مرۆڤبوون دۆخێکی مەترسیدارە
#حسێن لەتیف#
1-جۆرێک لە مەیموون هەبوون، لە دۆخی مەیموونی بێزاربوون، بوون بە مرۆڤ.
مرۆڤیش هەرکات لە دۆخی مرۆڤبوون بێزاربوو، عاشق دەبێت، عاشقی بوون دەبێت، بوون بە هەموو ڕەهەند وقوڵاییەکانیەوە. جۆرێک لە مرۆڤ هێشتا عاشقبوون بە سک و زاو نەوەخستنەوە تێدەگەن، بە سێکس تێدەگەن، ئەم جۆرە هەر مەیموونە، بەڵام بە ڤێرژنی شاری نەک دارستان.
2-ئەوانەی مەیموونیان لە دارستانەوە هێنایە شار، ئەوکەسانەبوون ویستیان باڵابوونی خۆیان بەسەر ئاژەڵدا بسەلمێنن، بەڵام نەیانزانی ئەوەی هێناویانە و لە قەفەسێکدا بەندیانکردووە، باوانی خۆیانە، ئەوەتا مەیموونەکان لەو دیوی شیشەبەندەکانەوە، ئەمان دڵخۆش دەکەن.
3-کاتێک پزیشکە دەروونییەکان توانای چارەسەرکردنی نەخۆشەکانیان وەک پێویست نییە، پێیان دەڵێن:(هەفتانە سەردانی باخچەی ئاژەڵان بکە)، ئەمە مەیلی مرۆڤە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی مەیموونی.
4-مرۆڤ دۆخێکە لە نێوان عاشقبوون و مەیموون بووندا، عاشقبوون هەڵکشان نییە، بەڵکو تەرزکوتانە بە هەموو بووندا، لەناو دەریا و ئاسمان و هەسارەکان و لەرینەوەی گەڵا و گوڵدا شتێک لەڕۆحی عاشقان هەیە.
5-عاشقبوون واتە جێکردنەوەی هەموو بوون لەخۆتدا، وەکو تریش دابەشکردنی خۆت بەسەر بووندا.
6-مرۆڤ شیبکرێتەوە بڕێک چەوری و ئاسن و خوێیە، عاشق شیبکرێتەوە وزە و ڕۆشناییە.
7-مرۆڤ مەبە،
عاشقبە گەر توانیت.
8-عاشق بوون واتە گۆڕینی ئەو هەموو کانزایەی لە لەشتایە بۆ وزە، گۆڕینی ئەو هەموو ڕق و توڕەییەی لەتۆدایە بۆ کیمیای ئەڤین.
9-ئەوانەی لە دۆخی مرۆڤبوون بێزارن کۆجیتۆیەکی لەم جۆرەیان هەیە(من مرۆڤم، کەواتە من لە مەترسیدام) یان دەبێت ببمەوە بە مەیموون یان دەبێت عاشق بم. وەی لەحاڵی ئەوکەسەی ساتمەیەک دەکات، خۆش لەحاڵی ئەو کەسەی عاشق دەبێت. واتە ئاوێزانی بوون دەبێت
10-مرۆڤبوون لەوە زیاتر خەساردانە لە خۆت.
11-بەزەییش خەساردانە لە ئەویتر. تۆ ناتوانیت هێزی فڕین بەکەس ببەخشیت، بەدیار ئێوارە ساردەکانیشیەوە دامەنیشە، بە دوای ئەستێرەی خۆتدا بڕۆ گەر عاشقیت.[1]