مێژووی جووەکانی عیراق لە ڕۆمانێکدا
#ئەردەڵان عەبدوڵڵا#
لەماوەی پێشوودا ڕۆمانی (قورخوێن)م خوێندەوە، کە نووسینی ڕۆماننووسی عیراقی حەسەن فالحە، دانا عەسکەر لەعەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردیی و ناوەندی فێربوون چاپی کردووە.
ئەم ڕۆمانە چ لە ڕووی ناوەڕۆک و چ لە ڕووی تەکنیکی نووسینەوە، مایەی سەرنج و تێڕامانم بوو، دیارە ئەمەش دوو ڕەگەزی گرنگن بۆ ئەوەی ڕۆمانێک بەلای خوێنەرەوە مایەی گرنگی پێدان بێت و چێژ لە خوێندنەوەی ببینێت. نووسەر لەم ڕۆمانەدا، باسی کۆمەڵێک بابەتی سیاسیی، مێژوویی، فیکریی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی عیراقی کردووە، لەهەمووشی گرنگتر توانیویەتی بەپێی قۆناغە مێژووییەکان، قەڵەمەکەی بکاتە کەشتییەکی ئەفسووناویی و بەناو مێژووی عیراقدا بگەڕێت و بتوانێت وەسفێکی تایبەتی ژیانی خەڵکی عیراق لە قۆناغە جیاوازەکان بکات. لەم ڕۆمانەدا (بیرەوەریی، مێژوو) دەبنە ماتڕیاڵێکی سەرەکی ڕۆمانەکە، ئەمەش دەتوانم بڵێم بۆتە سیمایەکی سەرەکی ڕۆمانی نوێی عیراقی. لێرەدا هەوڵ دەدەم تیشکێکی خێرا بخەمە سەر ئەم ڕۆمانە.
$ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە$
ئەم ڕۆمانە یەکێکە لە ڕۆمانە جوانەکانی نەوەی نوێی ڕۆماننووسانی عیراق، نووسەر هەوڵیداوە باسی سێ قۆناغی مێژوویی گرنگی عیراق بکات، سەرەتا ساڵانی نەوەدەکان، ئەمەش لە ڕێگەی باسکردنی کۆمەڵێک کەس، کە لە خانوویەکی کۆنی گەڕەکی بەتاوینی بەغدا دەژین، کە یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی بەغدا. پاشان لەرێگەی باسکردنی مێژوویی گەڕەکەکە و دواتریش خانوەکەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی چلەکان و ڕووداوی فەرهود و پەلاماردانی جوەکانی عیراق، دواتریش لەرێگەی خدرۆ کۆهینی خاوەنی پێشووی خانووەکەوە، کە مامۆستایەکی جووی عیراقی بووەو لە ساڵانی بیست و سییەکاندا لەم خانووەدا ژیاوە، نووسەر دەمانگەڕێنێتەوە بۆ باشووری عیراق و سەردەمی کۆنی سۆمەری. دواتریش فازیل شوکر دەبێتە خاوەنی ئەم خانووە.
لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکاندا، خانووەکەی فازیل شوکر دەبێتە لانکەیەکی باش بۆ کۆمەڵێک کەسی بێلانە، کە هەریەکەیان پیشەیەیەکیان هەیە و هەریەکەشیان لە شوێنێکەوە هاتووە. (کامیلا) ژنە لەشفرۆشێکە، کە لە خانەکەدا دەژی، لەبەرئەوەی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ پیاوانی دەزگا ئەمنییەکان هەیە، فازیل شوکر ناتوانێت هیچی لەگەڵدا بڵێت و لە خانەکە دەریبکات. کامیلا شەو و ڕۆژ، لەگەڵ دۆست و خۆشەویستەکانیدا ڕادەبوێرێت.
لە خانەکەدا سێ پیاوی تر دەژین کە ئەوانیش (ستار جودی، حەمید شەبانە، موحسین سەقافە). ستار جودی، پێشتر پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی خوێندووە، تابلۆکێش بووە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ژیانەوە، ناچار دەبێت دەستبکات بە (ساختەکردنی) پاسپۆرت و ناسنامە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت وڵات بەجێبهێڵن و بچنە هەندەران. حەمید شەبانە ئەمیش سەربازێکی هەڵهاتووە لە باشووری عیراقەوە هاتووە، لەکاتی جەنگی کوێت وەکو دیل دەگیرێت، پاشان هەموو بنەماڵەکەی وا هەست دەکەن مردووە یان وڵاتی جێهێشتووە، ئەویش لەترسی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت ناوێرێت بگەڕێتەوە شارەکەی خۆی، بەدزییەوە لە خانەکەی فازیل شوکر دەژی و خەریکی پێڵاو بۆیەکردنە لە بەغدا.
