تاڤگەیەک پەیڤی ڕەنگاڵەیی لە دووتوێی کتێبێکدا
#سەردار قادر#
هەموو کتێبێکی بەنرخ، جیهان، بە ڕووی خوێنەردا دەکاتەوه،
ئای چەند جوانە کاتێ مرۆڤێک بەعەشقەوە بەڵێن دەدات قەڵەم هەڵبگرێ و نووسین بکاتە جوانترین پیشە بۆ بزە و خەندەی منداڵان؛ بەڕاستی ئەوەش ئەرکێکی ڕۆشنبیرانە و مرۆڤ دۆستانەیە . کەسێ به درێژایی تەمەنی شەونخوونی بکاو خۆی بخاتە پێگەی ڕابەرێکەوە تا نەوەیەکی به ئاگا و هەستیار پەروەرده بکات، چونکە له خەونیدا دەیەوێ ڕێنوێنی بیر و زەینی ئەوانی تر بکات و هەر لەوێشەوە وەک مرۆڤێکی خۆبەخش و خۆنەویست دەیەوێ بە سۆزەوە بگاتە جوانترین زمانی دڵخوازی خۆی، بەڵێ شاعیران و نووسەرانی منداڵان بەرچاویان ڕوونه، ئەوان جگه لە و دوو چاوەی کە پێی دەبینن، بەچاوی سێهەمیش دەگەڕێن بۆ زۆر شتی نەبیستراو و نەوتراو، بەڵێ لای ئەوان تەنها بینین بەس نیيە بۆیان، بەڵکو بۆ ڕزگار کردنی خەیاڵ خوێندنەوە و نووسینيش تەنها بەهرەوەر نین، بەڵکو ئافرێنەریشن، ئەمه و جگە له شیعرە ناسک و جوانەکانیان کە بەردەوام لەسەر زاری منداڵانی کورددا، وەک گۆرانیيەکی جوان دەیڵێنەوه. کتێبی (ئەدەب و هونەری منداڵان) که بریتییە له چەندین چاوپێکەوتن و دیمانەی نووسەر و شاعیران، کتێبەکە لەبارەی ئەدەب و هونەری منداڵان دەدوێ، ئەم کتێبە پڕە لە گەشتی دوو نووسەری هەست ناسکی منداڵان، کە هەر جاره و لە ماڵی شاعیرێکدا دەبن بە میوان، کۆی ئەم دەنگانەش ناسێنەری ئەدەبیات و شيعری منداڵانی ئەم وڵات و نیشتمانەن و ئامانجیش لە گەیاندنی ئەم دەنگە جیاوازانه، دەست نیشان کردنی گەنجینەیەکە بۆ نەوەکانی ئێستاو داهاتوو، بە خوێندنەوەی هەموو ئەم باس و خواسانەی لەم کتێبەدا کراون، دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە ئەم زانیاریانە کەرەستەیەکی زۆر گرنگن بۆ زانینی ئاستی گەشە و بیر و زەینی خوێنەر، دەشتوانین وەک سەرچاوەیەکی باش له ئێستاو ئایندەشدا سوودی زۆری لێ ببینرێ، تێکۆشان لەپێناو گەشه کردنی ئەدەبیاتی منداڵانی کورددا، ئەرکێکی نەتەوەیی هەر مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و منداڵپارێزە ، هەنگاونان لەم بوارەشدا هەستکردنە بۆ بەره و پێشچوون و گەشەسەندنی ئەم ئەدەبییاتەیە و خۆی له خۆیدا بەرپرسیارەتییه له ئاستی چارەنووسی مێژووی ئەدەبی منداڵاندا. ديمانە و ئامادەکردنی ئەم کتێبە لەلایەن (د. هاوژین سڵێوە و ڕۆستەم خامۆش)ەوەیه، کە بریتیيه له شانزە تەوەر و زۆرترین باسی لایەنەکانی تایبەت بە منداڵانیان لەخۆگرتووە.
