چەند سەربردەیەک لە ئەدەبیاتی میللیی گەلانی جیهانەوە:
#ئازاد بەرزنجی#
دروستکردنەوەی دونیا
باوکەکە خەریکی خوێندنەوەی ڕۆژنامە بوو، بەڵام کوڕە بچووکەکەی بەردەوام هەراسانی دەکرد. باوکی بێزار بوو و پەڕەیەکی ڕۆژنامەکەی لێ کردەوە – کە نەخشەیەکی جیهانی تیا بوو - لەتلەتی کرد و دای بە کوڕەکەی.
وەرە ئیشم پێتە. ئەمە نەخشەیەکی جیهانی تیا بوو. بزانم دەتوانیت ئەو پارچانە بەیەکەوە بنووسێنیتەوە و نەخشەکە وەکو خۆی دروست بکەیتەوە؟
ئینجا دەستی کردەوە بە خوێندنەوەی ڕۆژنامەکە و دەیزانی کوڕەکەی ڕۆژێکی تەواو بەو کارەوە خەریک دەبێت. بەڵام دوای چارەکەسەعاتێک کوڕەکە بە نەخشەکەوە گەڕایەوە. باوکی بەسەرسووڕمانەوە لێی پرسی، دایکت فێری جوگرافیای کردوویت؟
کوڕەکە لە وەڵامدا وتی، “جوگرافیا چییە؟ بەڕێکەوت وێنەی ئینسانێک لە دیوەکەی تری پەڕەکەدا هەبوو. کە ئەو ئینسانەم دروست کردەوە، ئیتر بەوە دونیاشم دروست کردەوە.”
سندوقەکە بپارێزە
پیرەمێردەکە هەموو ژیانی بە ئیشکردن بردە سەر. پاش خانەنشینی، کێڵگەیەکی کڕی و سپاردی بە کوڕەکەی تا ئەو بەڕێوەی بەرێت و بڕیاری دا باقیی تەمەنی خۆی لە هەیوانی خانووە گەورەکەیدا بگوزەرێنێت.
کوڕەکەی دوای سێ ساڵ کارکردن لە کێڵگەکەدا، کەوتە خوتەوبۆڵە و بە هاوڕێکانی وت، “باوکم هیچ ناکات، هەر سەیری باخچەکە دەکات و منیشی ناچار کردووە وەکوو کۆیلە ئیش بکەم و ورگی ئەو تێر بکەم.”
تا ئەوە بوو ڕۆژێکیان بڕیاری دا کۆتایی بەو دۆخە ناعادیلانەیە بهێنێت. سندوقێکی گەورەی دروست کرد و بردی بۆ هەیوانەکە و بە باوکی وت، “باوکە! بێزەحمەت بچۆرە ناو ئەم سندوقەوە.”
باوکیشی بە قسەی کرد. کوڕەکە سندوقەکەی کردە ناو لۆرییەکەیەوە و بردی تا لە خەرەندێک فڕێی بداتە خوارەوە. کە ویستی سندوقەکە هەڵبداتە خوارەوە، گوێی لە دەنگی باوکی بوو، وتی، “کوڕم! ئەگەر دەتەوێ من فڕێ بدەیتە خوارەوە، فڕێم بدە، بەڵام ئەم سندوقە لای خۆت بپارێزە. چونکە تۆ خەریکیت ئەبیتە نموونەیەک و سبەینێ بێگومان مناڵەکانی خۆیشت پێویستیان بەم سندوقە دەبێت.”
ڕاهیبەکە و سۆزانییەکە
ڕاهیبێک لەنزیک پەرستگەی “شیڤا”وە دەژیا، ماڵی سۆزانییەک بەرامبەر ماڵیان بوو. کاتێک سەیری کرد ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان هاموشۆی دەکەن، بڕیاری دا بچێت بۆ لای و قسەی لەگەڵدا بکات.
پێی وت، “تۆ گوناهبارێکی گەورەیت! شەو و ڕۆژ بێڕێزی بەرامبەر بە خودا دەکەیت. بۆ تۆزێک بیر لە مردن و ژیانی دوای مردنت ناکەیتەوە؟”
قسەکانی ڕاهیبەکە تەواو کاریان کردە سەر ئافرەتەکە و تەریق بۆوە و لە دڵەوە داوای لە خودا کرد لێی ببوورێت و ڕێگەیەکی تری گوزەرانیشی پیشان بدات.
وەلێ هیچ کارێکی تری پەیدا نەکرد و پاش هەفتەیەک لە برسێتی، دووبارە دەستی دایەوە سۆزانێتی، بەڵام هەموو جارێک، دوای ئەوەی لەشی خۆی دەدا بە بێگانەیەک، لە ناخەوە داوای لە خودا دەکرد کە بیبەخشێت.
ڕاهیبەکە کە سەیری کرد ئافرەتەکە گوێی بە ئامۆژگارییەکەی ئەم نەدا، زۆر تووڕە بوو و وتی، “لەمڕۆ بەدواوە ژمارەی ئەو کەسانە دەژمێرم، کە دەچنە ماڵی ئەم سۆزانییەوە.”
ئیدی لەو ڕۆژەوە، بەردەوام چاودێریی سۆزانییەکەی دەکرد و هەر کە پیاوێک خۆی دەکرد بە ماڵەکەیدا، ئەم بەردێکی دادەنا.
ماوەیەک تێپەڕی و دووبارە ڕاهیبەکە سۆزانییەکەی بانگ کرد و پێی وت، “ئەم شاخە کەڵەکە بووە لە بەرد، دەبینیت؟ هەر بەردێک لەو بەردانە نیشانەی گوناهێکی گەورەی تۆیە، ئەمە دوای ئەوەی کە من ئامۆژگاریشم کردیت. ئاگات لە ڕەفتاری خۆت بێت.”
