ناکۆتا مێتافۆر... دەربارەی کتێبە شیعری (#بەلەمی نادیار#)ی #سامی هادی#
#سۆران نەقشبەندی#
ژانری شیعر لە جیهانی ئەدەبیاتدا بە یەکێک لە ژانرە هەم ئاسانەکان هەم زۆر ئەستەمەکان ئەژماردەکرێت، ئاسان تا ئەو کاتەی وەک حەزێک و لەقۆناغی لاویەتی خۆتت لێدەبێتە شاعیری گەورەو، وادەزانی کە بە خوێندنەوەی ئەو شیعرە بۆ دڵدارەکەت هیچ کێشەیەک نامێنێ، و لەبەرخاتری شیعرەکەت دڵدارەکەت ڕازی دەبێت و بۆ هەتا هەتایە لەگەڵتا دەمێنێتەوە، ئاستەمە ئەو کاتەی ئەم کەفوکوڵە کاڵدەبێتەوە و دەمێنیتەوە شیعر بەروتی و ژیان بەگشتی.
ئەوەی کە شیعری پێدەناسرێتەوە چەند پێودانگێکن کە تارادەیەک بەپێی زەمەن و پەرەسەندنی بواری ئەدەبی، گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، وەک چۆن کێش و سەروا بوە قوربانی پێشکەوتنی ئەدەبیات و مانا بوە جێگرەوەی فۆرم لە دەقەکاندا، سەرەڕای هەموو ئەوانە، ئەوەی شیعر و شیعریەتی پێدەناسرێتەوە لەدوای فۆرم و کێش و سەرواوە، ناوەڕۆک، بابەت، شێوازی دەربڕینە، کە دیسان ئەمانیش بە تەنیا نین و بۆ هەرکامێکیان چەندین تەکنیک و ئامرازی خۆی هەیە کە دڵنیام دەقی باش خاڵی نابێ لە هیچ کام لەو پێودانگانە.
کتێبە شیعری بەلەمی نادیار دوا بەرهەمی شیعریی هاوڕێی شاعیرمان سامی هادی یە، کە ڕەنگدانەوە و قسەی دڵی کەسێکە کە لەم سەردەمەدا نمونەیان کەمبۆتەوە، سەرەرای ئەوەی خۆی وەک شاعیرێک ناناسێنێت، بەڵام ئەوانەی دەیناسن زیاتر لەخۆی بە شاعیری دەزانن، ئەو دەربڕینەکانی جیاوازییەکی دڵخۆشکەریان تێدایە، کە هەمیشە لەدەقەکانیدا بەدوای چڵەدارێکدا دەگەڕێت کە چاکەتی خەمۆکی پیابکات و تاوێک لەسەر تەنافی نۆتەی وشەکان سەمابکات.
لەشیعردا فەنتازیا و مێتافۆر پێکهێنەری سەرەکی دەبن، ئاگایی زۆری سامی هادی لە دونیا جیاوازەکان و کایە جیاوازەکانی هونەر و ئەدەبیات بە سەرجەم بەشەجیاوازەکانیەوە، وایکردوە لەجیاتی وشەیەک بۆ شیعرێکی چەندین وشە و دەربڕینی هاندێجار زیاد لە پێویستیش بنوسێت، ئەو شیعرانەی ئەو دەیاننوسێت، وەک خۆی دەیاننوسێتەوە، هەمیشە لە شیعرەکانیدا گوێت لە موزیکێکی باخ یان ڤیڤاڵدی دەبێت بە کزی، خەسڵەتی شیعرییبون دەداتە ئەو وشانەی کە لەدەرەوەی شیعرەکانی ئەودا زبرترو زەنگتر بەکارهاتوون، ئەو ڕەنگی تایبەت بەخۆی دەگرێتەوە و دەیدات لەسەروگوێ وشەکان، بەمەش پاڵێکی گەورە بە دەربڕینەکانەوە دەنێت کە باشتر و جوانتر بگەنە گوێی خوێنەر و وەرگر.