ناوەڕۆکی ئەم کتێبە پڕە له و دیمانه و چاوپێکەوتنانە کە هەردوو نووسەری بەتوانا له کتێبی(ئەدەب و هونەری منداڵان)دا باسی لێوه دەکەن، واته: باس لەدید و بۆچوونی نووسەران و شاعیران بۆ تێگەیشتنی خوێنەر بەڕاڤەی جۆراوجۆری گشت بەرهەمه ئەدەبییەکان، به گشتی و لێرەدا کۆی ئەم هەموو هەناسە گوڵاویانه جارێکی تر لەسەرەخۆ خوێنەر دەبەنەوە بۆ ئه و جوانیەی سەردەمی منداڵيی و جارێکی تر خەیاڵمان قوڵتر دەکاتەوە بۆ کتێبە جوانە کەی (ئیبراهیم ئەمین باڵدار)و مێوژه نایابەکەی مام زۆراب، هەر خوێنەرێکی ڕاستەقینەش له کۆتایيدا باشتر له ڕاڤه و هزری
ئه و شاعیرانە تێدەگەن کە چ ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لەنێو ئەم ئەدەبەدا، تا ئەگاته ئه و ئاستەی که دەور و ڕوانگەی نووسەر دەکەوێته چ ئاستێکەوە، سات لەدوای ساتیش هەتا دێ ئەبێته ئه و دیالکتیکەی کە له نێوان نوسەر و خوێنەردا بەرجەستە بووە، دواتر به هۆی چەند مانایی بوون و ڕاڤەوە هەڵگری زیاترن هێماو ئاماژەکانی ئەم کتێبە، ئەندێشە و هزری دوو خاوەن قەڵەمی ئەفسوون و بەتوانایه، که هەڵوەدای ئەوەن جارێکی تر لەدەوری شاعیرانی منداڵان کۆببنەوه، تا لەدوور و نزیکەوە پێکەوە هەستی یەکتر بلاوێنن، شایانی باسە تایبەتمەندییەکانی ئەم کتێبە
باسی زۆربەی لایەنەکانی تایبەت بە منداڵانی لە خۆگرتووە، بەڵام زیاتر لە بارەی ئەدەب و هونەری منداڵانەوه بایەخی زیاتر پێدراوە، جیهانی ئەدەبیاتی ئەمڕۆی منداڵانی کوردستان بەرهەمی مێژوویەکی کەم تەمەن و خاوەن ئەدەبێکی هەژاره، له سەد ساڵی ڕابردودا و تا ئێرە، گۆڕانێکی بەرچاوی بەخۆوە نەدیوه، که ببێتە هۆی قەڵەمباز و گۆڕانکاريیەکی سنوورشکێن لەناوخۆ و جیهاندا، هەروەها له گۆڕەپانی ئەدەبیاتی مندڵاندا، شيعری ئەمڕۆی منداڵان دەنگێکی کز و هەناسەیەکی سواره، که له ماوەی چەندین دەیه ململانێ له ناو و دەرەوەی ئەم وڵاتەدا ڕەنگی گرتووه، بە گشتی ئەم کتێبە هەموو ئه و زانیاریانە لە خۆی دەگرێ، کە پێوەندییان بە ئەدەبی منداڵانەوە هەیە و هەروەها دەبێته ڕێنوێنێکی باش بۆ نووسەرانی ئەدەبیاتی منداڵان، دەبێتە هۆی فراوان بوونی ئاستی ڕۆشنبیریی و گەلێک ئەزموونی بە نرخیان بە دیاری پێشکەش دەکاو دەبێتە هۆکارێک بۆ داهێنان و ئافراندن.
