نووسەر و سوڵتان
#حەمەسەعید حەسەن#
() لەمێژە سەرقاڵی خەباتێکی بێوچانی دژوارم، بۆ ئەوەی بە دیداری ڕووخساری نوورانیتان شاد ببم. سوپاس بۆ دڵفروانیی ئێوە و ئارامگرتنی خۆم، وا ئەو ئاواتەم هاتە دی. هەرچەند دەکەم ناتوانم، ئەو شادی و شانازییە بشارمەوە، کە لە ئەنجامی دەستەبەربوونی ئەم شاهەلەوە هەستیان پێ دەکەم و
() تکایە لە دەرگای باسەکە بدە!
() وەک لە هێژاتان شاراوە نییە، گەلەکەمان بە قۆناغێکی گەلێک ناسکدا تێدەپەڕێت، لەم قۆناغە مێژوویییەدا، کۆمەڵێک ئەرکی گرنگمان بەرەو ڕوو دەبنەوە، بەپێی بۆچوونی من، یەکێکیان کە بایەخێکی تایبەتیی هەیە، پشتگیریکردنە لە ئازادیی دەربڕینی بیروڕا، چونکە کاتی ئەوە هاتووە، فێر ببین گوێ لە کەسانی دیکە بگرین، کەسانێک وەک ئێمە بیر ناکەنەوە و خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ
() بە ئەرکی مەزانە، بچۆ ناو باسەکەوە.
() وەک دەزانن کۆمەڵێک گۆڤار و ڕۆژنامە دەردەچن، بەڵام مایەی داخە هیچ کام لەوانە، سەربەخۆ نین و هەر کامێکیان دەگریت، لەغاوی لایەنێکی لە دەمدایە، بۆیە ئەگەر بڵندگۆیەکی وایش بێتە ئاراوە کە بەڕاشکاوی بیروڕای خەڵکانی بێلایەن دەرببڕێت، ئەوا بە بیری من
() نیازت نییە بچێتە سەر کرۆکی مەبەستەکەت!
() ئێمە کۆمەڵێک گەنجی پیرۆزین، کە دەتوانم بڵێم سەر بە نەوەی نوێین، یان وەک ناحەزەکانمان دەڵێن: ئەولادی ئەم عەسرەین، ئەو نەوەیەی هاوزەمان سەربازی و پێشمەرگەیاتی، ڕژێم و شاخی ڕەت کردەوە و چاوی بڕییە ئاسۆیەکی دیکە، خۆری ڕاپەڕینیش ناڕاستەوخۆ هەر لە کەلی ئەو پیشخواردنەوەیەوە سەری هەڵدا. ئێستایش دەمانەوێت هەر درێژە بەو ڕێبازە بدەین، ڕێبازێک کە قامچیی ئایدۆلۆجیا بڵند ناکاتەوە، بڕیار ناداتە دەست تاکەکەس، مەعریفە کۆنترۆڵ ناکات، لەژێر دەواری خێڵدا هەڵناکات و
() دیسان ناچارم قسەکانت پێ ببڕم و داوات لێ بکەم، چیت دەوێت بەبێ پێچوپەنا و ڕاستەوخۆ ئەوە بڵێ.
() ئێمە ئەو نەوە نوێیە، پێویستمان بە بڵاوکراوەیەک هەیە، جیاواز لەوانەی گۆڕەپانەکەیان قۆرخ کردووە، بڵاوکراوەیەک لە مەلێک بچێت، دوور لە پۆل بخوێنێت و ئاوازێکی نوێ بە گوێی هەڵبژاردەدا بدات، ئاوازێکی هاوچەرخ کە وەڵامی خواستی سەردەم بداتەوە و چاو لە داهاتوو ببڕێت. ڕاستە ئێمە کەم و زۆر کاریگەریی میشیل فۆکۆمان لەسەرە
() بەڕیز بەشێوەیەکی کۆنکرێت، داخوازییەکانت بڵێ!
() دەمویست باسی ئەو پرۆژەیەتان بۆ بکەم، کە زۆر لەمێژە، بووە بە خولیامان و هەراسانی کردووین، پرۆژەیەک کە زادەی ژانێکی پیرۆزە و ئەگەر دەست بە باڵییەوە نەگیرێت، ئەوا نەک هەر ناکەوێتە سەر پێی خۆی، بەڵکوو دەشێت هەر بە ساوایی، ماڵئاوایی بکات و شەوگاری کوردستان ڕۆشن نەکاتەوە و
() دەتوانیت بە کورتی و بە کوردی پێم بڵێیت: بۆ چی هاتوویت؟
() هاتووم داوای ئامێزی ناز، داوای خۆراک و پۆشاک، داوای کۆمەکی دارایی بۆ ئەو کۆرپەیە بکەم.
