دەستدرێژی سێکسی و پەیوەندی ئارەزومەندانە
#پەیمان عیزەدین#
تێکەڵیەکی زۆر هەیە لەنێوان دەستدرێژی سێکسی و تاوانی ئابڕوبەرانە و پەیوەندی سێکسی ئارەزومەندانە.
لە ڕوداوی جیاجیادا کە تایبەت بن بە پەیوەندیی سێکسی دەرەوەی هاوسەرگیری، بەبێ زانینی هۆکار و زەمینەی ئەو پەیوەندیە حوکمەکان دابەشئەبن بەسەر تاوانبارکردنی ژنەکە یان پیاوەکە، بەداخەوە بەشی زۆری حوکمەکانیش بەئاڕاستەی تاوانبارکردنی ژنەکەیە بەو پێیەی کە بەردەوام خەتاباری سەرەکی لەو تاوانانەدا ژنە چونکە بەپێی تێگەیشتنی زاڵ ئەگەر ژنان، خۆیان حەزنەکەن کەس ناتوانێ دەستدرێژیان بکاتە سەر، ئیتر لەوبەینەدا ڕۆڵی پیاوەکە بزر ئەبێت وەک ئەوەی بە تۆپزی دەستدرێژیەکەیان پێکردبێ.
لەگەڵ ئەم هەڵە و ناڕەواییە لە حکومدان هێشتا هەڵە تێگەیشتنێکی گەورە هەیە لە نێوان کرداری سێکسی ئارەزومەندانە و دەستدرێژی سێکسی یا تاوانە ئابڕوبەرەکان.
قانونی عیراقی چۆن ئەمانەی لەیەک جیاکردۆتەوە ؟
1-ئەو کرداروپەیوەندییە سێکسیانەی لەنێوان نێر و مێ یان نێر و نێرێکی کامڵ واتە سەرو هەژدە ساڵ ڕودەدەن و بە ڕەزامەندی و ئارەزوی هەردوکیان بە مەرجێک خێزاندارنەبن، ئەوا بە تاوان حساب ناکرێت و هیچ مادەیەکی قانونی نیە سزای بۆ ئەو پەیوەندیە دانابێت چونکە لە بنچینەدا کە ئارەزومەندانە بێت لایەنی سکاڵاکار بونی نیە.
2-ئەو کرداروپەیوەندییە سێکسیانەی لەنێوان نێر و مێ یان نێر و نێرێکی کامڵ واتە سەرو هەژدە ساڵ ڕودەدەن و بەبێ ڕەزامەندی و ئارەزوی یەکێکیان لە ماددەی 393 ی یاسای سزادانی عیراقیدا بە دەستدرێژی سێکسی(الإغتصاب) دانراوە و سزاکەی زیندانیکردنی هەتەهەتاییە.
ئەم سزایە توندتر ئەبێ واتە ئەبێ بە لە سێدارەدان لە چەند حاڵەتێکدا.
-ئەگەر ئەوەی دەستدرێژیەکەی کراوەتە سەر نەگەیشتبوە تەمەنی 18 ساڵیی.
-ئەگەر تاوان لەسەرکراو خزمی پلە یەک و دوو و سێی تۆمەتباربوو یان یەکێک بوو لەوانەی کە تۆمەنبار ئەرکی پەروەردەکردنی گرتبێتە ئەستۆ یان کاری بۆ تاوانبار کردبێ.
-ئەگەرتۆمەتبارفەرمەنبەر یا ڕسپێردراوبێ بە وەزیفەیەکی گشتی یا لە پیاوانی ئاینیی بێ یا پزیشک بێ وئیستغلالی پێگە و پیشە ومتمانەی خەڵکیان کردبێ.
-ئەگەرلە کەسێک زیاتر بون ئەوانەی دەستدرێژیەکەیان کردووە.
3-خەڵەتاندن بە بیانوی هاوسەرگیری یەکێکی ترە لەو حاڵەتانەی یاسای سزادانی عیراقی باسی کردوە و لە ماددەی 395 دا و ئەڵێ هەر کەسێ کچێک بخەڵەتێنێ بەبیانوی هاوسەرگیری و کچەکە 18 ساڵی تەواو کردبێ و سەرجێی لەگەڵ بکات و دواتر پەشیمان بێتەوە ئەوا سزا ئەدرێت بە بەندکرن واتە بۆ ماوەیەکە کە لە 5 ساڵ تێپەڕ ناکات.
4-دەربارەی تاوانە ئابڕوبەرەکانیش کە هەموو ئەو کردەوانە ئەگرێتەوە کە ئابڕوی کەسێکی پێئەبرێت لە ماددەی 396 دا هاتوەو ئەڵێ ئەگەر ئەو تاوانە بەرامبەر کەسێک کرا لە ڕێی بەکارهێنانی هەڕەشە یا فێڵکردن یا هێز یا هەر شێوازێکی تر ئەوا سزا ئەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کەلە 7 ساڵ زیاتر نەبێ یان بەندکردنی.
