سەرنجنووسیی دەق
دیار لەتیف
1
هیچ دەقێکی باش نییە خاوەن گۆشەنیگایەکی بەرین نەبێت و بەسەر زمان و بیرۆکەدا دەسەڵاتی نەشکێتەوە.
دەقی یەکڕەهەند وەک ئەو خانووەیە کە تەنیا یەک پەنجەرەی بۆ بینین هەبێت. ڕوانینێکی سەمەرە دەخرێتە ئەستۆی دەق، کە جەخت لەسەر ئاواز و وشەسازی و پەیامی ڕاستەوخۆ و زانینبەخشین و داماڵینی ڕستە لە کەرەستە هونەرییەکان، ئەمانە بنەڕەتی دەق نین، بەڵکوو لاوەکین و بەسەرەکی کراون، لەکاتێکدا دەشێت دەقێکی زۆر چاک، خاڵی بێت لەو پێودانگانە. هەرچی دەقێکە کەڵک لە واقیعییەت وەردەگرێت لە پێناو درووستکردنەوەی نا واقیعییەتی ئەدەبی.
2
گەورەترین مردنی ئەدەبی هەر ئەوەتا نووسەر تووشی تەوەهم بێت، تەوەهمی ستایشی کوێرانەی خوێنەر. خوێنەرانێک کە کەمترین ئاستی مەعریفی ئەدەبییان هەیە.
تەوەهم ناوچەی کوێری نووسەرە و دەیخاتە غەیبووبەی گەشەسەندن و بەرەو لێواری لەناوچوونی دەبات، کە فریای خۆ نەکەوێت بە گۆڕی دەسپێرێت. ساڵانە مردنی ئەدەبی لەمجۆرە زۆرن و دەبینرێت. ئەم مەرگە خەمبارترین جۆری مردنی ئاوەڵواتایی نووسەرە، لە مردنی جەستەیی ئازاراویترە.
فووکردن بە باڵۆنی نووسەر لەلایەن جەماوەرەکەیەوە، چەپڵە نادرووستەکان، کە بێ پاشخانی تیۆری نووسەر بەرەو هەڵدێر دەبات. بەپێی خواست نووسینی جەماوەر جارێکیتر نووسەر دەخاتە کێشەی قووڵی پەرەسەندن و خۆتێپەڕاندنەوە.
3
دەق بریتی نییە لە یاسایەکی نەگۆڕ، بۆچی دەق بیرکارییە تاوەکوو لەسەر یاساکان بڕوات! دەق ژیاندنە و ژیاننووسییە و هەستەوەرییە. بە درێژایی ئەزموونی خوێندنەوەم دەیان دەقی کوردی هەبوونە پێیان دڵخۆشبوومە، بەڵام دوو دەقی کوردی زۆر سەرسامیان کردووم و چەندان ساڵە هێشتاش هەمان بۆچوونی سەرەتای خوێندنەوەم بۆیان هەیە، (ئەو ڕۆژەی من دەمرم و زێوان)ە. بەڕادەیەک خۆشحاڵم بەم دوو چامە کتێبە، تەنانەت حەزدەکەم لەبری تەڵقین لەسەر تەرمەکەم بوترێتەوە. ئا ئەمەیە مەزنی دەق، کەمەندکێشی بەردەنگ، ئاوێزاندنەوەی ڕۆح. لەپاش یاداشتە ڕۆمانی (نانی ڕووت)ەوە محمد شوکری چەندین بەرهەمیتری هەبوو، کەچی دەنگدانەوەی ئەو بەرهەمە سەرجەمیانی داپۆشی، ناوی ڕۆمانەکە پێش ناوی نووسەر کەوت، تەنانەت پێش ناوی بەرهەمەکانیتریشی کەوت. ئەم جەختکردنەوەی تاکە بەرهەمێک بۆ نووسەر هەم خۆشە و هەمیش کێشەدارە.
4
دەقی خراپ ئەو دەقانەن لەبار و سازێنراو نین، ئامادەیی بوون بە دەقیان تێدانییە. بەدڵنیاییەوە ڕێسایەکی جێگری دەقباشیمان نییە، جگە لەوەی سەرەکیترین بۆچوونی گونجاوی زیندوویی دەق، ژیان خوڵقاندنە. بە بابەتاندنی مرۆڤ و کێشەکانی، خۆشییەکانی، ڕابردوو و هەنووکە و داهاتووە. هونەرتەوەریی و نوێسازیی زمان و تێڕامان و دەستگرتنەوەیە بەرامبەر بە خەرجکردنی وشە و ڕستە و ئابووریکردنە لە دەربڕین، پرسیاراندنەوەی پرسەکانە و هێمای پرسیار دانانە لەسەر وەڵامە دەستلێنەدراوەکان، بەکاربردنی پاروودی و پێرسۆنی و تەنز و جۆک و گەمەی زمانەوانی و ئایرۆنی و بارگەی سۆز و واتاسازییە. پاشخانێک کە لە پشتەوەی دەق نەبێت، وێرانەیی و بێ بنەمایی دەقێتیبوون دەخوڵقێنێت. دەق سرووش بۆهاتن نییە، بەڵکو ئازووخەخستنی خوێندنەوە بەردەوامەکانی نووسەرە وەک خوێنەر. ئەرخەیانبن هیچ نووسینێک بێ گەڕان و پشکنین و خوێندنەوە، نە نووسینە و نە کاری نووسەرە.[1]