هەندێک وشە و دەربڕین و ناو هەن کە بەدرێژایی مێژووی ئەدەبیاتی جیهان مۆرکێکی پۆیەتیکی یان شاعیرییان تێدایە، بەتایبەت لە ژانری شیعردا، لە (ۆردسۆرد) ی کلاسیکەوە تاکو ئەمڕۆش دەقی شیعرییان پێ بەهێز و پایەدارکراوە، کاتێ کە هەریەک لەم وشانەی ناو کەوانەکەو سەدانی وەک ئەوان دەبینی، بێ وەستان مێشکی مرۆڤ پێشبینی دەربڕینێکی ئەدەبی دەکات لە بەرامبەرەکەی، لەوانەش وەک نمونە هەندێکی کەم لەو دەستەواژەو وشانە دەهێنینەوە کە سامی هادی شیعرەکانی پێ تەنیوە، (ئاوێنە، باڵندە، دەریا، شەو، مانگ، باران، باخ، شەپۆل، مەستی، فڕین، شەو، چرا، تەنیایی.....هتد). هەریەک لەم دەستەواژانە جیا لە واتاکانی خۆیان، زۆرجاران وەک مێتافۆری بەهێز لەنێو دەقەکاندا دێن و دەچن، تەنانەت دەتوانین بڵێین شاعیر هێندە لە شیعرەکانیدا دەژی، بەجۆرێک لە هیچ دەقێکی خاڵی نیە لە چەندین مێتافۆر و دەستەواژەی لەوانەی سەرەوە و چەندینی تریش، کە ئەمەش خۆی بۆ خۆی پنتی جیاوازی زێڕینی هادیە لە شیعرەکانیدا، بۆ ساتێکیش شاعیر نایهەوێت خوێنەر دابڕێ لەو دونیا شیعریە تایبەتەی کە بە وێنە و وشە سازاندویەتی بۆ خۆی و خوێنەرانیش.
خاڵیکی دیکەی سەرنجراکێش لە دەقە شیعریاکانی سامی هادی، دۆزینەوەی ڕەگەزی مێیە لە نێو کارەکانیدا، هەردەم پیاوێک دەبینی کە بە زمانێکی پیاوانەی ڕەها دەدوێت و وەک مرۆڤێک باس لە خەم و ئازار و خۆشیەکانی دەکات، ئەمما هەمیشە ڕەگەزی مێ ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە کایەکانی ناو تێکستەکانیدا، بەجۆرێک کە بێ بوونی وشەیەکیش کە باس لە ژن بکات، لەپشتی دێڕەکانەوە و لەنێوان دێڕەکانی هەمیشە مێینەیەک بوونی هەیە، لەوپەڕی جوانیدا دەردەکەون و بروسکە ئاسا نامێنن. ژنەکان لە شیعرەکانی هادیدا، هەردەم خۆشەویستی دەبەخشنەوە، ئازارەکانیان باسدەکەن، خۆشیەکانیان لەگەڵ دەورەبەر بەشدەکەن، کەچی هەردەم لەکاتی ناخۆشیەکانیاندا بەتەنیا دەبینرێن کە دەگرین، کە بێزارن کە دڵتەنگن، ئاشکرایە کە بەیانگەری هەلمومەرجی نالەباری ژن و ئەو دڵتەنگیانەیەتی کە زۆرجار پیاوەکان بۆیاندروستدەکەن، تەنها بەوەی کە پیاون.