ئەگەر تاوانەکە بەرامبەر کەسێک ئەنجام درا کە نەگەیشتبوە تەمەنی 18 ساڵیی ئەوا سزاکەی ئەبێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت.
بەڵام لەهەموو حەڵەتەکاندا بە نیسبەت ئەوانەی 18 ساڵی تەمەنیان تەواو کردوە و یەکێک لەو تاوانانەیان بەرامبەر ئەکرێت ئەگەر خۆیان سکاڵایان نەبێ کەس ناتوانێ لەبری ئەوان سکاڵا بکات، هەروەها ئەوانەش کە تەمەنیان خوار 18 ساڵە ئەگەر بەخێوکارەکانیان سکاڵایان نەبێ دیسان کەس ناتوانێ سکاڵا بکات چونکە ئەمانە بەپێی یاسا تەنیا تاوان لەسەر کراو یان ئەوەی سەرپەرشتیان ئەکات مافی سکاڵاکردنی هەیە.
ئەسڵی کێشەکەش لێرەوە دەست پێئەکات کاتێک ژنێک یان کچێک ڕوبەڕوی ئەو تاوانانە ئەبێتەوە زەحمەتە بتوانێ یا بوێرێ لای خێزانەکەشی باسی بکات جا چجای ئەوەی سکاڵا تۆماربکات.
ئێمە ڕاست ناکەین و خۆمان ئەخەڵەتێنین ئەگەر پێمان وابێ لەم هەرێمەی ئێمەدا دەستدرێژی کردنە سەر کچ و کوڕ نیە یا لەو خەیاڵە خۆشەدا بین کە هەموو مەلاوقەشەکان نوێنەری خوان لەسەر زەوی و پزیشک و دادوەر و مامۆستا و پارێزەر، وەک دایک و خوشک و مناڵی خۆیان سەیری ئەو ژن و کچ و کوڕانە ئەکەن کە ئیشیان تێیان ئەکەوێت.
بەڵام لەگەڵ ئەو ڕاستیە حاشاهەڵنەگرانەشدا ئەگەر ژنێک چوە لای پزیشکێک و پزیشکەکە دەستی بۆبرد، ئەگەر مامۆستایەکی تایبەت بەناوی گاڵتەوە ڕومەتی خوێندکارە کچ و کوڕەکانی گرت، ئەگەر ڕاهێنەرەکە خۆی بە فێرخوازەکانیەوە نوساند، ئەگەر مامۆستایەکی ئاینی بەناوی خێر و چاکە وە کچ و فەقێکانی خەڵەتاند، کۆمەڵگا بڕوا بە کێیان ئەکات؟؟
بە تایبەت ئەگەر تاوان لەسەرکراوەکە مێینە بێ ؟
هەمومان گوێمان لەوەبوە ئەگەر خۆی جلی ڕوتی لەبەر نەکردایە وای لێنەئەهات، قابیلی لەوە زیاترە بۆ وا خۆی ئەڕازێنێتەوە، بۆ قبوڵی کرد و شکاتی نەکرد.
لە هەموو حاڵەتەکانیشدا سکاڵا بکات یان بێدەنگی هەڵبژێرێت، دواجار و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا مێینەکەیە کە باج ئەدات.
بێگومان حاڵەتی واش هەیە کە ژن هەوڵئەدات پیاو لە خشتە ببات و لەدوای دروستبونی پەیوەندیەکە وای پیشان ئەدات کە دەستدرێژی کراوەتە سەر بەڵام ئەمە لەچاو حاڵەتی هەراسانکردنی ژنان و کچاندا کەمینەیە.
ئەگەر ئێمە بمانەوێ چارەسەر بۆ ئەم حاڵەتانە بدۆزینەوە ئەبێ خێزان پشتیوانی مێینەکانی بێ بۆ دەستبەردارنەبونی مافەکانیان، لەبەر هیچ و لەترسی هێچ شتێک دودڵ نەبێ لە سکاڵا کردن.
ئەبێت فێر ببین تاوانبارو قوربانیی وەک یەک سەیر نەکەین، بەرپرسێک، مامۆستایەک، دادوەرێک، پزیشکێک، خراپ جێگە و پێگەی خۆی بەکاردێنێ وکچان و ژنان ئەخەڵەتێنێ، خەتابار خەڵەتێنراوەکە نیە.
خەتابار ئەو کەسەیە کە دەسەڵاتی خۆی یان کەسوکاری بەکاردێنێ بۆ ئارەزوەکانی خۆی، ئەوکەسەیە کە ئیستیغلالی خاڵی لاوازی نەخۆشەکەی، خوێندکارەکەی، بریگرتەکەی ئەکات و بەلارێیدا ئەبات، بابەتەکە ئەوەندەی پەیوەندیدارە بە هەق و ناهەقەوە، ئەوەندە پەیوەندی بە نێر و مێیەوە نیە ئەگەر ویژدانمان هەبێت.[1]