چیرۆکێک لە کەلەپوری ئیسپانییەوە
لە عەرەبییەوە: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
ڕۆژێک مردن بەناو دارستانێکدا تێپەڕی، لە ڕێگەکەیدا کیژێکی بچووکی پێگەیشت، کاتێک کیژەکە مردنی لەسەر ئەسپە ڕەشە جوانە درەوشاوەکەی بینی، بە دڵێکی پاکەوە لێیپرسی:
تۆش ون بوویت؟
مردن تەماشایەکی کرد، بە زەردەخەندەیەکەوە وەڵامی دایەوە: بەڵێ ون بووم، ئەی تۆ دەزانی چۆن بچیتەوە بۆ ماڵەوە؟
کیژەکە لە وەڵامدا گووتی: نەخێر، بەڵام ئێستا چیتر هەست بە تەنیایی ناکەم، چیتر ناترسم، چونکە تۆم لەگەڵە.
مردن سەری سوڕما بوو، پێتگووتم کە لێم ناترسیت! ئایا دەزانی من کێم؟
کیژەکە بە هێمنی وەڵامی دایەوە:
ئەگەر تۆ لەبەر من هاتبیت ئەوە باشە، بەڵام من داوای چاکەیەکت لێدەکەم.
مردن لە وەڵامدا گووتی: بەڵێ، لەبەر تۆ هاتووم.
ئەی بزانم تۆ داوای چ چاکەیەک لە مردن دەکەیت؟
کیژەکە بە ڕوخسارێکی غەمگینەوە وەڵامی دایەوە:
دایکم ڕزگار بکە، زۆر نەخۆشە، بۆیە لە ماڵ هاتوومەتە دەرەوە تاوە کو هەندێ گژوگیای سروشتی لە دارستانەکە بۆ ببەمەوە، کەچی ڕێگای ڕۆیشتنەوەم بۆ ماڵەوە ون کردووە، ئەوەی زۆر نیگەرانی کردووم ئەوەیە ئەگەر بێت و نەگەڕێمەوە بۆ لای دایکم، ئەوا بەهۆی نەخۆشیە کەی خۆی و خەمخواردنی بۆ لە دەستدانی من دەمرێت.
ئێمە ئێستا بە تەنیا دەژین!
باوکم ساڵێک لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد، لەو کاتەوە دایکم بەرپرسیارێتی من و ماڵەکەمانی لە ئە ستۆ گرتووە.
مردن هەستی بە شەرمەزاری کرد، بۆ یەکەمجار خەم و دڵتەنگی بە ڕوخسارییەوە دەرکەوت، چونکە بەنیاز بوو کیژەکە بەبێ گەڕانەوە لەگەڵ خۆیدا ببات!
بەدەم قسەکردنەوە بەردەوام بوون لە ڕۆیشتن، کیژەکە لەتاو ئازاری پێیە نەرمەکانی دەشەلی، مردنیش سواری ئەسپە زەبەلاحەکەی ببوو، تاوەکو گەیشتنە سەر ئەو ڕێگایەی کەڕاستەوخۆ بەرەو ماڵەی کیژەکە دەڕوات، لە دوورەوە ماڵەکەیان دەرکەوت، پێش ئەوەی دارستانەکە بەجێبهێڵن، مردن وەستا و کیژەکە بەرەو ماڵی خۆیان پێشڕەوی کرد، ئاوڕی بۆ مردن دایەوە و بە سەرسوڕمانەوە لێی پرسی:
تۆ چێ دەکەیت!؟ بۆچی ناجوڵێت!؟
مردن لە وەڵامدا گووتی:
چیتر ناتوانم بەردەوامبم لە ڕۆیشتن لە گەڵتدا.
کیژەکە لێی ڕاما و پێیگووت: کەواتە لەگەڵ خۆت نامبەیت!؟ ئەی وا ڕیکەوەت نەبوو لە گەڵت بڕۆم؟
مردن سەیری چاوە بچووکەکانی کرد، وەڵامی دایەوە:
نەخێر، نە تۆ و نە دایکت لەگەڵم ناڕۆن!
تەنها بڕۆ ئاگاداری دایکت بە، لەکاتێکی گونجاودا لەبەر ئەو و لەبەر تۆش دەگەرێمەوە، ئەو کات لەگەڵمدا دەڕۆین..
کیژەکە خۆشییەک دایگرت، وەک ئەوەی باڵندەیەکی جوانی ئەفسوناوی و درەوشاوەی بینیبێت، لە خۆشیدا دەنگی دەلەرزی، بە مردنی گووت:
سوپاس بۆ تۆ، منیش بەخۆشحاڵیەوە چاوەڕێت دەکەم، چونکە دەزانم کە تۆ خراپ نیت.
مردن بە قامچیە کە ی لە پشتی ئەسپەکەی دا، ئەسپەکە ئەوەندە بە خێرای دەرچوو بەناڵەکانی زە وێکە ی کێڵاند، وەک سێبەرێکی لێهات و لەناو تاریکی دارستانەکەدا ونبوو.[1]
مردن خراپ نییە، هەندێک جار فریادڕەسە!
بەتایبەتی کە لەکاتێکی گونجاودا دێت.