خەرمانی کتێبی کوردی لە کتێبخانەی نەتەوەیی ئەرمەنستان
#سوداد ڕەسووڵ#
لە سەردانیم بۆ کتێبخانەی نەتەوەیی ئەرمەنستان بە سەر خەرمانێک کتێبی کۆن و نایابی کوردیدا کەوتم، کە بۆ من ئەوەندە گرنگ بوون نەمدەزانی چۆن سەیریان بکەم و چۆن وێنەیان لێ بگرم و چەندیان کۆپی بکەم.
کتێبەکان ئەوەندە دانسقە و نایابن، بە تایبەت کە سەیری مێژووی چاپەکانیان دەکەی لە ساڵانی سییەکان چاپ کراون کە ئەوسا زمانی کوردی لە باشووری کوردستان تازە لە گەشەکردندا بوو و شتێکی ئەوتۆ بە زمانی کوردی نەبووە، کەچی لەم ئەرمەنستانە کە لە دەرەوەی خاکی کوردستانە، بە هەوڵی ئەو کوردانەی ئەرمەنستان کۆمەڵێک کاری گەورە و پڕ بایەخ بۆ پێشخستنی زمانی کوردی ئەنجام دراوە بە تایبەت لە ڕووی تەرجەمەکردنی کتێبی دەرسی بۆ قۆناغەکانی خوێندن.
لێرەدا بۆ ئەوەی لە بوونی ئەو کتێبە کوردییانە لە ئەرمەنستان تێ بگەین، بە کورتی باسی مێژووی کوردەکانی ئەرمەنستان و ناوچەی قەرەباخ دەکەم:
زۆربەی کوردەکانی ئەرمەنستان دوو سەد ساڵێک پێش ئێستا لە باکووری کوردستانەوە بە تایبەت لە ناوچەی قارس و وان و بایەزید و بدلیس ئاوارەی ئەرمەنستان بوون، ئەمانە زۆربەیان کوردی ئێزیدین، و لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئەرمەنستان کە هاوسنوورە لەگەڵ باکووری کوردستان، نیشتەجێ بوون و چەند گوندێکیان لەو ناوچانە ئاوەدان کردووەتەوە کە هەتا ئێستاش ئەو گوندانە ماون، وەک ئەلەگەز، ڕیا تازە، سیپان، جاموشڤان، میرەک، قوربولاغ، حەکۆ، سۆریک، بایسز، .. تاد. بەڵام کوردە موسڵمانەکان کە لە چەند گوندێکی ناوچەی نەخچیڤان هاوسنوور لەگەڵ ئێران و ناگۆرنۆ قەرەباخ کە ناوچەیەکە لە نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان نیشتەجێ بوون، ئەمانە هەر لە زووەوە لەو ناوچانە بوون، بوونی ئەم کوردانە بۆ سەردەمی ئیمارەتی شەددادی دەگەڕێتەوە لە سەدەی دوازدەمی میلادی کە لەم ناوچەیە میرنشینێکی کوردی هەبووە.
هەروەک (شادی) باپیری سەلاحەدین ئەیوبیش بە بنەچە لە کوردەکانی ئەرمەنستانە لە گوندێکی شاری (دڤین) لە دایک بووە، دواتر بە خۆی بنەماڵەکەی ئاوارەی عێراق دەبن.
ناوچەی قەوقاز بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژێر حوکمڕانی ئێرانی قاجاری و ڕووسیای قەیسەری بووە. دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ساڵی 1917 و هاتنە سەر کاری بەلشەفییەکان بۆ ڕووسیا ئەو ناوچانەی قەوقاز جارێکی دی دەبێتەوە بە بەشێک لە حوکمڕانی ڕووسیا، بەڵام ئەمجارە بە حوکمڕانی سۆڤیەت و سیاسەتێکی نوێی کولتووری و سۆشیالیستی. سیاسەتی سۆڤیەت لەو سەردەمە وا بوو کە نەتەوە بچووکەکان وەک نەتەوە گەورەکان مافی کولتووری و خوێندن بە زمانی خۆیان بۆ دابین بکرێت. ئەوە بوو کوردیش لەم سەردەمە لە چوارچێوەی یەکێتیی سۆڤیەت توانی ئەم مافە بە دەست بێنێت، خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان دەستی پێ کرد.
