ڕۆڵی ژن لەبەیت و باوی فۆلکلۆری کوردی دا
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
بەپێی ئه و شارەزایانەی لەبواری گۆرانی و مۆزیک و فۆلکلۆریان کۆڵیوەتەوە، دەربڕینی گۆرانی لەهەستی ناخی مرۆڤ دا زۆر کۆنە، لەوانەیە سەرەتا بەنزا و پاڕانەوەی ئایینی بۆ خواوەند دەستی پێ کردبێ و دواتر بەئاوازی ئەدەبی جۆش و خرۆشی ناخی مرۆڤ گەشەی سەندبێ، تا لە ئازار و نەهامەتی ڕۆژگار بحەسێتەوە و کەمێ گوڕ و تینیان بەبەردابێنێتەوە.
کوردیش وەک مرۆڤێکی خاوەن زەوق و هەست ناسک، بۆ کەیف و خۆشی، لەگەڵ دیمەنی دڵڕفێن و سروشتی سەرنجڕاکێشی نیشتمانەکەی، لەداوێنی کەژ و کێو و بناری چیا و پێدەشتی نیشتمانەکەیدا، لەزەماوەند و ژنهێنان، لەگەشت و سەیران، لەکار و دروێنە و خەلە و خەمان، دەنگی لێ هەڵبڕیوە و گۆڕانی چڕیوە و هەرجارەی لەهەوایەک ناخی خۆی هەڵڕشتووە، کوڵی دڵی خۆی بەگوێی چیاکان داداوه و دەروونی خۆی دامرکاندۆتەوە . لەکاروانی بەردەوامی ڕۆژگار و لەئاکامی هەوراز و نشێوی ژیاندا، بەیت و حەیران و گەلۆ و لاوک و مەقام و قەتار و هۆرە و سیاچەمانە و ئاوازە کوردییەکانی داهێناوە، بەشی زۆری له و بەیتانەدا لاواندنەوە و پێداهەڵگوتن و شینگێڕانە، بەمەش خەمی خۆی ڕەواندۆتەوە.
بێگومان لەناو ئاواز و فۆلکلۆری کوردیدا ژنیش جێگای دیاری هەیە، لەکاتی کار و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیدا گۆرانی وتووە و دەنگی زوڵاڵی بردۆتە پاناوک و لاپاڵی چیا و نێو ئەشکەوت و گوێچگەی ئه و خانمە شۆخانەی سەرکانی و کانیاوەکانی بەئاوازە خۆشەکانی پڕ کردووە، دەکرێ بۆ ئه و مەبەستە ئاوڕێک لەبەیتە فۆلکۆریەکانی وەک: مەم و زین، خەج و سیامەند، لاس و خەزاڵ، قەر و گوڵەزەر، بارام و گوڵندام، کاکەمیر و کاکەشێخ، شۆڕمەحمود و مەزرزینگان بدەینەوە، کە ژن لەم بەیتانەدا ئامادەیی باشی هەیە، لەم ڕوانگەیەوە لەدیدی زۆرێک لەهونەردۆستان، ژن سێ وێنای هەیە لە هونەردا:
یەکەم/ ژن وەک بەرهەمهێنەری هونەر (سەرچاوەی هونەر)
دووەم/ ژن وەک بینەرو بیسەری هونەر (کارتێکراوی هونەر)
سێیەم/ ژن وەک بابەتی هونەر
بێگومان ژن لەهەرسێ بواردا ئامادەیی تەواوی هەیە، بەڵام ئەوەی ئێمە مەبەستمانە ژن لە بەرهەمهێنانی ئەدەبی فۆلکلۆردا چ ڕۆڵێکی هەبووە ؟ یان چ ڕۆڵێکی پێ دراوە، چونکە ئەمە جیاوازی هەیه، لەنێوان ڕۆڵ بینینی ڕاستەوخۆ یان ڕۆڵ پێداندا.