کەسێکی تریش موحسین سەقافەیە، کە ئەمیش مامۆستایەکی زمانی عەرەبی بووە، لە دێهاتەکانی شاری عەمارە لە باشووری عیراقەوە هاتووە، کاتی خۆی خەریکی وانە وتنەوە بووە لە گوندەکاندا، بەڵام کە ڕاپەڕینی 1991 ڕوو دەدات، ئەمیش بەشداری دەکات، دواتر لەترسی دەستگیرکردنی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە، عەمارە بەجێدەهێڵێت لە خانەکەی فازیل شوکر لەگەڵ ستار و حەمیددا دەژی. ئەمیش شەوان لە یەکێک لە سینەمەکانی بەغدا کار دەکات. بەڵام موحسین کەسێکی هۆشیارەو حەزی بە خوێندنەوەیە بەتایبەتی مێژووی کۆنی عیراق، نووسەر هەر ئەم پاڵەوانەشی دەکاتە کلیلێک بۆئەوەی هەموو دەرگاکانی ڕۆمانەکەی پێ بکاتەوە.
بە ڕێکەوت موحسین لە ژێرزەمینەکەی خانەکەدا، چاوی بە کتێبی یادەوەرییەکانی خدرۆ ئەفەندی دەکەوێت، کە مامۆستایەکی جووی عیراقی بووە، لە ساڵانی بیست و سییەکاندا لەم خانوەدا ژیاوە، ئەمیش مامۆستای زمانی عەرەبی بووە، لێرەوە لەرێگەی خوێندنەوەی یادەوەرییەکانی خدرۆ ئەفندییەوە، نووسەر باسی شێوازی ژیان و تراژیدیای جووەکانی عیراقمان بۆ دەکات بەتایبەتی چۆنێتی پەلاماردان و فەرهودکردنی ماڵ و سامانیان لەلایەن خەڵک و حکومەتەوە لە ساڵانی سیی و چلەکانی سەدەی پێشوودا. جگە لەوەش باسی شێوازی ژیان و ئایین و نەریتی جووەکانی عیراقیشی بە وردی کردووە، لەمەشدا نووسەر شارەزایی باشی لەمبارەیەوە هەبووە.
خدرۆ مامۆستای زمانی عەرەبی دەبێت، لە کۆتاییەکانی ساڵی چلەکاندا دەکرێتە مامۆستا لە یەکێک لە گوندەکانی شاری عەمارە، لەوێش کۆمەڵێک کەسایەتی دەناسێت و دەچێتە ناوچەی هۆڕەکانی عیراق، کە بەبڕوای زۆر کەس ئەم ناوچەیە بنکە و لانکەی شارستانی سۆمەری بووە.
لێرەش پەیوەندی لەگەڵ ماڵی جابر ئەلحەسەن دەبەستێت، بەتایبەتیش لەگەڵ (بسمایە)ی دایکی جابر، پەیوەندیی تایبەتی دەبێت، کە ئەمیش ژنێکی بەتەمەنە و وەکو داپیرەی گوندەکە وایە و هەموو کەس ڕێزی لێدەگرن. ئەمیش ڕێگەی ماڵە ئەفسوناویەکەی ئەلعەزیزەی پێ پیشان دەدات. کە ئەمیش شوێنێکی ئەفسووناوییە و زۆرکەسی ناوچەکە ناوێرن نزیکی بکەونەوە. بەڵام خدرۆ کۆهین یان خدرۆ ئەفەندی، نزیک دەبێتەوەو پاشان دەچێتە ماڵی ئەلعەزیزەیە، لێرەش تێکەڵی ژیانێکی تر و جیهانێکی تر دەبێت، کە تەواو جیاوازە لەو جیهانەی کە تێیدا دەژی. نووسەر بەشێوەیەکی فەنتازی هاتووە باسی ژیانی شارستانی سۆمەری دەکات، کە دایکە ئەلعەزیزە وەکو پادشای ئەو مەملەکەتە ئەفسووناویەیە کە خدرۆ کەشفی دەکات. ماوەیەک لەوێ دەمێنێتەوە داوای لێدەکەن کە ببێتە مامۆستا لەلایان، لێرەشەوە دایە ئەلعەزیزەیە ناوی دەنێت (قورخوێن) چونکە خوێندەواری هەیە دەتوانێت بەزمانی کۆنی سۆمەری کە بزمارییە بخوێنێتەوەو بنووسێت، ناوی ڕۆمانەکەش لێرەوە هاتووە.
