لەکیسدانی خود لە سیستمدا
#پۆڵا سەعید#
سەرنجی مرۆڤ بە گشتیی لە جیهاندا لەسەر چۆنیەتیی چۆنایەتیی سیستمی حکومڕانییە. بەڵام دەگمەنن ئەو مرۆڤانەی سەرنج لە هەموو شتێک لە ژیاندا دەدەن، کە دەبنە بەشێک لە نابەختەوەری و بەختەوەرییان. لە باشووری کوردستان خەتای هەموو شت دەخرێتە ئەستۆی حکومەت. ئەگەر باڵندەیەکمان مرداربێتەوە، باڵندەیەکمان یان ئاژەڵێکمان پشیلە بیخوات، گورگ بیخوات، سەگێک گاز لە منداڵێکمان بگرێت، خوشکێکمان، برایەکمان، کچێکمان یان کوڕێکمان لە بەلەمێکدا لە دەریادا لەسەر ڕیگەی گەیشتن بە وڵاتێکی ئەوروپا نقووم ببێت و بخنکێت، ئەوا خەتاکەی دەخەینە ئەستۆی حکومەت. ئەگەر تەرمەکەیمان بۆ نەهێندرێتەوە، ئەوا خەتاکەی دەخەینە ئەستۆی حکومەت. خوشکێک بە دەستی برایەک دەکوژرێت، ژنێک بە دەستی مێردەکەی، کچێک بە دەستی باوکی دەکوژرێت و خەتاکەی دەخەینە ئەستۆی حکومەت.
سەرەتا با لەوەوە دەستپێبکەین و بپرسین، ئاخۆ کێ و چی لەپێش کێ و لەپێش چیتره؟ حکومەت دواقۆناغی گەشە و کۆمەڵەیەکی هەرەوەزییە. چۆنیەتیی و چلۆنایەتیی ژیان لە کۆمەڵەیەکی هەرەوەزییەوە دەگوازرێتەوە بۆ حکومەت، بۆ پاراستنی و بۆ گەشەپێدانی. بیهێنە پێش چاوی خۆت، تۆ و ژنەکەت یەکەمین دوو تاکی کورد بوون لە دەڤەرێکی کوردستاندا لە مێژوودا. ئێوە وەک دایک و باوک خێزانێکن. ساڵی منداڵێکتان دەبێت. لەدوای پانزدە ساڵی یەکەم دووان لە کچ و کوڕەکانتان ئەوانیش دەبنە دایک و باوک و ساڵانە منداڵێکیان دەبێت. هێندە نازانیت، منداڵەکانی تریش گەیشتوونەتە ئەوەی، کە توانای منداڵ خستنەوەیان هەبێت، ئەوانیش هەر خوشک و برایە و پێکەوە جووت دەبن و دەبنە خێزانێکی نوێ. لەدوای نزیکەی سی بۆ چل ساڵ، هەموو پێکەوە دەبنە هۆزێکی گەورە. لێ لەدوای شەست حەفتا ساڵێک هەموو پێکەوە دەبنە تیرەیەک. لە دەڤەرێکی تریشدا دوو تاکی تر، یەکەمین دوو تاکی دەڤەرێکن، کە ئەوانیش لەدوای هەمان ماوە تیرەیەکی گەورەیان بەرهەمهێناوە. لە چەند دەڤەرێکی تریشدا، هەمان پرۆسە دووبارە دەبنەوە. لەدوای چەند سەد ساڵێک لە هە موو بەرەکان چەند ئێلێک بەرهەمدێت. دواجار کۆی ئەم ئێلانە دوای ئەزموونی دوژمنایەتیی و شەڕ و پێکدادان لەیەکتریی نزیک دەبنەوە و ڕێکدەکەون لەسەر ئەوەی، کە پێکەوە بژیین و ببنە نەتەوەیەک. هەموو کۆکن لەسەر ئەوەی، کە سیستمێکی ژیان بۆ هەموو پێکەوە بەرهەمبهێنن. ئیدی لێرەوە، خوشک و برا بۆیان نییە، لەگەڵ یەکترییدا سێکسوال ئەکتیڤ بن، ئیدی لێرەوە کۆمەڵێک سیستم بەرهەمدێت، کە تاکەکانی کۆمەڵ لەسەری کۆک بن.
لێ ڕۆژێک دادێت، کۆیەکی تر، نەتەوەیەکی تر، دەدات بەسەر ئەم خاکەدا و داگیری دەکات، بۆ نموونە هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان بە گشتی. لێرەوە سەرلەبەری سیستمە کۆنەکە هەڵدەوەشێنرێتەوە و سیستمێکی نوێ دادەڕێژرێت، کە سیستێمێکی نامۆیە بە خاکەکە. لە ڕێگەی توندوتیژییەوە، ئەم سیستمە دەسەپێنرێت. لەدوای چەند سەد ساڵێک، کاتێک هەموو پیرەکان مردوون و ئەو نەوانەشی، کە پیرەکان پەروەردەیان کردوون یان لاوازن یان ئەوانیش باوەڕ بە سیستمە کۆنەکە لەدەست دەدەن و تەنانەت یان زمانی عەرەبییش بە زمانی یەکەمی خۆیان دەزانن، یان هەر فێری زمانی کوردییش نەبوون. بە تێپەڕبوونی کات، کێشەکان تەنها لە سیستمێکی ئایینییدا نین، بەڵکوو ئەم خاکە تووشی گرفتی تریش دەبێت، کە ئەمڕۆ بە دەستیەوە دەناڵێنین، ئەویش سەپاندنی سیستمێکی ژیانی تورکیی، عەرەبیی و فارسییە. ئەمڕۆ ئەوەین، کە هەین، پرسیار لێرەدا ئەوەیه: هەتا چەند و کوێ، ئێمە خۆمانین وەک کورد؟
لەلای من هەموو گرۆ و پارتێکی ئیسلامیی کوردیی، بوونەوەرێکی نامۆن بە کورد. لێ بە زمانی کوردی درێژە بە داگیرکردنی کوردستان دەدەن. کێشەکە لێرەدا ئەوەیە، لەکیسدانی خودێتیی ئەمانە، ئەمانەی کردووە بە دوژمن. دوژمنێک کە هاوشێوەی سەرەتاکانی هاتنی ئیسلام، دەیەوێت خودێتیی لە تاک و کۆی کورد زەوت بکات و بیکات بە بوونێکی تر. بوونێک، کە حەیا و حورمەتی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و دەیکات بە بیانگەیەک بۆ ڕەواییپێدانی کوشتن. دواجار چەند تێکۆشان دژ بە داگیرکاریی تورکیی، فارسیی و عەرەبیی پێویستە، هێندەش تێکۆشان دژ بە پارتە ئیسلامییەکانی کوردستان پێویستە.[1]