لە کاتێکدا مشتومڕەکان سەبارەت بە خوێندنی بە زمانی دایک لە تورکیادا بەردەوامی هەیە، ناوەندی توێژینەوەی ڕاوێست توێژینەوەیەکی سەبارەت بە زمانی کوردی ئەنجامداوە و تێیدا دەری دەخات کە ڕێژەی ئەو کەسانەی دەت#وان#ن بە زمانی کوردی بنووسن و بخوێننەوە لە ئاستێکی نزمدایە. بە پێی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە تەنها ڕێژەی 18 لە سەدی کوردەکان دەتوانن بە زمانی کوردی بنووسن و خوێننەوە، وە خواست لەسەر خوێندن بە زمانی کوردی بۆ لە سەدا 80 زیادی کردووە.
ئاوێنە: ناوەندی توێژینەوەی ڕاوێست توێژینەوەیەکی سەبارەت بە ئاستی زمانی کوردی لە تورکیا ئەنجامدا. توێژینەوەکە لە شارەکانی #دیاربەکر#، #ماردین#، وان و #ئورفا# ئەنجامدرا و تێیدا چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ 600 کەسی تەمەن 18 بۆ 30 ساڵ ئەنجامدرا.
لە چوارچێوەی توێژینەوەکەدا چەند پرسیارێک لە بەشداربووان دەکرا و وەڵامیان لێ وەردەگیرا. یەکێک لە پرسیارەکان بریتییە بوو لە “تا چ ئاستێک زمانی دایکت دەزانیت؟”، تەنها ڕێژەی 18 لە سەدی بەشداربووان لە وەڵامدا وتبوویان “هەم دەتوانم قسەی پێ بکەم و هەم بنووسم و بخوێنمەوە”، لە کاتێکدا ڕێژەی 26 لە سەدیان لە وڵامدا وتبوویان “دەتوانم قسە بکەم بەڵام ناتوانم بنووسم و بخوێنمەوە”، و ڕێژەی 24، 5 لە سەدیان لە وڵامدا وتبوویان “تێدەگەم بەڵام زۆر ناتوانم قسەی پێ بکەم”، و ڕێژەی 17 لە سەد وتبوویان “کەمێک تێدەگەم بەڵام هیچ ناتوانم قسەی پێ بکەم”، و ڕێژەی 14، 5 لە سەدیان وتبوویان “هەندێک وشە دەزانم یاخود هیچ نازانم”.
یەکێکی دیکە لە پرسیارەکان بریتییبوو لە “تا چ ڕادەیەک لەگەڵ هاوڕێکانت بە زمانی کوردی قسە دەکەیت؟”، ڕێژەی 15 لە سەد بە “زوو زوو”، و 28 لە سەد “ناو بە ناو”، و 40 لە سەد بە “بە دەگمەن”، و 17 لە سەد بە “هیچ قسەی پێ ناکەم” وەڵامیان داوەتەوە.
لە ڕاپرسییەکە تەنها ڕێژەی سێ لە سەدی بەشداربووان ناڕازی بوون لە خوێندن بە زمانی دایک، لە کاتێکدا ڕێژەی 84 لە سەدی بەشداربووان داوایان دەکرد خوێندن بکرێت بە زمانی دایک، و ڕێژەی 13 لە سەدی بەشداربووانیش پێیان وابوو دەبێت زمانی دایک بە جیا فێر بکرێت.[1]