خوێندنەوەیەک بۆ بەرهەمە شیعری(عەورەتی نیشتمان)ی موحسین شوانی
#کاروان حەسەن#
ئەم بەرهەمە لەدوو بەش پێکهاتووە:
بەشی یەکەم: لە (43)دەقی نیشتمانی پێکهاتووە.
بەشی دووەم: لە (21) دەق پێکهاتووە کە خواناسی و باسی خۆشەویستی دایک دەکەن.
هەوڵدەدەین لەسەر ئەم بەرهەمەدا شتێک بنووسین و بڵێین.
چاوی شاعیر وردتر و باشتر شتەکان دەبینێ لە مرۆڤی ئاسایی بۆیە ئەوەی شاعیر دەری دەبڕێ دەکرێ لای مرۆڤێکی ئاسایش هەبێ بەڵام ئەو مرۆڤە ئاساییە بەهەندی وەرناگرێ یان ناتوانێ بیخاتە دووتوێی دەقێک و شیعرێکی لێ دروست بکات.
بەواتایەکی تر شاعیر تاڵی و سوێری و ژەهراوی ژیان دەمژێ و لەدەقێکی شیعری بەیانیان دەکات و بەرهەمێکی لێ دروست دەکات. ئەمە جیاوازی نێوان شاعیر و مرۆڤێکی ئاساییە.
شیعر ڕەنگدانەوەی شتە هەڵچووەکانی ژوورەوەی شاعیرە، شاعیر بەچاوی دڵەوە ئەو ئێش و ئازار و مەینەتیانە دەبینێ لەڕێگەی وشەوە دەیانکاتە دەق و شیعریان لێ دروست دەکات، واتا شاعیر لەجیاتی ئێمەش دێتە گۆ و قسەدەکات و ئێش و ئازار و مەینەتییەکان دەخاتە ڕوو.
لێرەوە دەچینە باغە ڕازاوەکەی (عەورەتی نیشتمان).
ئەم بەرهەمە لەدوو بەش پێکهاتووە، لەبەشی یەکەمدا شاعیر یاخییە، دڵپڕە، بێزارە، بێئومێدە ئەمانە و دەیان ماکی تری نێو حەقیقەتی ژیانی ڕۆژانەی ئەم هەرێمە وایان کردووە مامۆستا موحسین شوانی دەست بداتە قەڵەم و لەڕێی وشە و ڕستەوە دەقێک دروست بکات و شیعرێکی چێژبەخشی لێ بەرهەم بێنێ. چێژ و ئێستاتیکا و بابەت ئەو ڕەگەزانەن کە شیعری باشیان لێ بەرهەم دێت، ئەمەش وا دەکات کە خوێنەر چێژیان لێوەرگرێ و هەزمیان بکات.
شاعیر هەموو ئەو نائومێدی و بێهیوایەی لە بەرپرس و کاربەدەستانی وڵات هەیەتی دەیانخاتە دووتوێی چەند ڕستەیەک و دەقێکی شیعری جوانی لێپێکدێنێ. ئەوەتا لە شیعری(مارنج)دا دەڵێ:
گەر دەمتوانی وەک خۆڵ و کا
تێکەڵتان کەم
وەک قوڕە سوور
لە قالبی خشتتان بدەم
لە قولینچی دیواری ماڵە هەژارێک
هەموو ساڵێک لە پێنجی سێ
بە مارنجی کوردەواری
سواغتان بدەم.
شاعیر هەمیشە شتە پەنگخواردووەکانی ناخی دەردەبڕێ و ئەوەی لەمرۆڤی ئاسایی جیای دەکاتەوە ئەوەیە شاعیر ئەو شتانەی دەیبینێ بە شیعر بەیانیان دەکات و خەڵک و خوێنەریش ئەو وشە و دەق و شیعرانە دەبینن بۆیە شاعیر وردتتر لە شتەکان دەڕوانێ. وشەی (جاش) بووەتە باس و خواسێکی شاعیر لە شیعرێکدا و مامۆستا موحسین شوانی لەوێوە حەقیقەتی ئەو ڕۆژگارە تاڵ و تفتەی بەدەستی جاش، میللەت چەشتوویەتی بەڵام ئێستاش جاش ڕۆڵ و پێگە و قسەیان هەیە و دەستیان دەڕوات کەجێگەی داخ و ئەسەفە! تەنانەت هەندێکیان بەرپرسیشن شاعیر شیعرێکی بەناوی (جاش)ەوە داناوە و زۆر بەڕوونی و بە ئاشکرایی دەڵێ:
من دوێنێم بیرچۆتەوە
کەسیش ناناسمەوە، نەخراپ نەباش
تەنها دەزانم هەردوولا
ڕیشدار و چڵکن و دەست بە تفەنگ و
ڕانکو چۆغە لەبەربوون
پێیان دەگووتن (پێشمەرگە)
پێیان دەگووتن (جاش)
ئێستا هەردووک ئاوێتە بوون
لەنێو حەفتا و لەناو هەشتاش!