پاشان دووبارە نووسەر یاری خۆی بە زەمەن دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەتەکان، دووبارە باسی خانەکە دەکات، کە چۆن بەهۆی کۆنییەوە لەکۆتاییدا دەروخێت، هەموو یادوەرییەکانی خدرۆ ئەفەندیش لەناو دەچێت. هەرچەندە ژنەکەی (لەیلا) بە شێوەیەکی نهێنی لەبەغدا دەمێنێتەوە هەر چاوەڕوانی خدرۆی مێردی دەکات کە ماوەی چەندین ساڵە هەواڵی نازانێت، ئەو هیواخوازە لە ڕێگەی موحسین سەقافەوە هەواڵی بزانێت. لەکۆتاییدا موحسین ئەوەی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە خدرۆ بەشێوەیەکی فەنتازی لەلای مەملەکەتەکەی ئەلعەزیزە ماوەتەوە لەوێ دەژی. کۆتایی ڕۆمانەکەش ستار جودی لە یەکێک لە هۆتێلەکانی بەغدا دەژی، ماوەی سێ ڕۆژە کەس هەواڵی نازانێت و مردووە، لەپاش بۆگەنبوونی جەستەکەی، ئینجا دەچنە ژوورەکەیەوە، لە ژوورەکەشیدا، کۆمەڵێک دەستنووس دەدۆزنەوە بە ناوی (قور خوێن). ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی ئەم ڕۆمانە.
$تەکنیکی نووسین$
ئەوەی مایەی خۆشحاڵیی و خاڵی بەهێزی بەم ڕۆمانە بەخشیوە، تەکنیکی نووسینەکەیەتی. نووسەر جۆرە تەکنیکی زۆر جوانی بەکارهێناوە بۆ نووسینی ڕۆمانەکەی، بەشێوەیەکی ئێجگار سەیر و زیرەکانە یاری بە (زەمەن و شوێن) دەکات، ئەمەش لەرێگەی دروستکردنی چەند پاڵەوانەوە کە هەریەکەیان حیکایەتی خۆی هەیە. هەر بەشە و باسی قۆناغێکی مێژوویی دەکات، ئەمەش لەرێگەی بەکارهێنانی ڕەگەزی (فلاش باک) کە زۆر شارەزاییە تێیدا. جگە لەوەش نووسەر لەرێگەی بەکارهێنانی میتۆدی (ماگی ڕیالیزم، ڕیالیزمی ئەفسووناوییەوە)ەوە، هێندەی تر ڕۆمانەکەی جوانتر کردووە. ئەم تەکنیکەش ئاسان نییە کەم نووسەر پێی دەوێرن، بەڵام ئەگەر نووسەرێکێش بەکاریبهێنێت و سەرکەوتووبێت تێیدا، دەبێتە مایەی چێژبەخشین بە خوێنەر. جگە لەوەش نووسەر زۆر بەباشی توانیویەتی وەسفێکی گشتی ڕەوشی عیراق بکات و پاڵەوانەکانیشی لەناو ئەو ڕەوشە گشتییەدا زۆر بە جوانی دروستکردووە.
$سەرنج لەبارەی وەرگێڕانەکەوە$
بەگشتی وەرگێڕانی شاری کەرکووک، شارەزایی باشیان لە زمانی عەرەبی هەیە، هەربۆیە من زۆربەی جار کە کتێبێک لە زمانی عەرەبییەوە کرابێت بە کوردی هی وەرگێڕانی کەرکووکی دەخوێنمەوە، چونکە ئەوان زیاتر بەسەر زمانی عەرەبیدا زاڵن. کاک داناش سەرکەوتووبووە لە وەرگێڕانی دەقە عەرەبییەکە، بەڵام لەهەندێک شوێندا چەند سەرنجێکم هەبوو، یەکێکیش لەو وشانەی کە زۆر لەم ڕۆمانەدا بەکاردێت، (زمانی بزماری)، نووسەر هەندێکجار دەنووسێت (زمانی بسماری، بزماری) لەسەر یەک وشە ساخ نەبۆتەوە.
لەلاپەڕە 54 دا کاتێک باسی ژیانی خدرۆ ئەفەندی دەکات دەڵێت: لە قوتابخانەی ئەلیانیس خوێندۆیەتی لە ساڵی 1964 دامەزراوە کەسێک بەڕێوەی دەبرد ناوی (جۆزێف ڕۆزڤێلد) بوو. ل 54، هەست دەکەم ئەم مێژووە هەڵە بێت، چونکە ئەو باسی ساڵانی بیست و سییەکان دەکات.
$دوا قسە$
بەدڵنیاییەوە ئەم ڕۆمانەش یەکێکە لە ڕۆمانە جوانەکانی نەوەی نوێی نووسەرانی عیراق، کە بەشێوەیەکی ئەدەبی بەرز، باسی تراژیدیاکانی گەلانی عیراق دەکات.[1]