() ئێمە لە هەموو بوارێکدا، بڕیاری ئامادەمان هەیە، هەر لە سەرەتاوە هۆی ئەم سەردانەتم دەزانی و بڕیاریشم دابوو یارمەتیت بدەم. ئێمە هەرگیز هەڵوێستی جوامێرانەی تۆمان لە یاد ناچێت، لەو کاتە ناسکانەدا کە ئێمە بە تەنیا بە شاخەوە بووین، کەسانی وەک تۆ، باخی شاریان لەژێر پێی دوژمندا کردبووە کێڵگەی چێنراو بە مین و نەیاندەهێشت هەست بە تەنیایی بکەین، بۆیە ئێستا کە دەستی سەوزی چاکە و پڕ لە کۆمەکت بۆ درێژ دەکەین، پێمان وایە قەرزێکی مێژوویی دەدەینەوە و لەبری ئەو یارمەتییە هیچ داخوازییەکمان نییە، بەڵام با سەرەڕمی ڕەخنەتان تەنیا ئاڕاستەی لایەنێک نەبێت و هەمووان بگرێتەوە. ئێمە هیچ کەسێک هێندە بە پیرۆز نازانین کە جێگەی ڕەخنە نەبێت و بڕوامان بە بڤڤە و تابوو نییە. ئێمە هەرچەندە خاوەنی دەسەڵاتین، بەڵام بە ڕێزەوە سەر بۆ دەسەڵاتی تێکستەکانی ئێوە دادەنەوێنین. پێمان خۆشە کە ناوبەناو دەرزی بە ئێمەدا دەکەن، سووژنئاژنی ئەوانیش بە ئەرکی هەمیشەییی خۆیان بزانن. ئێمە بەپێچەوانەی هەموو ئەوانەوە کە ڕقێکی ئەستووریان لە شیعری حوڕ و عەسکەری فیرار بوو، ئەو شیعرەمان لا پەسەندە کە خۆی لە کۆت و پێوەندی کێش و پاشبەند ئازاد کردبێت. ئێمە هەرچەندە حەز دەکەین، قارەمانی چیرۆک گۆڕەپانی شەڕ چۆڵ نەکات و هەڵاتن نەناسێت، بەڵام ئەو نووسەرەمان بەلاوە چاکە، لەگەڵ تەجدید بووبێت، سەری بۆ تەجنید شۆڕ نەکردبێت و لە سەربازی هەڵاتبێت. ئێوە دیارە ئەوە دەزانن، پێویستە خۆتان لە خوێندنەوەی دەقە ئایینییەکان بەدوور بگرن، چونکە ئەو تێکستە ئاسمانییە پیرۆزانە، لەسەرووی ڕەخنەوەن. ئەگەر سەرکێشێکی سەر بە نەوەی ئێوە، ئەو سنوورەی بەزاند، ئەوا نابێت چاوەڕێی پشتگیریی ئێمە بێت.
() قوربان بەرانبەر ئەو یارمەتییە کە دڵنیام حاتەمی دەبێت، تەنیا ئەو سووکە داخوازییەتان هەیە؟
() ئێستا بەڵی، بەڵام لە داهاتوودا چاوەڕێی ئەوە لە جوامێرێکی وەک تۆ دەکەین، یەک یەک ناوی ڕاستەقینەی ئەو نووسەرانەمان بۆ ئاشکرا بکەیت کە لە نەشارەزایییەوە، بە ناوی نهێنییەوە ڕەخنەمان لێ دەگرن. حەز دەکەم بڵاوکراوەکەتان وەک زمانحاڵی ئەوان پیشان بدەیت، تا لەڕێی تۆوە بۆمان بگونجێت، بیانناسین و بە دیاری و یارمەتی بەسەریان بکەینەوە. ئێمە بەرانبەر نووسەران، هەمیشە نەرمونیان بووین، ئەگەر لە ڕابردوودا، بە شێوازی توندوتیژ، مامەڵە لەگەڵ یەک دووانێکدا کرابێت، ئەوا بەبێ ئاگاداریی من بووە و ئەو هەڤاڵەیشی لێی بەرپرسیار بوو، لەمێژە گندۆرەی پاشگەزبوونەوەی بە ئەژنۆ شکاندووە.