لەخاڵی دووەم و سێیەمدا ڕۆڵی ژن وەکو کەسایەتی بینەر یاخود کەسایەتی چیرۆک دەبێتە پرس، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە خاڵی یەکەم پرسی سەرەکی بریتیە لەڕۆڵی ژن، وەکو بەرهەمهێنی چیرۆک، له و بارەیەوە ڕەهبەر مەحمودزادە دەڵێت: پرسیاری یەکەم لە چۆنیەتی ئۆبژە بوونی ژن لەناو ئەدەبی فۆلکلۆری دەکۆڵێتەوه و پرسیاری دووەم لە چۆنیەتی سووژه بوونی ژن لە کۆمەڵگای نەریتی کورد ورد دەبێتەوە، پرسیاری یەکەم وەکو فانتازیایێکی خوڵقاوی دەستی پیاو گرنگی بە ژن دەدا، بەڵام پرسیاری دووەم واقیعێک، ژن بۆخۆی دروستی دەکا و بە ناوی ژن دەیناسێنێ، بەرجەستە دەکاتەوە، پێم وایە وەباڵ کێشان بۆ ئه و ڕاستییه زۆر دژوارنییە، لە کۆمەڵگایەکی نەریتی دا دەوری ژن وەکو ئۆبژە بەرچاوتربووە، هەتا وەکو سووژە، ژن فانتازیای پیاوبووە، ڕاستە جوانترین و زۆرجاریش گرنگ ترین فانتازیای پیاوبووە، بەڵام کاتێک خودی ژن فانتازیایێکی هەبووە نەیتوانیوە بە ئازادی بیکا بە بەرهەمێکی ئەدەبی و هونەری، هەر نەبێ هێندەی پیاو ئه و ئازادییەی نەبووە، کەوایە سەیرنییە ئەگەر بڵێین لە کۆمەڵگای نەریتیدا سیمای ژن زیادتر لە چوارچێوەی ئۆبژە دا لە قالب دراوە و کەمتر لە چوارچێوەی سووژەدا خۆی نواندووە.
بەسەرنجێکی دڵگیرانە لەزۆربەی بەیتەکوردیەکاندا بەڕواڵەت ژن هۆنەر و داڕێژەری بەیتەکەیە، بەڵام ئێمە هەر لەزاری پیاوانەوە بیستومانە ، دەنگی هیچ ئافرەتێک بەتۆمارکراوی نەماوتەوە، بەیتی کاکەمیر و کاکە شێخ، ئازیزێ، بەشێکی زۆر لەحەیرانەکان، بەیتی سوارۆ، زۆر بەیتی دیکەمان هەن، لەڕواڵەتدا خوڵقێنەری ئه و بەیتانە ژن بووە، کەچی بەدەنگی ئافرەت بەرهەمێکمان لەبەردەستدانیە، ئەوەی هەیە لەزاری پیاوانەوە بەئێمە گەیشتووە، هەرچۆنێک بێت وردبوونەوە له و بەیت و حەیرانانە ڕاستیەکمان بۆ ڕوون دەکەنەوە، بەهۆکاری نەریتی کۆمەڵگا یان نەبوونی دەرفەت، ژنی کورد وەک پیاوان مەیدان و ڕێگای پێ نەدراوە، لەمەیدانی گوتن و خوڵقاندنی حەیران و بەیتە فۆلکۆریەکاندا ئەسپی خۆی تاو بدا، عەلی خزری نووسەر و ڕووناکبیری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدیمانەیەکدا لەبارەی حەیرانەوە ئاوا وەڵامی دیمانەکار جەعفەر حسین پوور (هێدی) دەداتەوە:
