میحرابی شیعرم دیوارە ڕووخاوەکەی نیشتمانە!
#سەردار قادر#
چیت بۆ باس کەم،
ئەی قەلەندەری سەر شێت..
ئەی گەڕیدەی بێ پەنا و بێ ناونیشان،
بەسەرهاتی کام جەلادی سەردەم و
ئەفسانەی کام خوداوەندی خوێنڕێژ!
چیت بۆ باس کەم؟
باسی ئەو کچانەی..
که دەستی غەدری پیاوەکانی سوڵتان،
له ناوەڕاستی شەقامێکدا..
به بەرچاوی منداڵانی دەرۆزەکەرەوه
ڕۆحیان کێشان!
چیت بۆ باس کەم؟
لەتاو ئازاری گوناهەکانت
تارمایی (مێینەیەکی) کوژراو
بەنێو چاوی لا پەڕەی شیعرمەوە دیارە و
دەستی نزا و پاڕانەوە بەرزدەکاتەوە بۆ
ڕۆحی شیعرم!
باسی چیی بکەم؟
باسی ئەو دیوارەی،
بە کەله سەر هەڵچنراوه و
ناویان ناوە شورای شەرم!
یان حیکمەتەکانی ئایین.
خۆ ئەم وڵاتی (گوڵعومەر)ە یەک ئازار و
یەک قەهری نییە!
تۆ دەبینیت ئەم جەستە ماندووەی گوڵعومەر،
لە هەزاران جێگەوە تنۆک تنۆک خوێنی لێ دەچۆڕێ،
باسی چی بکەم؟
سەربوردەی کام خوێن ڕێژی سەردەم
یان مێژووی ئەو کورسیانەی
که خوێنی جەستەمانی لێ دەتکێ
چی بکەین چی؟
که ئیمه نەزانین کورسیش
وەک مرۆڤەکان مافیان هەیه..
هێندە بێ ڕەحم بووین
به ئەقڵی ژەنگەوه
کوورسیەکەی (پیرەمێرد)مان شکاند!
بەکینەی کورد بوونەوە قەڵەمەکەی (گۆران)مان
تووڕدایە نێو سەبەتەی عەگال بەسەرێکی بێمێشکەوە
ئای چەند گوناهین
که ناتوانین کوورسی (غەدر) تێک بشکێنین،
سەدان کوورسی (ناودارمان) بۆ دروست کردیت،
کەچی سمێل زلەکانی ئەم سەردەمی دیموکراسییە،
بە بەرچاوی گشت چاوەکانی نیشتمانەوە
هەر هەموویان وردوخاش کرد!
لەوەتەی هەین، خۆمان بە نەوەی (ئادەم و حەوا) دەزانین..
بەڵام پێم ناڵێیت ئەی غەدر، ئەم درۆ گەورەیت لە کوێ هێناوە؟
ئێمە کەی نەوەی خۆڵ و خاکێکی زمان زبرین؟
ئەی بیرت چوو بڵێیت کە ئێمە نەوەی ئەم دروشمەین
بیری چاک، ووتەی چاک و کرداری چاکین
ئەی نیشتمانی غەدر ددانی پیا بنێ،
تاکەی ملوانکەی ئەم غەدرە..
لە بەرۆکت ناکەیتەوه
وا زەوی خەریکە دەمرێت و تۆش تازە بە تازە
داوای سەربەخۆیی دەکەیت!
گەر سەربەخۆیی ئەو هەستە شەڕانگێزەی ئایدیۆلۆژیا بێت
من گەرەکم نییە و
کانییەکی بێگەردی قەد شاخێک بەسە بۆ خۆشی ژیان.
من شیعرم دەوێت، نەک چەقۆ.
ئەدەبم خۆشدەوێت، نەک ناپاکی.
قەڵەم دەپەرستم، نەک گیرفانی دزراو.
گۆڕی شەهید ناسنامەی ئازادییمە
نەک سێبەری نەوت فرۆشان![1]
#12-04-2016#