ئەم کتێبەش له ئێستا و لە داهاتووشدا گوگڵێکە بۆ گشت نووسەرانی تازەی منداڵان بۆ فێربوونی گشت ئەزموونە تازەکان، بۆ فێربوون لە بواری قسەکردن، نووسین، کاری هونەر و شیعر، بەڕاشکاوی دەڵێم ئێمە پێویستمان بەم کتێبە بەنرخە هەیە له هەموو ئان و ساتێکدا؛ ئەم کتێبە ڕاستێتیی ئه و ڕاستیەیه که خوێندنەوەی بەرهەمێکی گەورەیە، له هەرئان و ساتێکدا بخوێنرێتەوە چێژێکی یەکجار سەیرت پێ دەبەخشێ، باشترین ئەزموونێکی جوانت دەداتێ، لە هەمان کاتیشدا گرنگترین تایبەتمەندیی خۆی دەکا به دیاریت؛ ئەمڕۆ خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە کتێبی (ئەدەب و هونەری منداڵان) کتێبخانە بچکۆلەکەمی ڕازاندۆتەوه، لەهەر لاپەڕەیەکدا شاعیرێکی بواری منداڵان دێت و جوانیی شیعری منداڵانمان بۆ ڕاڤە دەکات و ئەوسا بە دەم خەندەوە وشەی گەوهەرینمان پێشکەشمان دەکات، بۆیە له کۆتايیدا دەڵێم هیوادارم ئەم کتێبە وەربگێڕدرێت بۆ سەر گشت زاراوە کورديیەکان و چەند جارێک چاپ بکرێتەوە، تا هەموومان سوودی زیاتری لێ بببینين و بکەوێتە بەرچاوی زۆرترین خوێنەر.
ئەوەش ناوەڕۆکی کتێبەکە و ناساندنی زیاتر:
کتێبی (ئەدەب و هونەری منداڵان)
بابەت: چاوپێکەوتن دەربارەی ئەدەب و هونەری منداڵان
دیمانە و ئامادەکردنی: د. هاوژین سڵیوە و ڕۆستەم خامۆش
نەخشەسازیی بەرگ: برەو شێخ تاڵب
سەرپەرشتیاری هونەری و چاپ: شێخ تاڵب
ئەم کتێبە لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە و (552) لاپەڕەیە و بەرگەکەی ڕەق و موجەلەدە.
سەنتەری لێکۆڵینەوە و پەخشی کۆیە، بە تیراژی: (500) دانە، چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
٭ تایبەتمەندییەکانی ئەو کتێبە:
1. باسی زۆربەی لایەنەکانی تایبەت بە منداڵانی لە خۆگرتووە، بەڵام زیاتر لە بارەی ئەدەب و هونەری منداڵانە.
2. (90) کەسی شارەزا و شاعیر و نووسەر بەشدارییان لەو کتێبەدا کردووە.
3. (111) لێدوان و چاوپێکەوتنی لە خۆگرتووە.
بەشی یەکەم: تەوەرەکان
ئەم بەشە لە (16) تەوەرە پێکهاتووە و (75) لێدوان لە (63)کەسی شارەزای بوارەکانی منداڵان وەرگیراوە.
تەوەرەی یەکەم: دەربارەی ڕۆڵی فۆلکلۆر لە ئەدەبی منداڵاندا.
فازیل شەوڕۆ
تەوەرەی دووەم: دەربارەی ئەدەبی منداڵان.
ئەمین محەمەد
ئەلند مزوری
ئاکۆ محەمەد سابیر
زیاد ڕەشاد قادر
زرار عەلی
سەلاح نیساری
عەبدولعەزیز ئەلکی
کازم کۆیی
تەوەرەی سێیەم: دەربارەی شیعری منداڵان.
ئەمین محەمەد
ڕەئووف شێخ جەمیل
ڕەزا شوان
شوان ئەحمەد مام عەلی
محەمەد داریاس
مەولود ژاکاو
محەمەد ساڵح پێندرۆیی (جگەرسۆز)
تەوەرەی چوارەم: دەربارەی چیرۆکی منداڵان.
حەمەساڵح فەرهادی
د. خالیدە قادر فەرەج
ڕەمەزان حەمەدەمین قادر
عەلی بەختەوەر
د. کەمال غەمبار
محەمەد کەساس
نێچیروان شوانی
نەوزاد عەلی
تەوەرەی پێنجەم: دەربارەی شیعر و چیرۆک و ڕۆمانی مێرمنداڵان.
د. ئازاد محەمەد سەعید
د. جەلال ئەنوەر سەعید
ڕەزا شوان
عەزیزی مەلای ڕەش
د. عوسمان دەشتی
کاروان عومەر کاکەسوور
د. محەمەد ناسر
تەوەرەی شەشەم: لە بارەی دەقی شانۆ و شانۆی منداڵان.
ئومێد کەمال
د. کەیفی ئەحمەد
یوسف یوسفی
تەوەرەی حەوتەم: دەربارەی نووسین بۆ منداڵانی باخچە.
