یادی (76) ساڵەی دامەزراندنی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، بە گەرمی لە جەنابی سەرۆک #مەسعود بارزانی#، مەکتەبی سیاسی، سەرکردایەتی و تەواوی ئۆرگانەکانی پارتی و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کادیران و ئەندامان و لایەنگران و دڵسۆزان و جەماوەری پارتی و گەلی کوردستان بەگشتی پیرۆز دەکەم.
یادکردنەوەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرزڕاگرتنی مێژوویەکی گرنگی بەرخودان و خۆڕاگریی شۆڕشگێرانە و مەدەنیانە و ڕێزگرتنە لە تێکۆشان و قوربانیدانی گەلی کوردستان کە لەژێر سەرکردایەتی و ئاڵای پارتیدا خەبات و تێکۆشانی بۆ ئازادی و ڕزگاری کردووە و قوربانی داوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پێداویستییەکی مێژوویی لە ڕۆژگارێکی سەختدا بە سەرکرایەتیی بارزانیی نەمر و لەسەر دەستی کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی کوردستان دامەزرا کە خەون و خۆزگە و هیواکانی گەلی کوردستانی کرد بە بەرنامەیەکی سیاسیی ڕزگاریخوازی و هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانی گەلی کوردستانی کۆکردەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام هەڵگری بیروباوەڕێکی نیشتمانیی ئاشتیخواز و دیموکراسیخواز بووە و ئەزموونی ساڵانی دوورودرێژی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و یەکترقبووڵکردن و لێبووردەیی لە بنەما سەرەکییەکانی کولتوورە سیاسییەکەیەتی، داکۆکیکردن لە مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بە جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینییەوە، بڕوایەکی نەگۆڕی پارتییە و قوربانیی گەورەی لەپێناودا بەخشیوە.
ئەمڕۆ لەم یادەدا لە هەر کاتێک زیاتر کوردستان پێویستی بە تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانییەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەحەدییەکان و پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان و هەنگاونان بەره و داهاتوویەکی باشتر. دەبێ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراقیشدا هاوکار و پشتیوان بین بۆ دەربازبوونی وڵات لەو دۆخە چەقبەستووە سیاسییەی کە تێکەوتووە.
بەرز و پیرۆز بێت یادی 16 ئاب، دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان.[1]
#نێچیرڤان بارزانی#
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
16/ 8/ 2022