دەربارەی ڕۆمانی (لەوانەیە ون بووبێتم)
ئاکار نەجم
لە نێوەندی ئەدەبیاتدا شێوازی تازەی نووسینی ڕۆمان جیاوازە له و شێوازە تەقلییدییەی جاران کە بە یەک هێڵی گێڕانەوە دەستپێدەکات تا کۆتایی وەکو حیکایەتی گوێ ئاگردان. بەڵام شێوازی تازە هەمیشە گرنگی دەدات بە جۆرێک لە گێڕانەوە کە خوێنەر دەبێ وریا بێ و بزانێ چۆن دەیخوێنێتەوە و چۆن ئه و کڵافە دەزووە ئاڵۆزکاوە شیدەکاتەوە.
رۆمانی (لەوانەیە ون بووبێتم)، له و ڕۆمانانەیە. چیرۆکی ژنێکە بیر و هۆشی ئاڵۆسکاوە و لە حاڵی حازردا یادی ڕابردوو دەکاتەوە و بە جارێک چەند چیرۆکێکی ژیانی خۆی لە وێسگە جیاوازەکاندا دێتەوە ناو کاسەی سەری. ئه و چیرۆکە دژبەیەکانە بەسەرهاتی خۆیەتی تێکەڵ بە زەمەنی گێڕانەوەی ڕۆمانەکە بووە. سارا سالار لەم ڕۆمانەدا به و تەکنیکە کاریکردووە. کە گۆشەنیگای گێڕانەوە دەگۆڕێت، تەنانەت شوێن و کات و قسەی کارەکتەرە سەرەکی و لاوەکییەکانیش تێکەڵ دەبێ. ئەم ژنە لە نێوان بیرەوەرییەکانی ڕابردوو و ڕووداوەکانی ئه و ڕۆژەی ژیانیدا دەژی. کاتی گێڕانەوە لە ڕۆمانەکەدا ڕۆژێکە لە ژیانی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە. لە یەک ڕۆژدا بە نێو شارەکەدا دەگەڕێ و ڕابردووی بیردەکەوێتەوە. هەندێکجار بیری براکانی و باوک و دایکی و خێزانەکەی دەکەوێتەوە. هەندێکجار گێڕانەوە دەگەڕێتەوە بۆ یادگاری سەردەمی گەنجێتی و یادی هاوڕێکەی دەکاتەوە کە لە قۆناغی ناوەندی بە یەکەوە بوون. بەڵام ئەم گێڕانەوەیە و تێکەڵکردنی چیرۆک و زەمەنە جیاوازەکان لەگەڵ گۆڕینی گۆشەنیگای گێڕانەوە وای کردووە کە خوێنەر نەتوانێ بە خێرایی ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە، دەبێ لەسەری ڕاوەستێ و لە خوێندنەوەدا گرێکان هەڵوەشێنێتەوە و له و کۆلاجە تێبگات کە نووسەر کردوویەتی.
هەر لە دەستپێکی ڕۆمانەکەوە دۆخی دەروونی کارەکتەرەکەمان بۆ دەردەکەوێت، کە چۆن کەوتووەتە گومانەوە لەوەی کە ئایا سامیاری ناردووە بۆ باخچەی ساوایان یان نا؟ سەرەتای ڕۆمانەکە وێنەیەک لە دەروونی ئاڵۆسکاوی کارەکتەرەکە لەگەڵ تەمەنی دیاری دەکات، بەوەی کە کارەکتەرەکە دەڵێ تەمەنم سی و پێنج ساڵە. کوڕێکی هەیە. لەگەڵ ئەم کوڕەیدا دوای هێنانەوەی لە باخچەی ساوایان بە نێو شارەکەدا دەگەڕێن. ئه و گەڕانە هێڵێکی ڕاستەڕێیە، بەڵام گێڕانەوەکە به و ڕاستەڕێیەدا ناڕوات، بەڵکو گێڕانەوەی چیرۆکەکە و لق و چڵەکانی ئه و هێڵە ئه و چیرۆکانەی ژیانی کەسەکەن کە لە زەمەنی جیاوازدا بەسەری هاتوون و ئێستای ناو بە ناو دەچنە سەر هێڵی گێڕانەوە. هەر لە ڕێی گێڕانەوەی سەرەکییەوە ناو بە ناو گۆشەنیگا دەگۆڕێ و کەسانی دیکە لە زەمەنی ڕابردووەوە قسە دەکەن و چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە. کە پەیوەستە بە ڕووداوی سەرەکی ڕۆمانەکەوە. بۆ نموونە لە هەندێک شوێندا باسی سامیارە، ڕستەی دوای ئەوە گۆشەنیگا دەگۆڕێ، کەیوان قسە دەکات. مەنسووری تازەدەوڵەمەند دێتە ناوەوە، چیرۆک و گێڕانەوە دەچێتە سەر ئارمان، فەرید ڕەهدار دێتە ناوەوە. بەتولخان، نیعمەتی… هەموو ئەمانە بەشێک له و چیرۆکە و لە خزمەتی چیرۆکە سەرەکییەکەدان کە چیرۆکی ژنێکە و بە نێو شارێکدا دەخولێتەوە. هەروەها ناو بە ناو ڕووداوە لاوەکییەکان دێنە ناوەوە، وەک دەڵێ دوێنێ دەسدرێژی کراوەتە سەر مناڵێکی حەوت ساڵان.یان باسی ژیانی خەڵکی ئێران دەکات لە ڕێگای ئه و کورتە ڕستانەوە. یان وێنەی دیمەنی ناوشارەکە و هەتا قسە و باس و هەواڵی ناو ڕادیۆکەش دەگێڕێتەوە. هەندێک جار ڕیکلامی جلشۆری و باسی خوردنی ئێرانی و ڕێستۆرانت و کەش و هەوای ئێران و دیمەنی دەربەند و … گەلێک باس و بابەتی دیکە تێکەڵ بە چیرۆکەکە دەبێ.
ئەم شێوازە لە نووسینی ڕۆمان، شێوازێکی تازەیە، ڕۆمانی پۆستمۆدێرن بەم شێوەیەیە. نەک گێڕانەوەیەکی تەقلیدی کە لە سەرەتاوەیە بۆ کۆتایی، یان کارەکتەرێک ژیانی خۆی لە سفرەوە دەگێڕێتەوە و پلە پلە سەردەکەوێت، ڕێک وەک حیکایەتێکی ئاسایی. بەڵام ئەم ڕۆمانە بە تەکنیکێکی تازە نووسراوە و گێڕانەوەی ڕووداوەکان سەرنجڕاکێش و ئاڵۆزیشە. ئەمەش وای کردووە ئەم ڕۆمانە لە نێوەندی ئەدەبیاتی فارسیدا گرنگی زۆری پێبدرێ و چەندین جار چاپ بکرێتەوە و وەک وەرگێڕ ئاماژەی پێداوە خەڵاتی گوڵشیری پێبەخشراوە.
ئەم ڕۆمانە لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ محەمەد کەریم-ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لە دووتوێی 194 لاپەڕەدا چاپ بووە وەرگێڕ لەگەڵ کارەکەدا ماندوو بووە. حەقە گرنگی پێبدرێ، چون وەرگێڕانێکی جوان و سەرکەوتووە و کوردییەکی پاراوی هەیە کە لە خوێندنەوەدا هەست بە ناڕێکی و ڕەکیکی ناکەیت.[1]