سەرەتا دروود و گوڵباران بۆ گیانی پاکی کاک #شێرکۆ بێکەس#ی هاوڕێ و برام. وەڵا زۆر ئاساییە دوو شاعیری هاوچەڕخ کە خۆیان بە پێشەنگی نوێگەری زانیوە قسەی لەو جۆرە و زیاتریش بەیەکدی بڵێن بەڵام بەخوا من زۆرینەی شیعرەکانم دە تا پازدە جار پێداچوونەوەم بۆ کردووە و ئینجا بڵاوم کردۆتەوە و شانازی دەکەم کە بیر و ڕای لێکۆڵەران و نووسەرانی گەورەی عەرەبی وەکو (دکتۆر حاتەم سەکر و ئیبراهیم خەیات و دکتۆر فازل سامر و عەلی حەسەن فەواز و يوسف يوسف و سەید عەلی ساڵحی و جەمال نوری و يوسف حەیدەری و هیشام قەیسی و دەیان نووسەری دیکەی کورد و عەرەب و هتد...) دەربارەی شیعرەکانم پێچەوانەی ئەو قسەیەی کاک شێرکۆیە و سەروبەری ئەو بیروڕایەی کاک شێرکۆ بێکەس هەڵدەوەشێننەوە.
لە ڕاستیدا ئەوەی کاک شێرکۆی برام دەربارەی شیعری من گوتوویەتی ڕێک و ڕەوان بەسەر شیعرەکانی خۆیویدا دەسەپێ و پەلە پڕووزێیەکی زۆر زۆر بەگەلێ لە شیعرەکانی کاک شیرکۆدا دیارە و هەر لەبەر ئەوەشە باسی ئەوە دەکات کە کەمینەیەکی زۆر کەمی شیعرەکانی خۆی نەمرییان بۆ دەنووسرێ.
جگە لەوەش ناکۆکی پاک و بێگەرد لەنێوانی شاعیراندا هەر بووە و هەر دەبێ و کاتی خۆی ململانێیەکی زۆر لە نێوانی (بەدر شاکر سەیاب و عەبدولوهاب بەیاتی و نازک مەلائکەدا هەبووە و کەسیان دانی خێریان بەوی دیکەیاندا نەناوە، بەڵام هەرسێکیان و هەر یەکە و بەشێوازی خۆیان سێ پێشەنگی نوێگەری شیعری عەرەبی بوون لە عێراقدا.
زۆر ئاساییە دوو شاعیری پێشەنگی نوێگەری شەڕەقسەبکەن..
منیش کاتی خۆی لە دیدارێکدا وتم ڕوانگە هێلکەیەکی پیس بوو هیچی هەڵنەهێنا.....
بێگومان کە من قسەی وام کردووە بە ڕوانگە بێگومان کاک شێرکۆی برایشم وەڵامی وام دەداتەوە... خۆ چەپکە گوڵم پێشکەش ناکات..،
ئیتر شاعیریش مرۆڤە و ڕق و کینەشی هەیە و ڕکەبەرایەتی لەگەڵ شاعیرانی داهێنەردا دەکات و هاوڕێتیشیان دەکات...
شیعریش لە سیاسەت جیاناکرێتەوە و ململانێی ڕەش و سپیشی تیایە...
جگە لەوەش من دوای کۆچی دوایی کاک شێرکۆ نزیکەی هەشت دیوانی دیکە شیعرم بڵاوکردۆتەوە...
من شتێکی خۆش دەگێڕمەوە کاتی خۆی هاوڕێیەک شتێکی لەسەر دیوانێکم نووسی دیوانەکەی زۆر بەلاواز لە قەڵەمدا کەچی لێکۆڵەرێکی گەورەی وەکو فازل سامر چەند شیعرێکی ئەو دیوانەمی بەشاکاری شیعری و جیهانی ئەژماردووە...
من ئەوەم بەسە کە لێکۆڵەری گەورەی عێراقی فازل سامر لە وتارێکیدا لە فیستڤاڵی ڕێزلێنای لەتیف هەڵمەتدا گوتی
(کتب لطيف هلمت بکل معنی الحداثه قصيدة کردية عالمية)
من و شێرکۆ برابووین و براین و دوو پێشەنگی شیعری نوێی کوردین و دووبرای ئازیزی یەکدی بووین و ململانێشمان بووە بەڵام هەمیشە بەئاشتەوایی ژیاوین...
گوڵبارانی دروود بۆ ڕۆحی بەرزەفڕی کاک شێرکۆ بێکەس...
ئەدەب و شیعر بەململانێی پاکەوە جوانن و نەمری بۆخۆیان تۆمار دەکەن
ڕوونکردنەوە: لە ڕێکەوتی 1401/03/25 بابەتێک بە نێوی (نووسەرانی کورد لە ڕوانگەی شێرکۆ بێکەس)وە بڵاوکرایەوە. لە ڕێکەوتی 1401/05/19 وەڵامی #لەتیف هەڵمەت# بۆ هەڵوێستی شێرکۆ بێکەس لەسەر ئەزموونی شیعری لەتیف هەڵمەت ناردراوە بۆ ماڵی کتێبی کوردی.
شێرکۆ بێکەس بەم شێوە باس لە ئەزموونی شیعری لەتیف هەڵمەت دەکات:
(بەلای منەوە کەم شاعیر هەیە ئەوەندەی لەتیف هەڵمەت بەهرەی شیعری خۆڕسکی و سروشتی بەقوڵپ بێ، وکوو کانیی بەهارە، تەقینەوەی بە هاژەیە. نەفەسی درێژ و زمانی سادەیە. هەندێ پارچە شیعری لە نموونە هەرە جوانەکانی شیعری ئەم سەردەمەن، بەڵام ئەم شاعیرەمان ئەو بەهرە بەپیتەی خۆی، ئەو هەڵقوڵێنە بە لرفە و گەرم و گوڕەی، هەندێجار بە دەستی خۆی سارد ئەکاتەوە. بژاری شیعر زۆرکەم یان هەر نایکات، چۆن هات و چەند هات ئەم لە ئاستیاندا دەستەوەستانە. ئەو لەبەر ڕۆیشتنی بەهرەیە لە وزەی داهێنانی شاعیر کەم ئەکاتەوە. من هەموو جارێ وتوومە دنیای شیعری هەڵمەت لە دوورەوە ئەوەندە جوانە حەزئەکەیت زوو بیگەیتێ، بەڵام کاتێ ئەچیتە ناوی بەهۆی ئەو بژارنەکردنەوە ئەبێ هەر بە پێوە بوەستیت و زۆر نەمێنیتەوە! وێنەی شیعری زیندوە و بێ تەکەلوفەو ئەچنە دڵەوە.) [1]