ئیدارەنەدانی باش و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن کاربەدەستان و هەندێ بەرپرسی نابەرپرس و گەندەڵ، کە نەیانتوانیوە بەباشی و بەچاکی خزمەتی گەل و نیشتمان بکەن، بێزاری شاعیر و ڕق هەستانی بەرامبەر ئەو جۆرە کاربەدەستانە گەیشتووتە ئەوەی کە شیعرێک لەدایک ببێ بەناوی (عەورەتی نیشتمان) کە ناوی بەرهەمەکەش لەو شیعرەوە سەرچاوەی گرتووە.
نیشتمان جێگەی ژیان و گوزەران وئازادی و کارکردنی تیا نەماوە هۆکاریش بۆ ئەمە زۆرن، ئەوەتا شاعیر لە شیعری (هەرێم) هەندێ لەو هۆکارانە دەخاتە ڕوو کە لەناو وشەکاندا خۆیان حەشار داوە، ئەو نیشتمانە جێگای ئازار و مەینەتییە و ژیان تێیدا ئیفلیج بووە و چی خەم و ئازار هەیە بۆتە بەشی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە، شاعیر دێتە گۆ و دەڵێ:
بڕۆ لێرە
ئیتر ئێرە
نە هەناسەی عەشق و جوانی
نە گوڵ نەپەپولەی لێیە
سەر هەڵگرە
مەملەکەتی خەم و ئازار جێ بهێڵە
بەسەردانیش
هەرگیز مەگەڕێوە ئێرە
چونکە لێرە
نە نەمامی خۆشەویستی لێ شین دەبێت
نە بەرهەمی برایەتی لێدەڕوێت
نە پیاو لێرە بوێرە
نە ئافرەت لێرە زێڕە !
لەشیعری (بەراورد)دا مامۆستا شوانی بەراوردێک لەنێوان خەباتی ئێستا و پێشتر دەکات و زۆر بەڕوونی ئەوە دەڵێ کە پێشان خەبات و سیاسەت باشتربوو کە لەپێناو نیشتمان و میللەت و ئازادی دا بوو بەڵام ئێستا حزب و بەرپرس و کاربەدەست هەر بۆ کورسی و دەسەڵات کاردەکەن و میللەتیان لەبیر نەماوە. ئەوەتا دەڵێ:
نیشتمان ئەوسا خۆشبوو
لە ڕق و ترسی دوژمن
لەسەر دیواری گەڕەک و قوتابخانە
دەماننووسی(بژی پێشمەرگە، بروخێ بەعسی)
بەڵام ئێستا
لەترس و ڕقی دەسەڵاتی کوردی
لەسەر دیواری ئاو دەسخانەکان دەنووسین:
(بڕوخێ حزب و سەرکردە و کورسی)
لە شیعری (دەسەڵات)دا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کەوا تەمەن و جوانی و گەنجی دەیان ڕۆڵەی کورد تاڵ کراوە و ژەهری پێچەشتراوە، بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی نەیتوانیوە گەنج بۆ لای خۆی کێش بکات و بتوانێ لە ئێش و ئازاریان کەمکاتەوە و کێشە و ئاریشەکانیان چارەسەربکات و دەستی باوکایەتییان بەسەردا بێنێ و بیان خاتە ژێرباڵی خۆی. ئەوەتا دەڵێ:
هەرچی جوانی و پاکی هەبوو لێتان سەندم
دونیایەک ناشیرینیتان بۆ جێهێشتم
شیرینی تەمەنم
پێشکەش کردن
ژەهری ڕۆژگارتان پێ چەشتم
نیشتمان لەلای شاعیر خۆشەویستە و ئەو خۆشەویستییەش وەک خۆشەویستی دایک وایە، بۆیە شاعیر شانازی بەوەوە دەکات و لە شیعری(نیشتمان)دا بە ڕوونی ئەوە دەڵێ کە وەک دایک خۆشەویستە و وەک ڕێزگرتن لەباوکی ڕێز لەنیشتمان دەگرێ و دەنووسێ:
ئەی نیشتمان
بەقەد دایکم خۆشم دەوێی
بەقەد باوکم ڕێزت دەگرم
هەتا ماوم
لەگلێنەی چاوی خۆمدا
هەڵتدەگرم
ڕۆژێ سەدجار
لەپێناوت دەژیم، دەمرم.
لە شیعری(کۆچ)دا بە دەربڕینی ئاخ و ئۆفی دەیان گەنج و لاوی ئەم نیشتمانە پڕ خەم و ئازارە دێتە گۆ، کە هەزاران گەنج سەری خۆیان هەڵگرتووە و ڕوویان لەغەریبی و دوور وڵاتی و کەس و کار کردووە کەچی لە دەریای ئیجە خنکاون و لەپێناو خۆشگوزەرانی ژیان ڕووە و مەرگ هەنگاویان نا.
