ئەرێ شەڕی ئەمڕۆی میدیای کوردی، خزمەتی کێ دەکات؟
#بەهرە حەمەرەش#
میدیای ئەمڕۆی کوردی/ باشووری کوردستان، پتر گوتاری پروپاگەندە و هەڵخەڵەتاندن لە ڕۆشنبیری و ئاراستەکردن بڵاودەکاتەوە، چونکە بەپێی ئەجێندای تەسک، نەک بۆ ستراتیژی میللەت و نەتەوە خەبات دەکات. لەبەرئەوەشە، کە میدیا نەیتوانیەوە هۆشیاری سیاسی/ کۆمەڵایەتی و ئابووری لە لای تاکی کورد دروست بکات.
میدیای ئەمڕۆی کوردی، لە جیاتی خەڵکی کورد وشیار و ڕۆشنگەر بکات، هەژار و کوێری دەکات، چونکە ئەمڕۆ ڕۆڵی هەرە گرنگ و گەورە میدیا دەیبینێت، میدیا نەک تەنیا باسی وێنە دەکات، بەڵکو خۆی وێنەکان دروست دەکات. هەروەها میدیا نەک تەنیا باسی ڕووداوەکان دەکات، بەڵکو ڕووداوەکانیش دروست دەکات.
ئەم ڕەوشە، سنوری لە نێوان ڕیالیست و خەیاڵ خستووەتە بەر گومان. مرۆڤ دەتوانێت ناو لە میدیای ئەمڕۆ بنێت پروپاگەندەی خۆکوژی، چونکە هۆشمەندی مرۆڤی کورد بە هزرێکی مەبەستدار سنوردار دەکرێت. ئیتر لە جیاتی دەرگای جیاواز لە هزر بکاتەوە، ڕێگا بۆ کلتوری تۆڵەسەندن خۆش دەکات. بەم واتایە، میدیا لەم دەڤەرەیەدا، گوتاری خۆی وەک ئایدیۆلۆژیای هەڵخەڵەتاندن بۆ خەڵکی کورد دەگوازرێتەوە.
بەداخەوە ئەم جۆرە میدیایە، بە هۆشمەندی تۆڵەسەندنەوە خەبات دەکات. ئیتر هەبوونی ئەم جۆرە لە میدیای کوردی، لەسەر بنەمای گوتار و ئاراستەکردن دروست نەبووە، بەڵکو بۆ تۆڵەسەندنەوە و لەناوبردنی یەکتر بووە! ئەم ئەگەرانە وایکردووە، کە ئەم جۆرە میدیایە نەبێتە ئاوێنەی کۆمەڵگا، بەڵکو پتر بکەوێتە خزمەتی ڕق و تۆڵەسەندنەوە! بەداخەوە ئەمڕۆ میدیای کوردی، بووەتە ناونیشانی گرفتەکان، چونکە کلتوری ڕق و دژبەری بڵاو دەکاتەوە. ئەم جۆرە میدیایە، لەسەر گرفت و قەیرانەکان دەژیت و ڕوومەتی خۆیان لە سایەی ڕۆشنبیر و ڕاگەیاندن سپی دەکەنەوە.
ئەم شەڕی دۆنکیشۆتی میدیای کوردی، ڕۆشنبیر و میدیاکاری فیتنەکار و عەقڵیەتی تۆڵەسەندنەوەی سەردەستکردووە. لەبەرئەوە مەترسیدارترین شەڕی براکوژی، شەڕی گەلەری هزریە، چونکە زۆربەی جار نوسەر و ڕاگەیاندنکار، ئاگری شەڕی براکوژی گەرم دەکەن، کە لە ئەنجامدا دەکەوێتە بواری تیرۆری هزری و کەسایەتی.
بە کورتی، دەبێت هەموو لایەک دەسەڵاتدارانی کورد وشیار بکاتەوە، چونکە خەریکە دوژمنانی کورد لە پارچەبوونی کوردستان تێر دەبن، بەڵام بەردەوامی ئەم جۆرە میدیایە، دیسان کوردستان بەرەو پارچە پارچەبوون دەبات![1]