ئافرەتەکە کە سەیری کرد ڕۆژبەڕۆژ گوناهەکانی لە زیادبووندان، لە ترسدا هەڵلەرزی، گەڕایەوە بۆ ماڵەوە و دایە قوڵپی گریان و هاواری بۆ خودا برد، “خوای گەورە، کەی بەزەییت پیامدا دێتەوە و لەم ژیانە پڕعەزابە ڕزگارم دەکەیت؟”
نزاکەی گیرا بوو. فریشتەی مەرگ دابەزی و ڕۆحی کێشا و هەر هەمان ڕۆژ ڕۆحی ڕاهیبەکەیشی کێشا.
ڕۆحی سۆزانییەکە ڕاستەوخۆ چوو بۆ بەهەشت، بەڵام ئەهریمەن ڕۆحی ڕاهیبەکەی برد بۆ دۆزەخ. لە ڕێگەدا ئەو دوو ڕۆحە بە یەک گەیشتن و ڕاهیبەکە، کە بۆی دەر کەوت چی ڕووی داوە، سکاڵای کرد و وتی، “خوایە، ئەمەیە عەدالەتەکەی تۆ؟ من کە هەموو ژیانم بەهەژاری و بە پەرستنی تۆ بردە سەر بچم بۆ دۆزەخ، کەچی ئەو سۆزانییە، کە تا بینەقاقای نوقمی گوناهە، بچێت بۆ بەهەشت؟”
فریشتەیەک هاتە دەنگ و وتی، “بڕیارەکانی خودا عادیلانەیە. تۆ وات دەزانی خۆشەویستی بۆ خودا واتە چاودێریکردنی ڕەفتاری کەسانی تر. لەو کاتانەدا کە تۆ دڵت پڕ ببوو لە چاودێریکردنی خەڵکی تر و گوناهەکانیان، ئەو ئافرەتە شەو و ڕۆژ بەدڵ نزای دەکرد و هێند فرمێسکی ڕشت، کە ڕۆحی سووک بوو و بەئاسانی توانیمان هەڵی بگرین و بەرزی بکەینەوە بۆ بەهەشت، بەڵام ئەو بەردانەی تۆ کەڵەکەت کردبوون بە ڕادەیەک ڕۆحتیان قورس کردبوو، کە نەمانتوانی بەرزت بکەینەوە.”
ڕێگەیەک چۆن دروست بوو؟
لە ژمارە 106ی ڕۆژنامەی پورتوگالدا، چیرۆکێکم بەرچاو کەوت، کە سەبارەت بەو شتانەی کە بەبێ بیرکردنەوە دوایان دەکەوین و لاسایییان دەکەینەوە، گەلێ شتمان پێ دەڵێت. ئەمەیش پوختەی چیرۆکەکەیە:
“ڕۆژێکیان گوێرەکەیەک دەچوو بۆ لەوەڕ، گەیشتە دارستانێک کە دەبووایە بیبڕیایە تا بگاتە لەوەڕگەکە. لەبەر ئەوەی گوێرەکەیەکی بێئاوەز بوو، کوێرانە توولەڕێیەکی پڕ پێچوپەنا و بەرز و نزمیی بۆ خۆی کردەوە و دارستانەکەی بڕی.
بۆ ڕۆژی دوایی، سەگێکیش کە بەوێدا تێدەپەڕی، دەیویست هەمان دارستان ببڕێت، ئەویش بە هەمان ڕێگەدا ڕۆیشت. ئینجا مەڕێک کە چاوساغی ڕانەکەی بوو، بە هەمان توولەڕێدا ڕۆیشت و بە ڕانەمەڕەکەی وت کە دوای بکەون.
دواتر، مرۆڤەکانیش هەمان ڕێیان بەکار هێنا، پیایدا دەهاتن و دەچوون، ڕاست و چەپی توولەڕێکەیان پاک دەکردەوە، گلەیی و بۆڵەیان دەکرد و جنێویان ئەدا، بەڵام هیچ هەوڵیان نەئەدا تا ڕێگەیەکی تازە دروست بکەن.
پاش ماوەیەک، توولەڕێکە بوو بە ڕێگە و وڵاخە بەسزمانەکان ناچار بوون بە بارە قورسەکانیانەوە ئەو ماوەیەی، کە دەیانتوانی بە نیو کاتژمێر بیبڕن، بە سێ کاتژمێر بیبڕن و بڕستیان لێ ببڕێت. ئەمە هەمووی لەبەر ئەوەی ناچار دەکران بە ڕێگەیەکدا بڕۆن، کە کاتی خۆی گوێرەکەیەک دروستی کردبوو.
ساڵانێک تێپەڕی و ئەو ڕێگەیە بوو بە شەقامی سەرەکیی دێیەک و دواتریش هیی شارێک. خەڵکەکە هەموو هەمان ڕێگەیان بەکار دەهێنا و بەردەوامیش سکاڵا و گلەیییان دەکرد، چونکە هەمان شەقامی ساڵانێک لەوەوبەر بوو.
لە هەمان کاتدا، دارستانە پیر و داناکەیش، کە ئەو بارەی دەبینی پێدەکەنی و گاڵتەی بەو مرۆڤانە دەکرد، کە کوێرانە هەمان ڕێگە بەکار دەهێنن، کە کاتی خۆی گوێرەکەیەک دروستی کردووە و هەرگیزیش بیر لەوە ناکەنەوە، کە ئاخۆ دەتوانن ڕێگەیەکی باشتر دروست بکەن یان نا.[1]