هەندێک جار دەگوترێت حەیران لەلایەن ژنانەوە گوتراوە، یا کاری پیاوان نەبووە، بۆچوونێکی تەواو ئەقڵ پەسندە، ڕەنگە بووبن، یان تائێستاش هەبن ژنانێک حەیران بڵێن، دڵنیام لە چوارپارچەی کوردستان ڕادەیان ناگاتە دەکەس، بەپشتیوانی کام بەڵگە و بنەما ئەم قسەیەدەکەن، ئەوەی دەیڵێن باللۆرەیە، حێ بووکێ یە، هەی تەختە تەختەیە، هەوای مەشکەژاندن و مانگا لاواندنەوەیە، لای لایەی منداڵ و شینی مردوو...یە، نەک حەیران، لەکاتێکدا هیچ پیاوێک بەدی ناکەی باللۆرە یان هەوای مانگا لاواندەنەوەی تایبەت بەژنانە کوتبێتەوە، یان وەک شتێکی پیاوانە بیڵێتەوە، بەڵێ حەیران خۆشتربوو، ژن گوتبای، بەڵام ژنی کورد هەرچەندە لەچاو ژنانی نەتەوە هاوسێیەکانەوە سەربەستی زیاتر بووە، بەڵام هیچ کات ئه و سەربەستیە نەگەیوەتە ئه و ڕادەی لەمۆسیقادا چالاکی هەبێت، ئەگەر کوڵ و کۆیەکی لە دەرووندا بووبێ، بەبیانوی لاواندنەوەی منداڵ، ئەگەر ویستویەتی ڕەخنەبگرێ و ڕق و کین بڕێژێ بەباللۆرە و ئەگەر ویستوویەتی بەڕیتم دەروونی لەگرفتەکانی ڕۆحی پاک بکاتەوە، بەئاهەنگی مەشکەژاندن سوکنایی هاتوەتێ، ژنی کورد زگماک هۆنەربووە، ئەوەی ئه و لە لایەلایە و باللۆرە و مەشکەژاندن و شینگێڕی مردوو و...دا، وەک هۆنراوە خوڵقاندوویەتی لەباری ناوەرۆک و جوانیناسیەوە بێ وێنەیە و پیاوی کورد لەکاری مۆسیقادا، ئه و سوژە و دیالێکتانەی لەژن وەرگرتووە و لەحەیران دا لەزمان کیژەوە دەگوترێ، ئەمانەتدارییەکه لەلایەن پیاوەوە، ئەگینا ژن ئەویش ڕاستەوخۆ، کەی ئه و دەرفەتەی بووە، توانا کانی خۆی لە مۆسیقادا بێنێتە مەیدان، ئەویش لەسەردەمێکدا تەنانەت بۆ پیاویش گۆرانی کوتن بەکارێکی سووک دانراوە.
بەسەرنجدان لەوەی ئەدەبی فۆلکلۆر ئەدەبی بەر لە خوێندەواری و قوتابخانەی گەلە، دەبێ ئاوڕ له و شوێنانە بدەینەوە ئه و ئەدەبەی لێ بەرهەم هاتووە، لەوێوە پەرەی پێدراوە، هەموو بەڵگەکان ئەوە دەسەلمێنن، شوێنی پەرەپێدانی بەیت و پشتگیری بەیتبێژان دیوەخانی ئاغا و دەرەبەگەکان بووە، پێشتر دیوەخان باڵاترین دەسەڵاتی نێوکۆمەڵگای کوردەواری بووە، لەدیوەخانەکاندا حەیرانبێژ و خۆشخوان کۆکراونەتەوە و پاداشت و بەخشیخش کراون.
لەلایەک دیوەخان شوێنی کۆبوونەوەی پیاوان بووە و ژن بەهیچ شێوەیەک ڕێی نەکەوتەوەتە دیوەخان و لەئاکامدا هیچ پاڵپشتێکی نەبووە، کەسەیری ئه و لایەنەی دیکەشیان دەکەین، تەنانەت پیاوەکانیش ڕێگای هونەرەکەیان بێ کۆسپ و لەمپەر نەبووە، بەردەوام مەترسی فتوایەکی ئایینیان لەسەربووە، دەی دەبێ ژن چ ڕێگایەکی لەبەر بووبێت، ئه و چەند نمونەی هێنامانەوە ڕوون و ئاشکرا پێمان دەڵێن هۆکاری ون بوون و دیارنەمانی دەنگی ژن چ بووه، پێوەندییەکانی ناو کۆمەڵگا زۆر کەم تر بواری ئەوەیان پێ داوه خۆی تابڵۆیەک بنەخشێنێ.
