ناونیشان: وێرانکردنی پەروەردە
نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
هەموومان ئه و ڕاستیە دەزانین، کە سێکتەری پەروەردە، وەک تۆڕێکی فراوانی کۆمەڵایەتی گەورە، هەموو کۆمەڵگە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم تۆڕە، پێویستی بە پلانی هەمە جۆری زانستی و هونەری هەیە، هەر کات بەباشی و دڵسۆزی بیر لەم سێکتەرە کرایەوە، ئەوە نیشانەی خواستی گەشەکردنی هۆشیاری و زانستی ئەسەلمێنێ، بەپێچەوانەشەوە، پشتگوێخستن و ئاوڕنەدانەوە لێی، هەنگاوە بۆ دواخستن و پاشکەوتویی وهێشتنەوەی کۆمەڵگە، له و ئاستە خراپە جێگیرە دواکەوتووەیدا.
زۆرنمونەی گەش و زیندوو، لەمێژووی هاوچەرخدا بەرچاوون، دەرخەری ئه و ڕاستیەن، کە پەروەردە کۆڵەکە و بەردی بناغەی ئایندەیەکی گەش و ڕوونی کۆمەڵگەیە، لە هەرێمی کوردستان، ئەم سێکتەر و کایە گرنگەی ژیان، نەک بەهەند وەرنەگیراوە، بگرە کراوەتە تاقیگەیەک بۆ بەئایدۆلۆژی و لەقاڵبدانی تاکەکان، ئەویش بەهۆی بێ پلانی و کارکردنی خراپ بەئاراستەی وێرانکردن.
هەژموونی هەردوو ئایدۆلۆژی ئیسلامی سیاسی و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، بەرچاوە، لەم ململانێ و کێبەر کێی سەپاندنی ئایدۆلۆژیا لەناو پەروەردەدا، زەرەرمەندی یەکەم، کۆمەڵگەی کوردی بووە، لەبوونی وەزارەتی پەروەردە و هەموو بەش و یەکەکانیدا، جێی داخو هەڵکێشانی هەناسەی ساردی بێ ئومێدییە، بەسەر ئەم هەموو کەسە شارەزاو نوسەرو توێژەرو لێکۆڵەرەی وەزارەتدا، بیرۆکه و پلان و ئامانجە باڵاکانی پەروەردە، بخرێنە لاوه و کاریان پێنەکرێت، لەجێی ئەمانە، حیزبەکان بەناوی بۆردو ڕێکخراوو کۆمیته و ناوچه و هەموو ئۆرگانەکانی تری حیزبەکان بەگشتی، ڕۆڵبگێڕن و چۆنیان بوێ وابکەن، ئەمە وێرانکردن نەبێ چییە؟
حیزب هەیە بۆ ئەوەی هەڵمەتێکی ڕاگەیاندن بکات، بەناوی بەرگریکردن لەوانەیەک، چەند مانگێک بە هەموو کادرو بەشەکان تا دەگاتە کەسی یەکەمی حیزب، دێن ئەیانەوێ، ئەجێندای تەسکی خۆیان لەناو پرۆسەی پەروەردە، جێگیربکەن، کە ئەمە بۆ هەموو ئایدۆلۆژیەکان هەڵەیەکی گەوره و زەقە، چونکە ناکرێ مناڵان بە بابەتگەلێک سەرقاڵبکرێن، کە لەڕووی پەروەردەییەوە، نەشیاوو نەگونجاون، بەپێی ئەزموون لەهەردوو جۆری بیری تەسک و دەستخستنە ناو پرۆسەی پەروەردەم بینیوە، هەم لەلایەن حیزبە بەناو قەومی و عیلمانیەکان، کە دەسلاتدارن و زۆر کاری خراپیان کردوە، هەم حیزبە بەناو ئیسلامیەکان، بەئێستاشەوە هەردوولا لەم کارەیاندا بەردەوامن، من لەگەڵ ئەوەم کۆمەڵگەی کوردی خاوەن کەلتورو ڕۆشنبیری ئایینی و کۆمەلایەتی خۆیەتی، پێویستە بە شێوازێکی زانستی و پەروەردەیی ئەم نەریت و ڕۆشنبیریە کۆمەلایەتیانە، ئاوێتە و ئاوێزان بن لەگەڵ پڕۆگرامەکانی خوێندن و ڕەچاوی تەمەن و ئاستی گەشەکردنی هزرو توانای وەرگرتنی ئه و بابەتانه و ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕەوشت و کرداری تاک، بەڵام ئەوەی بۆتە مایەی نیگەرانی ئەم هەموو ئاڵو گۆڕو داهێنانە گەورانە لەجیهاندا بە هۆی سۆشیالمیدیا و تۆڕەکانی پەیوەندی زوو بە ئێمه و جیهان دەگات، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کارمان لێناکات و دەرس و پەند وەرناگرین، وتەیەک هەبوو، دەیووت: (ئەگەر حیزب لەدەرگاوە چووە ژوور، زانست لە پەنجەرەوە، دەڕواتەدەر).
جاران مامۆستا و فێرکارەکانی کورد بەگیانێکی نەتەوەیی و ئایینی و خۆشەویستییەوە، کاریان لەسەر پەرەوەردە دەکرد، چەندین سرودی جوانیان، دەخستە ناو هزرو بیری منالانی کوردەوە، کێ دەتوانێ لە یادەوەری خۆیدا، ئه و سرودانە بسڕێتەوە؟
خوایە وەتەن ئاواکەی، چەند دڵگیروشیرینە
ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە، پڕ لە گوڵ و نەسرینە.
ئەگەر بەووردی لەم سرودە جوانە وورد بینەوە، کە (فایەق بێکەس) نوسیوێتی، زۆربەی ئەوانەی لەڕابردوو قوتابی بوون، ئەم سرودەیان ئەزبەرە، ئەم سروودە، لەپڕۆگرامی وانەکانی خوێندنیشدا نەبووە، تەنها مامۆستاکان بەهەوڵ و دڵسۆزی خۆیان کاریان بۆکردوە، لەم نمونەیەوە ڕۆڵی پرۆسەی پەروەردە دەکرێ، باشتر ببینرێت، مامۆستایانی ئەوکاتە، چونکە لەقاڵب نەدرابوون بە ئایدۆلۆژیای تەسک، کاریان لەسەر پەروەرده و فیًرکردن دەکرد، ئێستا حیزبەکان بەمەرام و نیازی خراپیان، پەروەردەیان بەرو ئاقاری کێوی هەزار بەهەزار، بەره و لێواری، خستنەچاڵی نەمان بردووە، کێڵگەی پرۆسەی پەروەردەیان، وێرانکردوە. [1]