شاعیر بۆ ئاسوودەیی دەروون و دامرکاندنەوەی گڕ و تینی ناخی قسەدەکات، ئەو قسە لەگەڵ دار و بەرد ڕووبار و دەریا ئاو و ئاگر و شاخ و چیا دەکات و ئەمانە دەدوێنێ و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات. ئەمەش لە شیعری (ئیجە)دا بەڕوونی دیارە، ئەو دەریایەی هەزاران گەنجی وڵاتی نقوم کرد و کردنییە خۆراکی ماسی، شاعیر بە ئارامی و وەک پاڕانەوەیەک لە ئیجە داوا دەکات کە ئارامبێ و نەیخنکێنێ ئەوەتا دەڵێ:
ئیجە
بەهێواشی بەسەرتدا گوزەر دەکەم
مەمخنکێنە
نیشتمانم لەدەستداوە
بەدوای بستێ خاکدا وێڵم
شەپۆڵ مەدە
هەر ئەمجارە و نایێمەوە
نامۆم لێرە
ناخت مەکە بەگۆڕستان
توڕە مەبە
بە ئارامی
ببە پردی پەڕینەوە.
شاعیر لە گەورە بوون و ڕۆژگاری ئەمڕۆ بێزارە، دەیەوێ بگەڕێتەوە منداڵی و لەهەموو ئەو ماک و پیسی و درۆ و خۆپەرستی و مونافیقی سیاسیە بێزارکەرە کە ئێستا تووشی هاتووە پاک ببێتەوە. ئەوەتا لە شیعری (گەڕانەوە)دا دەڵێ:
بمبەنەوە بۆ منداڵی
بەرائەتی ئەو سەردەمەم بدەنەوە
بمبەنەوە بۆ مناڵی
چڵکی حیزب و
مونافیقی سیاسەتم لێکەنەوە
لە کۆڵ پیسی و درۆی ڕۆژگاری
خۆپەرستیم بکەنەوە
لەنێو بەندی ژینی ساختە و
مۆدێرنی تەکنەلۆژیا ڕزگارم کەن
بمبەنەوە بەخۆڵ و گڵی پاکی
کۆڵانەکانی گەڕەک بمشۆنەوە
لەهەموو گوناهەکانی تەمەن پاکمکەنەوە.
بەداخەوە دوای زیاتر لە سی و پێنج ساڵ هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت حکوومەتی هەرێم نەیتوانیوە بەباشی و بەڕێکی ئاگاداری ژیانی کەس و کارەکانی ئەنفال بێت و ئاورێکی جددی و باشیان لێبداتەوە، شاعیر لە سۆنگەی خەمخۆری و نیشاندانی سۆز و خۆشەویستی بۆ خانەوادەی ئەنفالەکان لەشیعری (ڕووفات)دا ئەو بەرپرس و کاربەدەستانە ڕیسوا دەکات کە تا ئێستا کەس و کاری ئەنفالەکان ناناسن و ئاگاداری ژیانیان نین، مامۆستا شوانی بەزمانێکی سادە و ساکار لێیان دێتە گۆ و دەڵێ:
ئەم کاتژمێرە
ئەم جووتە پێڵاوە
بکەنە مەدالیای ناپاکی
لە بەرۆکی جاش و ئەنفالچییەکان هەڵیواسن
یان بیکەنە هێمای ڕیسوایی
بیدەن لە ڕوخساری
ئەو بەرپرسانەی
کە خانەوادەی ئەنفال ناناسن.
لە هەردوو شیعری (کۆچ) و (ئومێد)دا کە دوو شیعری دژبەیەکن لە واتادا شاعیر لە شیعری (کۆچ)دا بێزارە، نائومێدە.بەڵام لەشیعری (ئومێد)دا حاڵەتەکە پێچەوانە دەبێتەوە ئەوەتا لە شیعری (کۆچ)دا دەڵێ:
ئەی نیشتمان !
زوویر مەبە
بەناچاری بەجێت دێڵم
ڕێگەی مەرگی هەندەران و
سەختی غەریبی دەپێوم
کەچی لە شیعری (ئومێد) دا شاعیر پەشیمان دەبێتەوە بەو مانایەی خۆی دەخاتەوە سەر دۆخی بە ئاگایی و ئومێدێک لەدڵدا بەدی دەکات و لە وشە و ڕستەکانی پێشووی دێتە وەڵام و دەڵێ:
لێرە نارۆم
ئەم هەوارە جێناهێڵم
کەی توانیتان تیشکی خۆر و ڕووناکی مانگ
بشارنەوە
ئەوسا دەڕۆم
بەڕێکەوتیش
سەر لەو خاکە پڕ گەندەڵە نادەمەوە.[1]