لەگەڵ ئەوەشدا لەئەدەبی بەرهەمهاتووی فۆلکلۆری دا ژن ڕۆڵی دیاری هەیە، تەنانەت لەباری جوانیناسانەوه سیما و ئادگاری بە شێوەیێکی زۆر ناسک و مینیاتۆریش نەخشاوە و دەستی تەواو نەبەستراوە ، ڕاستە سیمای ژن وەکو سووژە لەناو ئەدەبی فۆلکۆری دا کاڵ تره، بەڵام تەواو ون و نادیاریش نییە، بۆ نموونە لە ئەدەبی فۆلکلۆری دا حەیرانی ژنان و گۆرانیی ژنان هەیە، لە م بەرهەمانەدا تێم و گۆشەنیگا بەڕاستی لەگەڵ گۆشەنیگا و تیمە باوەکانی ناو ئەدەبی فۆلکلۆریدا جیاوازییان هەیە، له و بەرهەمانە دا ژن دەورێکی کارا دەبینێ و خۆی تابڵۆ دەنەخشێنێ و تا ڕادەیێک فانتازیاکانی لە کروتەونێکی هونەریدا دەچنێ. بەیتی لاس و خەزاڵ یان قەر و گوڵەزەر نموونەیێکە بۆ ئه و بەیت و چیرۆکانە، لە گەڵاڵەی چیرۆکی ئەم بەیتانە دا تەنانەت بۆ ئەوەی ژن وەکو سەرۆک عەشیرەتێکیش دەور بگێڕێ، هیچ سڵەمینەوەیەک لەگۆڕێ دا نییە.
مامۆستا هێمن موکریانی دەفەرموێت: سەرەژنی واش هەبوون، لەوەختی ئاساییدا بەیت و حەیرانیان بۆ مەجلیسی ژنان دەگوت و لەشینگایان بەئاهەنگێکی زۆر پڕسۆز بەمردوویان هەڵدەگوت، قەتم دەنگی خۆش و ئاهەنگی پڕسۆز و بەجۆشی فاتەڕەشی لاچینی و ژنی ئاغای لەبیرناچێتەوە، مەنیج حەیران و زڵەخا چوختیش، دووژنی بێباک و شاری مەهاباد بوون، دەفەیان لێ دەدا و گۆرانی داوەتیان دەگوت و شایەری شایی بوون، هیچ لەپیاوەکانی ئاواڵیان نەدەمانەوە، بەتایبەتی مەنیج کە خەڵکی سابڵاغ و لەخێزانێکی دەوڵەمەند و بەناوبانگ بوو، بۆ خاتری هونەرەکەی دەستی لەخزمەکانی هەڵگرتبوو.
مەنیج حەیران لە سەردەمانێکدا هاتووەتە مەیدانی هونەر و حەیرانبێژیدا، کۆمەڵگا ی کوردی زۆر بەچاوی گومانەوە ڕووانیویانەتە هونەر و گۆرانی، له و سەردەمە هەموو پیاوێک زاتی ئەوەی نەدەکرد بێتە دنیای هونەر و گۆرانییەوە، نەخوازەڵا ژنێک بیەوێ هەڵبکەوێت، لەناو کۆمەڵگا یەک کە زۆر لەمێژ نەبوو ڕێ بەژنان درابوو بچنە قوتابخانە، دەبێ چەند ئەستەم بێت بۆ ژنێک بیەوێ بێتە ناو دنیای هونەرەوە، بۆیە لێرەدا گرنگی دەرکەوتنی ئەم ژنە زیاتر دەردەکەوێت.
