شەوتێ
یەکێکە لە نەریتەکانی ناوچەی پشدەر کە خەڵکی پەیڕەوی لێدەکەن، ئەم نەریتە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی (تا) بەکاردێ، ئەو جۆرە تایەی کە بە شەو جەستەی مرۆڤ دەگرێ و دەگاتە ئاستێکی بەرز کە بوو بەڕۆژ وردەوردە تاکەی کەم دەبێتەوە، واتە: مرۆڤە تۆشبووەکە تەنیا بە شەو تا دەیگرێ، نەریتەکەش بۆ چارەسەی (تا) کە بەم شێوەیەیە ئەنجامدەدرێ:
پیاوێکی ماڵی نەخۆشەکە بەرانبەر ماڵی پیاوێک دەوەستێ کە دوو ژنی هەبێت، هاوار لە پیاوی دوو ژنە دەکات و دەڵێت:
هەیتێ هەیتێ بەشەو هەیتێ
بە ڕۆژ بەردەدات، بە شەو دەیگرێ
خاوەنی چوار چاوان چی دەرمانە
ئەو پیاوەی کە دوو ژنی هەیە، لە ماڵەکەی خۆیەوە وەڵامی دەداتەوە و پێ دەڵێت: شتێکی بۆ بکە بەخێر کە سەرببڕدرێ و خوێنی لێبێت پاشان نەخۆشەکەت چاک دەبێتەوە.
پیاوی دوو ژنە بەپێی بوون و نەبوونی خاوەن نەخۆشەکە بڕیار دەدات، گەر خاوەن نەخۆشەکە دەستی کوورت بێت، داوای (مریشک، مراوی، کەڵەباب، قازی هتد..) لێدەکات، گەر خاوەن نەخۆشەکە دەوڵەمەند بێت، بۆ خێر داوای (مەڕ و بزنی) لێدەکات.
بەو شێوەیە پیاوی دوو ژنە داوای چی لە خاوەنی نەخۆشەکە کرد بیکا بەخێر، بە نیازی چاک بوونەوە نەخۆشەکەی، پێویستە خاوەن نەخۆش داواکە جێبەجێبکات و خێرەکەی بۆ بکات.
بە پێی ڕێوڕەسمی ئەم نەریتە کە خەڵک باوەڕی پێیەتی و بۆ نەخۆش ئەنجام دەدرێت، دوای ئەنجام دانی نەخۆشەکە چاک دەبێتەوە.[1]
لە کۆنەوە لە گوندەکانی کوردستان دیاردەیەک باو بوو، ئەویش ئەوە بوو: (شەوتا شەوتا بەشەو دەگری تا بە ڕۆژ بەردەدا ماخۆی چوارچاو چ دەرمان دەدا) بابزانین شەوتا چییە؟ کاتێک کە منداڵێک نەخۆش دەکەوت دیارە بە ڕۆژ تای نە بووە کەچی شەو دادەهات ئەو منداڵە تا دایدەگرت دیارە یان باو بووە یان سە ڵمێنراوە ماڵی نەخۆشەکە چەند منداڵێکیان کۆدەکردەوە بەشەو و بەرەو ماڵی ئەو کەسە دەچۈون کە دوو ژنی هەبوو تا بەردەرگای ماڵی خاوەن دوو ژنەکە هاواریان دەکرد (شەوتا شەوتا بەشەو دەگری تا بە ڕۆژ بەردەدا ماخۆی چوارچاو چ دەرمان دەدا.) ئەمیش کە گوێی لە هاتوهاواری منداڵەکان دەبوو بەپەلە دەهاتە دەرەوە و ڕووی لە منداڵەکان دەکرد و دەیوت فڕوجاوی بدەنی (انشاءالله) چاک دەبێتەوە، ئیتر منداڵەکان بەرەو ماڵی نەخۆشکە دەگەڕانەوە و دەیانگوت: خاوەن دوو ژنەکە وتی فڕوجاوی بدەنێ، ئەوانیش هەربەم شەوە فڕوجێکیان بۆ سەر ئەبڕی و دەرخواردی نەخۆشەکەیان دەدا.[2]