دووبارە (گەمژە)!
#هێمن مەحموود#
دۆستۆیڤسکی لە لاپەڕە 26ی ڕۆمانی (گەمژە) دا کە وەرگێڕی گەورەی کورد (حەمە کەریم عارف) وەری گێڕاوە ئاماژە بە دیاردەیەکی دەروونی زۆر قووڵ لە ڕۆحی مرۆڤدا دەکات بەتایبەت ئەو کەسانەی زۆر پێویستیان بە قسەکردنە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا و پێویستە هەرچۆنێک بێت ڕۆحی خۆیان خاڵی بکەنەوە.
لە هەموو سەرنجڕاکێشتر ئەو پێی وایە ئەو جۆرە قسەکردنانە بۆ ئەوە نییە مرۆڤ هاودەمێکی هەبێت تاوەکوو گوێی لێ بگرێت، بەڵکە زیاتر بۆ ڕەواندنەوەی تەنیایی قسەکەرەکەیە و وەک پێویستییەکی میکانیکی نەوەک پێویستییەکی دەروونی قسە دەکات و بەلایەوە گرنگ نییە بەرامبەرەکەی چی هەستێکی هەیە یاخود قسەکانی بەلاوە گرنگە یاخود نا، گرنگ ئەوەیە ئەم قسە بکات و کەسێکیش هەبێت گوێ بگرێت. زیاتر خەم و پەژارەی ئەوەیەتی کە قسان بکات ئیتر قسەکانی چۆنن و لەگەڵ کێدان ئەوەیان گرنگ نییە. ئەوەتا دۆستۆیڤسکی دەنووسێت:
پیاو هەستی دەکرد وەکوو پێویستییەکی میکانیکی نەک پێویستییەکی دەروونی قسانی دەکرد. بۆ ڕەواندنەوەی تەنیایی خۆی نەک بۆ دواندنی بەرامبەرەکەی قسەی دەکرد، جۆرە خەم و پەژارەیەک بۆ قسەکردن هانی دەدا، تەنیا لەبەر ئەوە قسەی دەکرد کە هاودەمێکی هەبێت. گرینگ ئەوە بوو قسان بکات. دیار بوو کە هێشتا تایەکە بەری نەدابوو.
لە لاپەڕە 60ی هەمان ڕۆمانیشدا، دۆستۆیڤسکی دۆخێکی دیکەمان بۆ بەیان دەکات و بڕوای وایە مرۆڤەکان زۆر جار لە ڕواڵەتیاندا خاڵی هاوبەش نابینرێت، وەلێ لەناواخن و ڕۆحیاندا خاڵی هاوبەش هەن بەڵام چونکە تاقەت و حەوسەڵەی بیرکردنەوەیان نییە نایبینن و لە تەمبەڵی خۆیاندا بڕیار لەسەر ڕواڵەت دەدەن و خەڵکانی دی پۆلێن دەکەن و بڕیاریان لەسەر دەدەن، دواجاریش ناتوانن حەقیقەتی کەسەکان بدۆزنەوە، بەم پێیەش بڕیارەکانیان لەسەر ڕواڵەت هەمیشە ڕاست دەرناچێت و بەهەڵەدا دەچن. ئەوەتا دۆستۆیڤسکی دەنووسێت:
زۆر جار لە ڕواڵەتدا خاڵی هاوبەش نابینرێت، بەڵام لە حەقیقەت و جەوهەردا خاڵی هاوبەش هەن.. خەڵکی لە تەمبەڵی خۆیاندا، بڕیار لەسەر ڕواڵەت دەدەن و بەگوێرەی ڕواڵەت خەڵکی پۆلێن دەکەن و ناتوانن حەقیقەتی خەڵکی بدۆزنەوە.
ساڵی پار تەقریبەن ئەم کاتانە بوو کە (گەمژە) م خوێندەوە، بەڵام چێژی تەواوەتیم لێ نەبینی... چەند ڕۆژێکە هەستم دەکرد کە پێویستم بە دۆستۆیڤسکی یە و دووبارە دەبێت گەمژە بخوێنمەوە... گەمژە تاکە ڕۆمانێکە پێویستە هەموو کەسێک یەکجار لانی کەم لە ژیانیدا بیخوێنێتەوە هەر بۆ هیچ نا، تەنیا بۆ ئەوەی وەک ئاوێنەیەک تەماشای دەروونی خۆی پێ بکات و لە شکست و بەڵا و نەهامەتییەکانی ژیانی خۆی بڕوانێت و هەندێک جار بەزەیی بە عەقڵی خۆیدا بێتەوە کە چۆن لە کەسەکان و ژیان و ڕووداوەکانی ڕوانیوە.. گەمژە ڕۆمانێکە هی ئەو کاتانەیە مرۆڤ بەبێ هیچ هۆیەک دڵی دەگیرێت و لە خۆیەوە هەست دەکات دونیا بووەتە بارێکی گەورە بەسەر دڵییەوە.. گەمژە هی ئەوانە نییە وا هەست دەکەن سەرکەوتوون و کەسانی بێ کەموکوڕین و مرۆڤی باڵان (لە دڵی خۆیاندا).. گەمژە هی ئەو کەسانە نییە بیر ناکەنەوە و گاڵتەیان بە بیرکردنەوە دێت.. گەمژە هی تێکشکاوەکانە ئەوانەی تێکشکاون و بە جۆرێک لە جۆرەکان هاتوونەتە دەرەوە و دووبارە دەستیان پێکردووەتەوە و بەردەوامن... گەمژە هی هەموو ئەوانەیە وا بیر دەکەنەوە کە هێشتا ماویانە.. هێشتا لە پەراوێزی ژیاندان.. هێشتا دەمیان بە تامەکەی ژیان نەگەیشتووە.[1]