ئەوانەی ڕۆیشتن و جێیان دیارە.
#شێرزاد شێخانی#
کە پیاسەی ناو بازاڕی هەولێرێ دەکەم بە کۆڵەک خەمەوە دەگەڕێمەوە، مەسەلەکە هەر ئەوە نیە سیمای شارەکە گۆڕاوە، گەڕەکە کۆنەکانی ڕووخاوە و خەرکە ڕەسەنەکەشی دەربەدەر بوونە، مەسەلەکە ئەوەش نیە جاران لەپیاسەکیدا سەدان هاوڕێ و هاوشار و هاو گەڕەکت دەدیت و سەلامتان لەیەک دەکرد، مەسەلەکە لای من شتەکی ترە، خەمەکەکانی من جیایە.
ئەمن خەم لەوەش دەخۆم کە دوکانی چەرەزاتی (ئوم کەلسوم)ی بەرامبەر باتای هەولێر بوویتە دوکانی مۆبایل، خەم لەوە دەخۆم کە دوکانی جەلیل خەیاتی بوویتە شەربەتخانە، دوکانی عزەت قەساب بوویتە جلکفرۆشی منداران، هەتا خەم لەوەش دەخۆم لەو شارەی مندا شەقام و گەڕەکەکانیش ناویان گۆڕایە، شەقامەکمان نیە بەناوی (حەمەشێت) کە دەبوو شەقامی ئەسواق سیروان بەناوی بکرابایە، دەبوو گۆڕەپانی بەردەم سینەما حەمڕا بەناوی (مەمەد)ی بوایە، ئەوانە و سەتان کەسایەتی هەولێر ڕەمزی جوانی زەمەنەکی ئاڵتوونی بوون کە تا دونیا مایە لەهزری هەولێریەکان ئەگەر بشسڕێنەوە، بەڵام لە کتێب و یادەوەرییەکاندا بەزیندوویی دەمێننەوە.
هەندەک دیمەن هەن لەو هەولێرە کە قەت قەت لەبیرم ناچنەوە، هەر جارەکی بەنێزکیاندا تێدەپەڕم حەسرەتیان لۆ هەردەکێشم، لەوانەش:
لەدەرکەی قەیسەری بەرامبەر گازینۆ عەبۆی جاران، دوکانەک هەبوو بە ناوی (کاهەچی) بەبیرم دێ کڵاش و پێلاو و شتی وای دەفرۆشت، بیست و چار سەعات تەسجیلەکی دانا بوو گۆرانیەکانی کاوێس ئاغای پەخش دەکرد، ئێستاش نەمزانی کاهەچی مەعنای چییە، ئایا کافرۆش بووە، یان مەعنایەکی تری هەیە.
هەر لەشوێنی مەتعەمی باب ئەلقەلعەی جاران، دوکانەکی قۆندرە فرۆش هەبوو بەناوی (ئەهرام) کە لەتەنیشت چایخانەی حاجی مستیلی بوو، هەموو دەم دوو ئینزباتی عەسکەری لەپێشی ڕادەوستان.
لەپێش چایخانەی قەرداران مام حەیدەرەک هەبوو بەداملی دەفرۆشت لەسەر سینی، کە دوو نەوعی هەبوو، پێنجی بە پێنج فلس، پێنجی ساف شییریش بە دە فلس.
هەر بەناو قەیسەریدا کەریمە شەل بەخۆی و سینی لەوزینە و گەزۆی هەموو کۆڵانەکانی ناو قەیسەری دەگەڕا.
لەکن عەینەک فرۆشی سەفین پشت باتای کۆن، خانەقین چایخانەکی سەفەری هەبوو، مام ڕەحمانیش هەر لەوێ جەرگی دەبرژاند.
ئێستاش دوکانە موعەلەقەکەی مام مکایلی ناو قەیسەری کە بوویتە محەلی جڵکفرۆشی ژنانم لەبەرچاوە.
ئێستاش مام قەدۆ دەبینم لەپێش دوکانی ئوتوچییەکەی خۆی لەسەر کورسییەکەی دانیشتیە.
ئێستاش مام حوسینی دەبینم بیست گەنجی هەولێری لەپێش دوکانی گەسەکەی بەرامبەر سینەما سیروان لەسڕڕەی ڕاوەستاینە.
ئێستاش کەماڵە کەچەڵی متوەستەی سڵاحەدین دەبینم خەریکە قاپی دۆندرمە لۆ تەلەبەکان تێدەکا.
فەرید ڕەشانیش لەبیر ناکەم کە باشترین دکتۆری شار بوو، لەگەر ئەوەشدا قوڕگیان دەرهینا بوو ملی خوار ببوو.
تەبعەن مام خدر وادی و سیدارەکەشیم لەبیر ناچی کە لەساحەی تۆپانی بەخۆی و ئیسعافەکەیەوە ڕادەوەستا.
ئەو دیمەنانە هەمووی دیمەنی سینەمایی زەمەنێکن کە هەموو خەرکی هەولێر جوان بوون، شارەکەشمان لەخۆمان جوانتر بوو.
راستە لەهەر وڵاتەک پێشکەوتن و ئاوەدانی ڕوودەدا، بەڵام میللەتی زیندوو ئەو میللەتەیە کە پارێزگاری لەرابردووە جوانەکەی خۆی دەکات و ڕێزیش لەکەسایەتییە ڕەسەنەکانی خۆی دەگری.
میللەتی زیندوو بیناو شەقام و گەڕەکە کۆن و کلتووری و مێژووییەکانی خۆیان ناڕوخێنن، بەڵکو پارێزگاری لێدەکەن و بەشێوەیەکی جوانتر دەیڕازێننەوە.
ئەوجا لێرە کێشەکەمان ئەوەیە سیمای شارەکەمان بە تەواوی گۆڕاوە کلتوورەکی سەقەتی بێگانە هاتووە و وڵاتەکەمانی داگییر کردووە، کە نە دەزانی عزەدین فەیزی کێبوو، نە عومەر ساقی دەناسی، نە ڕەشاد موفتی و کاردۆ گەڵالی و عەلی هەژار و حاجی نامیق بەقال و موسا سەبزەچی.
کە ئەوانە ڕابردووەکەی مەیان زۆر جوانتر کردبو و بەراورد بەو واقیعە ناشرینەی ئێستا، باقی وەلسەلام..[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!