ڕەنجدەر ئازاد
ڕەزا شوان
د. عومەر پەتی
د. محەمەد ناسر
تەوەرەی هەشتەم: دەربارەی نیگارکێشانی منداڵان.
ئاری سوبحی کۆیی
حەمە هاشم
حەمیدە یوسفی
ڕەزا شوان
ڕۆستەم ئاغالە
ڕەزوان قادر ڕەحمان
نەورۆز شەهاب
هەتاو کەریم
تەوەرەی نۆیەم: دەربارەی کاریکاتێری منداڵان.
گرفتار کاکەیی
تەوەرەی دەیەم: دەربارەی مۆزیک و گۆرانی منداڵان.
ڕۆشنا ساڵح
سەفین عەبدولڕەزاق
شاباز عومەر
فواد مەولانایی
موسعەب جەمیل (کەروێشکەفەندی)
نەوزاد حاجی شووشە (نونو)
هۆشەنگ جەمیل
وریا قادر حەسەن
تەوەرەی یازدەهەم: دەربارەی ئەفلام کارتۆنی منداڵان.
د. جەبار ئەحمەد
ڕەزا شوان
د. کاوە عەلی محەمەد
ناسر فەتحی
تەوەرەی دوازدەهەم: دەربارەی ڕۆژنامەنووسی منداڵان.
شەریف وەرزێر
شەریف فەلاح
عەزیز ئالانی
تەوەرەی سێزدەهەم: دەربارەی ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان.
ڕەزا شوان
شەریف فەلاح
تەوەرەی چواردەهەم: دەربارەی کتێب و گۆڤاری منداڵان.
فازیل شەوڕۆ
محەمەد جەمیل عەلی
تەوەرەی پازدەهەم: دەربارەی وەرگێڕان لە پێشخستنی ئەدەبیاتی منداڵانی کورددا.
ئازاد تەها عەلی
ئامانج شاکەلی
سیروان کاروانی
فازیل شەوڕۆ
تەوەرەی شازدەهەم: دەربارەی بەرنامەی منداڵان لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆندا.
پەیام ئیبراهیم
جوان بەهائەدین عەلی
ڕەزا شوان
ڕۆژگار عەبدولقەهار (سپۆینج بۆب)
موسعەب جەمیل (کەروێشکەفەندی)
بەشی دووەم: چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسایەتییەکانی بواری منداڵان و خستنەڕووی ژیاننامەکانیان.
ئەم بەشە (36)چاوپێکەوتنی لە خۆگرتووە، کە لەگەڵ (35)کەس لە شاعیران و نووسەران و شارەزایانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان سازکراوە، ئاوڕدراوەتەوە لە بوارەکانی: (ئەدەب و هونەر، دەروونناسی و پەروەردە و مافی منداڵان).
1. ئەمین گەردیگلانی
2. ئەمین محەمەد
3. ئاکۆ محەمەد سابیر
4. بەکر بەهرەمەند
5. پەیام ئیبراهیم عەبدولڕەحمان
6. جەبار شافێعی زادە
7. خاڵند ئەحمەدی
8. ڕزگار خدر
9. ڕۆستەم خامۆش
10. ڕێکارێ مزویری
11. زرار عەلی
12. زیاد ڕەشاد قادر
13. زارا ئەحمەد جاف
14. سەعدوڵڵا کۆیی
15. سۆزان سۆفی
16. شوان ئەحمەد
17. سەلاح محەمەد (مام عەوڵا)
18. سەلاح نیساری
19. عەزیز ئالانی
20. د. عومەر پەتی
21. عوسمان دەروێش
22. عوسمان محەمەد هەورامی
23. عەبدولڕەحمان تاوگۆزی
24. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
25. فازیل شەوڕۆ
26. کارزان مەحموود
27. لەتیف هەڵمەت
28. مەریوان سەلاح حیلمی
29. محەمەد بەرزی
30. محەمەد ڕەسووڵ نیا
31. مەحموود باجەڵان
32. محەمەد ساڵح پێندرۆیی (جگەرسۆز)
33. د. هاوژین سڵیوە
34. هەتاو خورشیدی
35. د. هێمن عەبدولحەمید شەمس[1]