1-سەرەتا پێویستە ئەوە بزانین، هیچ ڕێسایەکی کۆنکریتی نییە بۆ ئەوەی پێمان بڵێت، چۆن وشە بێگانەکان بنووسین، بەڵام باشترین ڕێگە ئەوەیە، وشەی کام زمان و نەتەوەیە، وەک خۆیان دەری ببڕین و بینووسین.
2-دەبێت وشە بێگانەکان بە پیتی ئارامی و ڕێنووسی کوردی بنووسرێن. نموونە: فەیسبووک، دۆستۆیڤسکی، کۆمپیوتەر، هارددیسک...
دەکرێت بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، بە زمانی خۆی بخرێتە ناو کەوانەوە: ئەڵڵا (الله) ، دیفاکتۆ (De facto) ، کۆمپارس (Comparsa) ...
3-ئەو دەنگانەی لە پیتی کوردیدا نین، پیتی دەنگی نزیک لە خۆیان بۆ دادەنێین. بۆ نموونە:
زە سەن: The sun
ساڵح: صالح
4-دەستەواژە بێگانە باوەکان کە لە هەموو زمانەکانی دونیادا بەکار دێن و جێگیر بوون، وا باشترە ئێمە بە دەنگی زمانی ئینگلیزی وەریان بگرین، چونکە لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی کوردستاندا، زمانی فەرمیی خوێندنە.
بۆ نموونە: سایکۆلۆجی، بایەلۆجی، کۆلێج...
هەندێک بە دەنگی فەڕەنسی دەیانخوێننەوە. هەڵە نییە، بەڵام لەبەر ئەو هۆکارە لۆجیکییەی باسم کرد، بە دەنگە ئینگلیزییەکە ڕاستترە. (ئەها نووسیومە: لۆجیکی، نەوەک لۆژیکی!)
5-کاتێک وشەیەکی عەرەبی وەردەگرین، دەبێت بزانین، هەموو ویەک لەو زمانەدا، بە کوردی بەو دەنووسرێت و هەموو زەممەیەک واتە ئەو بۆرەی بەسەر پیتەکەوەیە (ُ) ، دەبێتە یەک و.
نموونەی و کە خۆی بە عەرەبی و دەنووسرێت: حوکوومەت، سووریا، سعوودیە...
نموونەی و کە خۆی بە عەرەبی زەممە ُیە: دونیا، قورئان، کورسی، بورهان...
6-هەموو پیتێک لە عەرەبیدا شەددە ی لەسەر بێت، بە کوردی پیتەکە دووبارە دەبێتەوە.
نموونە: ماددە، سوننە، حەللاج...
مەگەر وشەیەک بە کوردی، بە شێوەیەک خەڵکی لەسەری ڕاهاتبن. بۆ نموونە، مەرج نییە وشەی موحەممەد وەک خۆی بنووسین، لەکاتێکدا خەڵک بە محەمەد ڕاهاتوون و گرفتێکی زمانەوانی درووست ناکات. خۆ ئەویش بە ڕاستی بنووسرێت، باشترە. [1]