نەسرین شێروان یەکێکە لەو ژنە بوێرانەی لەسەرەتای سەدەی ڕابردوو لەدایک بووە و دواتر دەستی بەگۆرانی کردووە، له و سەردەمە ئه و کاری هونەری کردووە، ژن نەیوێراوە گۆرانی بڵێ، کە لە تێڕوانینی باوی کۆمەڵگای کوردی گۆرانی ووتن بە تایبەتی بۆ ژنان عەیبە و شورەیی بووە، ئه و ژنانەی گۆرانییان دەگوت بەپەنجەی دەست دەژمێردران، ئه و توانیی زاڵ بێ بەسەر بەربەستە نەریتیەکانی کۆمەڵگای ئه و سەردەمە و ئه و کۆت وبەندانەی شکاند، به و پەڕی جورئەتەوە هاتە ناو دونیای هونەر و توانی گەنجینەی گۆرانی فۆلکۆری دەوڵەمەند بکات.
یەکێکی تر له و ژنانە زولێخا وەلی لەباشووری کوردستان، ئاواز و گۆرانی دەخوێند و گۆرانی داوەتی دەگوت و شایەری شایی بوو، تەنانەت من (نووسەر) بینیومە لەشایی پیاواندا گۆرانی وتوە و هیچ لەپیاوەکانی ئاواڵی کەمترنەبوو، زۆر ژنیش هەبوون بەئاوازی شینگێڕی لەپرسەی مردووەکانیان بەرهەمی جوانیان دەخوڵقاند، هەرچەندە لە کۆمەڵگەیەکی بچووک و داخراوی ئه و سەردەمەدا، گۆرانی گوتن و دەفلێدان لە شایی و زەماوەند بەتایبەت بۆ ژن کارێکی ناپەسند بوو ، ئەوپەڕی شارەزایی و هونەری خۆیان نیشان داوە.
لەم تێڕوانینەوە ئەوە دەسەلمێندرێت حەیرانبێژ لەهەردوو ڕەگەزدا هەبووە و تەنانەت زیاتر بەلای ئەوەدا دەشکێتەوه، حەیران زیاتر بەرهەمی ڕاز و مرازی خەفەکراوی ژن بووبێت، تا لەوەی گوزارشت لەوەی پیاو بکات، تەنانەت زۆرێک له و حەیرانانەی پیاوانیش دەیچڕن، پڕن لە داخوازی و حەسرەتەکانی ژنان، کە گوایە کچەتیم حەیران بە کوڕەتیم حەیرانی وەها و وەهای گووتووە، تەنانەت زێدەڕۆیی نابێت ئەگەر بگوترێت؛ کارەکتەری سەرەکی و تەوەری سەرەکی زۆرێک لە حەیرانەکان ژن و ڕاز و ئەڤیندارێتی ژنە ، ئەمەش ئەوە دەخاتەڕوو حەیران تاڕادەیەک مۆرکی ژنانەی پێوە دیاره، پاشان لەگەڵ تێپەڕبوونی قۆناخەکانی باڵادەستی پیاوسالاریدا تاهاتووە پیاوانیش داخوازی و ڕاز و حەسرەتەکانی خۆیان تێوە ئاخنیوه و تێکەڵی ڕاز و نیازەکانی ژنان بووه، کە دابونەریت و باوەڕییە کۆنەپارێزەکان خەفە و چەپاندوویانە ، تەنانەت هەندێک له و حەیرانانەی حەیرانبێژانی ژن دەیچڕن تایبەتن بە خودی ژنانە ، وەک شێوازێکی لاواندندەوە و سەردولکە و شیوەنگرتن لە کۆڕ و مەجلیسی ژناندا گووتوویانە، لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت لەبەیت و گۆرانی کوردیدا ژن ئامادەیی تەواوی هەبووە، چ وەک پرسی چیرۆک و چ وەک خوڵقێنەری چیرۆک لە بەیت و باوی فۆلکۆری دا.[1]
تێبینی: سەرچاوەکان لەلای نووسەر پارێزراون.