مردوو ناشتن:
ڕێوڕەسمی مەراسیمی مردوو ناشتن، یەکێکە لە نەریتەکانی ناوچەی پشدەر، شێوازی ئەنجامدانی مەراسیمەکە، مۆرکی تایبەتیی ناوچەکەی پێوەیە و جیای دەکاتەوە لە ناوچەکانی تر، هەروەها جۆرێک ڕێزلێنانی خەڵک پیشان دەدات بەرانبەر بە مردوو، کەسی مردوو ژن بێت یان پیاو، گەنج بێت یان پیر، منداڵ بێت یان لاو، لە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵ بێت، وەک یەک مەراسیمی مردوو ناشتنی بۆ ئەنجام دەدرێ.
مردوو شتن: کاتێک کەسێک گیان دەسپێرێ، گەر پیاو بێت، تەرمەکەی دەبرێتە مزگەوت، لەوێ لەلایەن چەند کەسێکی نزیکی بنەماڵەکەی باوک، برا، مام، خاڵا، ئامۆزا و هتد..ەوە دەشۆرێت، گەر ئافرەت بێت، تەرمەکەی لە ماڵەوە لەلایەن نەنک، پور، خوشک، دایک، هتد...ەوە دەشۆرێت. پاشان لە کاتی شتنی مردووەکەدا، چەند کەسێک کفنی بۆ دەدوورن و دوای شتنی مردووەکە کفنەکەی لەبەردەکەن و لە تابوتێکدا دایدەنێن و جاجمێکی پێدادەدەن.
هەڵکەندنی گۆڕ: لە سەرەتای گیان سپاردنی کەسەکەوە، خزم و کەسوکاری مردووەکە چەند کەسێکی شارەزا و لێهاتوو بۆ هەڵکەندنی گۆڕ دیاریدەکەن، لەو گۆڕستانەی کە خاوەن مردووەکە پێی باشە، پاشان لە کانە بەردەکانی ناوچەکە چەندین بەردی تەخت و پان ئامادەدەکەن، دوای ئەوە لە گۆڕستان دەست بەهەڵکەندنی گۆڕەکە دەکەن و نزیکەی باڵا مرۆڤێک قوڵی دەکەن، پێویستە ئامادەکردنی بەرد و هەڵکەندنی گۆڕ لەگەڵ شتنی مردووەکەدا بە یەکەوە تەوابێت، بۆ ئەوەی دەستبەجێ مردووەکە بەخاک بسپێرێ.
خەڵکی ناوچەی پشدەر بەبێبەرانبەر بەردی گۆڕ ئامادەدەکەن و گۆڕ هەڵدەکەنن، لە کاتی هەڵکەندنی گۆڕیشدا دەیان کەس خۆی بۆ هەڵەندنی گۆڕەکە ئامادەدەکات، بەسەرە گۆڕەکە هەڵدەکەنن و گڵەکەی دەردەدەن، چونکە خەڵکی پێیان وایە: گەر زۆر لە هەڵکەندنی گۆڕدا خۆیان ماندوبکەن، یەزدان ئەو ماندووبوونەیان بەخێر بۆ دەنووسێت و پاداشتیان دەداتەوە.
ڕێوڕەسمی بردنی تەرم بۆ گۆڕستان: دوای ئەوەی تەرمەکە کفنکرا و گۆڕ ئامادەکرا، دەفژنەکان بۆ دەفژەنین ئامادەدەکرێن، لە پشدەر چەند کەسێکی بەناوبانگ هەن، پیشەیان دەفژەنینە بۆ مردوو، کەسە دەفژەنەکان شارەزایی باشیان لە ژەنینی دەفدا هەیە، ئەو کارەش کە دەیکەن بێبەرانبەرە، واتە: هیچ پارە و پولێک لە خاوەن مردووەکە وەرناگرن، پێیان وایە: کاری خێر و چاکە دەکەن.
دوای ئامادەکاریی تەواو تابووتەکە لەپاش و پێشەوە، بە چەند کەسێک بەرز دەکەنەوە و هەڵیدەگرن، ئاپۆڕای خەڵک بە دوای تابوتەکەدا ڕێز دەبن، دەفژەنەکان لەپێش تابووتەکەوە دەوەستن، کاتێک کە مەراسیمی تەرم بردن بۆ گۆڕستان بەڕێدەکەوێ، دەفژەنەکان دەست بەژەنینی دەفەکانیان دەکەن، چەندین ئاوازی جۆراوجۆی دەژەنن.
ئاپۆڕای خەڵک تابووتەکە دەبەن، چونکە پێیان وایە: کاتێک تەرمەکە بە شەقامە گشیەکاندا دەبرێت، بۆ ئەوەیە هەموو کەسێک ئەوەی بیرکەوێتەوە کە ڕۆژێک دێت دەمرێت، بۆیە پێویستە هەموو مرۆڤێک لە ژیانیدا، بە بەردەوامی کاری باشە بکات و لە خراپە بەدوور بێت، کاسبکارانی ناو شار ئەو ڕۆژە وەک ڕێزلێنانێک لە مردووەکە و بنەماڵەکەی دووکانەکان دادەخەن، تێکەڵاوی ئاپۆڕای خەڵکەکە دەبن و بەشداری مەراسیمەکە دەکەن، ئەو ڕۆژە تا مردووەکە بە خاک سپێردرا. دووکانەکانیان ناکەنەوە. هەروەها لە کاتی ڕێوڕەسمی مەراسیمەکەدا، سەرتاپای شەقامە گشتییەکە دەگیرێت، بەشداریی هەموو خەڵک لە مەراسیمەکەدا بەهێزی پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوانی خەڵک پیشان دەدات، لە هەڵگرتنی تابووتەکەشدا خەڵکی بە سەرە تابووتەکە هەڵدەگرن و خێراخێرا سەرە لە هەڵگرتنیدا دەکەن، ئەوانەی ماندووبوون جێگەی خۆیان بۆ کەسانی تر چۆڵدەکەن، خەڵک پێی وایە: ئەگەر لە هەڵگرتنی تابووتدا زۆر ماندووببن، کاری خێردەکەن و یەزدان پاداشتیان دەداتەوە، بۆیە تابووتەکە تا دەگاتە گۆڕستان دەیان کەس لە هەڵگرتنیدا بەشدار دەبێت. دوای ئەوەی تەرمەکە دەگاتە گۆڕستان، بە ئامادەبوونی هەموو خەڵک بە خاک سپێردرا.، پاشان خەڵک نزای خێر بۆ مردووەکە دەکەن و داوا لە یەزدان دەکەن لە گوناحەکانی خۆشبێت.
سەرچاوە:
سەرچاوە: ئەم بابەتە وەرگیراوە لە ئەحمەدی حاجی سمایلی، لە گوندی ئیسێوە، پیشە پیاوماقوڵ، لە 23-09-2009. [1]