حەسرەتێکی دێرین لە دڵی دێڕەکاندا دەبینین بۆ شتگەلێک کە کاتیان بەسەرچوە و نەکراون، ماچگەلێکی زۆر بە بێ ئەوەی بکرێن لەو زەمەنەدا دەسوڕێنەوە، شەرابگەلێکی زۆر ماون بخورێنەوە، چیرۆکەکان کورتکورتن و زوش تەواو دەبن، بۆیە شاعیر لە زۆربەی دەقەکاندا پەنا دەباتە بەر ئەو میتافۆر و یەکە تێکستیانەی کە ماندگارترن و زیاتر دەمێننەوە، بەمەشەوە نەوەستاوە، وەک تەماحبازێکی ئەدەبی دەردەکەوێت کە تەماحی لەوەیە بەردەوام دەربرێنەکانی پڕبن لە (ترین) کە بەرزترین پلەی بەراوردە، واتە بارانی نێو ئەم دێڕانە درەنگتر خۆشدەکاتەوە، بەفرەکان سپیتر و دونیا لای ئەو ساردترینە، ئاگری ئەو بەس ناتسوتێنێ بەڵکو لە پێوانەیا گەرمترینە، ئازارەکانی گەورەترینە، بۆیە دوای خوێندنەوەی دەقێکی سامی هادی دەتوانی بزانی کە چەندە ئازاربەخشبوە ئەو جیاییەیان و چەندە دڵتەزێن بوە تەنیایەکانی، وەک چۆن دەشتوانی بە ئاسانی ئەوەش بزانی کە چەندە خۆشبوە کاتە خۆشەکانی کەنار دەریا و شەرابخواردنەوەی بەر مانگەشەو و ڕوتبوونەوەی بەرباران و ئاگردان، ئەم حەسرەتی زۆرتین بەیانکردنەو وا دەکات دێڕەکان زیاتر پاراوبن و وێنەکان زیاتر ڕوونبن، کە دەتوانین شیعری سامی هادی پێ جیابکەینەوە.
ئەوەی ماوە دەربارەی کتێبی شیعریی (بەلەمی نادیار) ی سامی هادی بوترێت، ڕەنگە ئەو ڕاسپاردەیە بێت کە داوابکەم هەمووتان سامی هادی بخوێننەوە، ئەو لە جیاتی هەموو شاعیرەکان بەردی کۆتایی لەسەر قەبری هەندێک فۆرمی شیعری داناوە کە ئەستەمە بتوانین بە ئاسانی لایانبدەینەوە، لەگەڵ ئەوەی کە سەردەم گۆڕاوە و کەمتر تاقەت و توانا ماوە بۆ خوێندنەوەی دەقی باڵا و درێژ، بەڵام هەندێ کات حەز دەکەی شیعرەکانی هادی درێژتربونایەو وێنەی زیاترت بدیبایە لەسەر ڕێی چون بۆ کەنار دەریا لەبەر تیشکی مانگەشەو. حەزتدەکرد زیاتر گوێت لە دەردەدڵی ئەو ژنە تەنیایانە بوایە کە ڕۆژگار جیرۆکەکانی بۆ نوسیون و هیچ دێڕێکیان بەدەست خۆیان نیە، حەزت دەکرد زیاتر گوێت لە حیکایەتی دەریا و بالۆرەکانی مانگ بێ، هەرئەمەش وادەکات کە بەشانازیەوە ئەم دێڕانە بنوسم و داواتان لێبکەم کە خوێنەری شیعرەکانی بن.
بۆیە ئەم کتێبە توانای تەونی وشەسازی سامی هادی نیشاندەدات، بە ئاستەم دەتوانی دەستنیشانبکەیت کە ئەم شاعیرە خەڵکی کوێیە و ج ڕەگەزێک و چ نەژادێکە، کە ئەمەش دیسانەوە پێودانگێکی سەرەکی ئەدەبی باڵایەو هەموو مرۆڤ لە هەرکێبێت دەتوانێت جێژ لە شیعرەکانی وەرگرێت، ئەم خەسڵەتە وادەکات کە بەتەواوەی هەست بەوە بکەین کە شاعیرێک بە واتای وشە لەبەرامبەرمانەوە خەریکە چیرۆکی دڵخۆشیەکان و چیررۆکی دلتەنگیەکانی لەگەڵمان بەشدەکات.[1]