دەدەن، کەچی بە بەردەوامیی لایک و دڵ بۆ هەموو پەیج و کەسایەتییەکانی سەر بە هەمان دەسەڵات دادەنێن.
سەرۆ قادر پۆستێکی کردووە ستایشی مەلا مستەفا دەکات، خەڵکانێکی هێندە زۆر لایکیان بۆ کردووە بگەڕێن بە فەیسبووکیاندا پڕیەتی لە جوێن بە مەلا مستەفا.
کاتێک ئێوە هێندە خەمساردانە، نابەرپرسانە، بێ وردبوونەوە، بە ڕاست و چەپدا، خەریکی لایککردن و کۆمێنت نووسینن، بەبێ بیرکردنەوە، بەبێگومان دەسەڵات باشتر دەتانناسێت و دەشزانێت مامەڵە لەگەڵ کێدا دەکات.
بەدڵنیاییەوە حکومەتی کوردستان خاوەن سەدان کۆمەڵناس و دەروونناسی مووچەخۆرە - کورد و بیانیی - تەواو لەم گەڕەلاوژەیەی کۆمەڵگەی کوردیی تێگەیشتوون بۆیە خەمساردانە ڕۆژانە درێژە بە دەسەڵاتیان دەدەنەوە.
لە ئەڵمانیا یاریزان هەیە لە یانە دوورخراوەتەوە لەبەر ئەوەی لە ئینستاگرام لایکی بۆ پەیجێکی ڕاستڕەو کردووە.
ئەی ئێوە چۆن لەم شتانە تێگەیشتوون؟
کاتێک کەسێک نووسینێک دەدزێت و تۆ لایک و دەستخۆشیی بۆ دەکەیت، و پێشتریش دەستخۆشیت لە خاوەنە یەکەمەکەی کردووە، چۆن ماف بەخۆت دەدەیت باسی گەندەڵیی و دزیی و چەتەیی حکومەتی هەرێم بکەیت؟
زۆربەی هاوفەیسبووکییەکانم جوێن بە کەناڵەکانی ڕووداو دەدەن، کەچی ڕۆژانە خەریکن بەلایکەکانیان باڵانسی ڕووداو بەرزدەکەنەوە. کۆمپانیا تازەکانی پەیوەندیی بەمجۆرە باڵانسیان بەرزدەکەنەوە ئێوە زۆرترین کاردانەوەتان هەبێت بەرانبەریان.
ئەوەی وایکردووە ئەم حکومەت و کولتوور و کۆمەڵگە کوشندەیە بەو مەترسییانەی خۆیەوە بمێنێتەوە، خەمساردیی، بێباکیی، تیۆری (شەلم کوێرم ناپارێزم)، و نابەرپرسیارێتیی ئێوەیە. بەرپرسیارێتیی لە خاڵی بچووکەوە بۆ گەورە دەستپێدەکات. ئێوە کە خۆتان باوەڕتان بە هەڵگرتنی هیچ بەرپرسیارێتییەک نییە، چۆن حکومەتێکی مافیا و گەندەڵ ناچار دەکەن بەرپرس بێت؟[1]