ناونیشانی پەڕتووک: هەڵبژاردن ئاسۆی هێمنیی حوکمڕانی
ناوی نووسەر: #هاوار محەمەد یوسف#
چاپخانە: ئەحمەدی خانێ
ساڵی چاپ: 2021
ژمارەی چاپ: یەکەم
نووسەر ئه و کتێبەی بەسەر 9 دەروازەدا دابەشکردووە و هەرچەند تەواوی ناوەڕۆکی کتێبەکە تایبەتە بە پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام ڕەهەندەکانی بە جیا شرۆڤە کردووە و لە هەر دەروازەیەک بە وردی تیشکی خستووەتە سەر یەکێک لە ڕەهەندەکان.
لە دەروازەی یەکەمی ئه و کتێبەدا کە لەچاپخانەی ئەحمەدی خانێ بە تیراژی هەزار دانە چاپکراوە، باس لە چەمک، خاسیەت و سیستەمەکانی هەڵبژاردن و پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق کراوە، لەکاتێکدا دەروازەی دووەم تایبەت کراوە بە عێراق و هەڵبژاردنی دیموکراسیانە و تێیدا باس لە بازنەکانی هەڵبژاردن، دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن لە عێراق، تەکنیکی ئەژمارکردنی دەنگەکان کراوە و بەراوردێک لە نێوان یاسای پیشوو و ئێستای پەرلەمانی عێراق کراوە و کاریگەری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق خراوەتەڕوو.
هەرچی دەروازەی سێیەمی ئه و کتێبەیە، تایبەتکراوە بە نوێنەرانی قەوارە سیاسییەکان و تێیدا باس لە ئەرک و مافی نوێنەران و ڕێکارەکانی متمانەدان بە کاندیدانی لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە.
دوای ئەویش لە دەرواەی چوارەمدا، تیشک خراوەتە سەر سکاڵای هەڵبژاردن و ڕێکارەکانی سکاڵای دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و وردەکاری تاوان و سزاکانی هەڵبژاردن خراونەتە ڕوو.
له و کتێبەدا ڕۆژی دەنگدانیش فەرامۆش نەکراوە و لە دەروازەی پێنجەمدا هەموو ڕێکارەکانی ڕۆژی دەنگدان باسکراوە.
هەرچی دەروازەی شەشەم، حەفتەم و هەشتەمن تایبەتن بە چۆنیەتی کارکردنی ئامێرە کارپێکراوەکانی دەنگدان، هەڵمەتی هەڵبژاردن و فەرهەنگی هەڵبژاردن، دوا دەروازەش کە نۆیەم بەشی ئه و کتێبەیە، خۆی لە شرۆڤەکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا دەبینێتەوە.[1]