نۆجەژن لە ناوچەی پشدەر: نۆجەژنە بەیەکەم جەژنی دوای مردنی کەسێک دەوترێ، لە کوردەواریدا نۆجەژن بۆ هەموو مردوویەک لەلایەن بنەماڵەکەیەوە دەکرێت، نەریتەکە بەو شێوەیەیە کە بنەماڵە و کەسوکاریی مردووەکە کۆدەبنەوە، دەچنە سەرگۆڕی مردووەکە و سەرلەنوێ ماتەمینی ڕادەگەیەننەوە، ئەم نەریتە لە ناوچەی پشدەردا زۆر بڵاوە، بەشێوازێکی تایبەتی خەڵکی ناوچەکە ڕێوڕەسمەکە ئەنجامدەدەن، جیاوازە لە ناوچەکانی تر.
ئەو بەیانییەی کە جەژن دێت، مەبەست لە جەژنی قوربان یان ڕەمەزانە، خەڵک هەر لە شەوەوە خۆیان بۆ ئەو مەراسیمە ئامادە دەکەن، تاریک و لێڵی بەرەبەیانی یەکەم ڕۆژی جەژن کە هێشتا کەمێک شەوی ماوە، بەتەواوی دنیا ڕوون نەبووەتەوە، خەڵک خۆیان سازدەکەن و دەچنە گۆڕستان.
لە کوردەواریدا تاریک و لێڵی بەیانی، هەمیشە گۆڕستانەکان چۆڵگەن و خەڵک ڕوویان تێناکات، بەڵام خەڵکی دەڤەرەکە کاتێک تاریک و لێڵی بەیانی دەگەنە گۆڕستانی گەورەی شار، هەر خێزان و بنەماڵەیەک لە سەر گۆڕی مردووی خۆی چەند مۆمێک هەڵدەکات، ئەو گۆڕستانە تارک و چۆڵە ئاوەدان دەکەنەوە، ڕووناکی مۆمەکان گۆڕستانی گەورەی شار دەکاتە چراخان، هەر کەسێک بۆ یەکەم جار لە دوورەوە ئەم گۆڕستانە پڕ لە ڕووناکییە ببینێت سەرسام دەبێت، پاشان هەر بنەماڵە و خێزانێک کە سەردانی گۆڕی مردووی خۆی تەواوکرد، دەچێتە سەر گۆڕی مردووی دۆست و ناسیاوەکانی و هەموو خەڵک لە یەزدان دەپاڕێنەوە کە لە گوناحی مردووەکانیان ببورێت.
بەو بەیانی زووە گۆڕستانی گەورەی شار پڕ دەبێت لە خەڵک و مەراسیمی نۆجەژن بەڕێوەدەبەن، چونکە بەپێی نەریتەکە هەموو کەسێک دەچێتە سەر گۆڕی مردووی خۆی، گەر نۆجەژنیشی بۆ کردبێت، هەموو جەژنێک ئەم مەراسیمە لە گۆڕستانی گەورەی شار و گۆڕستانە زیندووەکانی ناوچەی پشدەردا ئەنجام دەدرێت.
نەریتی مردوو ناشتن یەکێکە لە نەریتە زۆر جوانەکانی ناوچەکە، چونکە ئەو پەڕی هاوکاری خەڵکی بۆ یەکتر پیشان دەدات، هەروەها بەهێزی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دەردەخات، خەڵکی لە ئاستێکی بەرزی پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا دەهێڵێتەوە. لەم نەریتەدا جیاوازییە چینایەتییەکان وندەبن، مردووی هەموو بنەماڵەیەک لە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵا بن، وەک یەک مەراسیمیان بۆ سازدەکرێت، ئەمەش جۆرێک لە یەکسانی و وەکیەکی خەڵک دەردەخات.
پاراستنی ئەم نەریتە ئەرکی سەرشانی هەموو خەڵکی ناوچەکەیە، چونکە پاراستن و مانەوەی وەک خۆی پاراستنی بەشێکە لە کەلتوری نەتەوەی کورد، بەدرێژایی مێژوو دوژمنانی کورد نەیانتوانیوە کەلتوری کورد لەناوبەرن، بەڵام بەداخەوە ئەم نەریتە لەوەدەچێ کاڵ ببێتەوە و گۆڕانی بەسەردابێت و وەک خۆی نەمێنێ، لە کاتی بردنی مردوو بۆ گۆڕستان، دەفژەنەکان کەم بەرچاودەکەون و لە هەندێ مەراسیمدا نابینرێن، هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی باری ژیان و گوزەرانی دەفژەنەکان قورسە، وەک هەموو توێژەکانی تری کۆمەڵ، ناچاردەبن بە کاری ترەوە خەریک بن، چونکە کاری دەفژەنین مووچەی نییەوە و ژیانیان دابین ناکات، هەروەها ئێستا زۆر خاوەن مردوو، مردووەکانان بە سەیارە بۆ گۆڕستان دەبەن، ئەوەش جۆرێکی تری شێواندنی نەریتەکەیە.
ڕەچاونەکردنی ئەم نەریتە وەک خۆی و کەم کردنەوە و گۆڕینی، هەروەها دانانی نەریتی ناوچەکانی تری کوردستان لە شوێنی، زیانی زۆر گەورە لە کەلتوری نەتەوایەتیمان دەدات، چونکە خاکی کوردستان لە سەدان ناوچە پێکهاتووە، هەر ناوچەیەک خاوەنی نەریتی تایبەتی خۆیەتی، نەریتی هەموو ناوچەکان پێکەوە نەریتی نەتەوەی کورد پێک دەهێنن، بۆیە فەوتانی نەریتی هەر ناوچەیەک زیانی گەورە لە کەلتورەی نەتەوەیمان دەدات، ئەبێ ئەوەمان لەیاد نەچێت کە بە درێژایی مێژوو یەکێک لەو هۆکارە گرنگانەی کە میللەتی کوردی لە فەوتان ڕزگارکردووە زمان و کەلتورەکەمان بووە.
سەرچاوە: ئەم بابەتە وەرگیراوە لە ئەحمەدی حاجی سمایلی، لە گوندی ئیسێوە، پیشە پیاوماقوڵ، 2009. [1]