() بۆ ئەوەی ئیلهام لە دونیابینیتان وەربگرم، دەتوانم بپرسم فەلسەفەی ژیانتان چییە؟
() هەمزاتۆڤ بە هەڵەدا چووە کە گوتوویەتی: (ئەوی گوللە بە ڕابردوویەوە بنێت، داهاتووی تۆپی پێوە دەنێت.) ئێمەیش وەک ئێوە ڕابردووی خۆمان ڕەت دەکەینەوە و لەوە دڵنیاین کە ڕابردوو گوللەباران دەکەین، داهاتوو گوڵبارانمان دەکات. تۆ چاک دەزانیت، ژیانی کادیر بە خواردنی بەری ڕەنجی کەسانی دیکەوە بەندە، ئەوی بەسەر شانی کەسانی دیکەوە بار بێت و پێی شەرم نەبێت، سڵ لە هیچ ناکاتەوە. ئێستا پەتای ئەم دیاردەیە، سەراپای کۆمەڵگەی گرتووەتەوە. سەردەمی ڕۆمانسیبوون بەسەرچووە و نەوەیەکی مفتەخۆر و هەوانتەچی سەری هەڵداوە، ئێمە بە قازانجی بزاڤی لە وەستان نەهاتووی بەرەو پێشەوە چووی گەلەکەمان، سوودمان لەو نەخۆشییە کۆمەڵایەتییە وەرگرتووە، لایەنی پۆزەتیڤمان لەو دیاردە نێگەتیڤەدا دۆزیوەتەوە و بۆ بەرژەوەندیی جۆشدانی کۆمەڵانی خەڵک بەگەڕمان خستووە. بەکورتی فەلسەفەی من ئەمەیە: لە ڕەشترین لاپەڕەدا، بۆ خاڵی سپی دەگەڕێم، گوڵە ژاکاوەکانیش گەش دەبینم و هەمیشە سەرنجم لەسەر نیوە پڕەکەی پەرداخە ئاوەکەیە. لە هەر گۆمێکدا ییگەمێ، بەو ئومێدەی ماسیی پێوە ببێت، تۆڕێک بەجێ دەهێڵم، هاوزەمان لە گەلێک بنەدا خۆم حەشار داوە و چاوەڕێی نێچیرم.
() قوربان! ئێوە پێتان چۆنە، ناوبەناو ڕەخنەی قووڵ و زانستی لە عەقڵی سیاسیی کوردی بگرین؟
() من دژی ئەوەم، چونکە ئەو ڕێگەیە بەرەو سەرابتان دەبات. ئەوی نیازی ڕەخنەی لەو جۆرەی هەبێت، نیازی هیچی نییە. من پێم خۆشە ئێوە سەبارەت بە شتێک بنووسن کە هەبێت، کورد کوا عەقڵی سیاسی هەبووە و هەیە، تا ئێوە ڕەخنەی لێ بگرن! ئێمە با لەگەڵ خۆماندا ڕاستگۆ بین، کام سەرکردەی کورد ڕستەیەکی لەپاش بەجێ ماوە، بکەوێتە خانەی فیکرەوە؟
() ئەدی باشە لە ڕەخنەکانماندا، باسی شتە تایبەتییەکانیش بکەین؟ بۆ نموونە بەو جۆرەی بەڕێزتان، لە 12ی ئەیلوولی 1992دا، بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانە گڵاوەکەی پەکەکە، تەنانەت باسی ژنەکەی (ئاپۆ)یشتان کرد؟
() گرنگ گەیشتنە بە ئامانج. هەر ڕێگەیەک لە ئامانجی باڵا نزیکمان بخاتەوە، ڕێگەیەکی پاک و پیرۆزە. ئێوە جۆگەلەیەکن، ئارەزووی خۆتانە ملی کام ڕێ دەگرن، ئەوە گرنگە هەموومان بڕژێینەوە سەر هەمان گۆم، گۆمی بێنی بزووتنەوەی کوردایەتی، ئیدی چۆن دەنووسن، ئەوە خۆتان بڕیار دەدەن و بۆ ئێوە هێشتا زەڕنەقووتەی سانسۆر، سەری لە هێلکە نەجووقاوە.
() گەورەم ئەگەر ڕێم بدەیت، شارەزەردەواڵەی مەسەلەیەکی تریش دەورووژێنم.
() چاوەڕێم نووسینەکانتان لە ورووژاندنی خەڵکی شارەکانی بن دەستی نەیارە سەرەکییەکەماندا، ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت. ببوورە کاتی دیاریکراوی دیدارەکە دوایی هات. بەرپرسی دارایی چاوەڕێتە.
() قوربان، مەرجەکانتان وەک ئەڵقە دەکەم گوێم و هەمیشە خۆم بە
() ئەوانە مەرج نەبوون، وردەتێبینی بوون.[1]
پەراوێز
شیعری حوڕ: هۆنراوەی ئازاد
عەسکەری فیرار: سەربازی هەڵاتوو
تەجدید: نوێکردنەوە
تەجنید: دەزگای بەسەربازکردن