بۆ یەکەم جار ئەلفوبێی کوردی لەسەر بنەڕەتی پیتی ئەرمەنی بۆ زمانی کوردی لە ساڵی 1921 لە لایەن ئەرمەنییەک بە ناوی (هاکۆپ تێر گازەریان لازۆ) ساز کرا، کە ئەویش بە ئەسڵ ئەرمەنییەکی بایزید بووە و کوردی زانیوە. ئەم ئەلفوبێیە هەتا ساڵی 1929بەردەوام بوو، زۆر کەم کتێبی پێ چاپ کراوە. دوای ئەوە لە ساڵی 1929 ئەلفوبێیەکی نوێ دانرا لەسەر بنەڕەتی ئەلفوبێی لاتینی لە لایەن ئیسهاق مارگۆلۆڤ کە مەسیحییەکی ئاشووری بوو لەگەڵ عەرەب شەمۆ کە کوردێکی ئێزیدیییە. ئەم ئلفوبێ لاتینییە هەتا سەرەتاکانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو بەردەوام دەبێت، بەڵام دوای هاتنی ستالین بۆ حوکمڕانی سۆڤیەت زۆربەی نەتەوەکانی سۆڤیەت بەزۆر ئەلفوبێیان پێ کردن بە کریلیک واتە ئەلفوبێی ڕووسی، ئیدی کوردیش لە سۆڤیەت ئەلفوبێیان گۆڕی بۆ کریلیکی. دوای ڕووخانی سۆڤیەت جارێکی دی گەڕانەوە بۆ لاتینی. واتە کورد لە سۆڤیەت سێ جار ئەلفوبێی گۆڕیوە.
هەر لەو سەردەمەش بوو لە ساڵی 1923 لە ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباخ ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکانی ئەو هەرێمە لە لایەن سۆڤیەتەوە دادەمەزرێت بە ناوی (کورستانی سۆر) پایتەختەکەی شاری لاچین بوو، ئەم ناوچە ئۆتۆنۆمییە لە ساڵی 1929 هەڵدەوەشێتەوە. ئەوەندەی من ئاگادار بم ئەم ناوچە ئۆتۆنۆمییە بەرهەمی نووسراویان نییە، تەنیا هەرێمێکی سیاسی بوو.
ناوچەی قەرەباخ کە لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان کێشەی لەسەر بووە، لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو شەڕێکی خوێناوی لە نێوان هەردوو وڵات بەرپا بوو، لە ئەنجامدا ئەرمەنستان قەرەباخ داگیر دەکات و کوردەکانی ئەم ناوچەیەش هەموو ئاوارەی ئازەربایجان دەبن. بە هۆی ئەم شەڕەوە ئێستا قەرەباخ یەک کوردی لێ نەماوە.
کورد لە سییەکانی سەدەی بیستەم لە ئەرمەنستان مافی ئەوەی هەبوو بۆ ماوەی حەوت ساڵ هەموو بابەتە دەرسییەکانی قوتابخانە بە کوردی بخوێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەبوایە کتێبەکانی قوتابخانە تەرجەمەی کوردی بکرێن یان بنووسرێن. هەر بۆیە لە ساڵانی سییەکان کۆمەڵێک کتێبی دەرسی تەرجەمەی کوردی کراون بە پیتی لاتینیش چاپ کراون، ئەوە بوو لەم سەردەمە سەرەڕای خوێندن بە زمانی کوردی، هەر لە بیستەکانی سەدەی بیستەمەوە تا کۆتایی ئەو سەدەیە، ژمارەیەکی زۆر کتێبی کوردی بە ئەلفوبیی جیاواز وەک ئەلفوبێی ئەرمەنی (چەند دانەیەکە) و لاتینی و کریلیکی چاپ و بڵاو بوونەتەوە، چونکە لە نێو کوردانی ئەرمەنستان بە تایبەت ئێزدییەکان کۆمەڵێک نووسەری لێهاتو و کوردپەروەر سەریان هەڵدا کە ڕۆلێکی گەورەیان گێڕاوە لە خزمەتکردن بە زمان و فەرهەنگی کوردی وەک عەرەبی شەمۆ، کارلێنی چەچان، ئۆردیخانی جەلیل، جەلیلی جەلیلی، جاسمێ جەلیل، وەزیری ئەشۆ، قەناتی کوردۆ، حاجی جندی، ئەمینی ئەڤدال، چەرکەسێ ڕەش.. تاد ئەمانە یان بە کوردییان نووسیوە یان لە کوردییەوە کتێبیان تەرجەمە کردووە بۆ ئەرمەنی و ڕووسی.
بێجگە لەمەش خوێندن بە زمانی کوردی بۆ ماوەی حەوت ساڵ کە هەموو بابەتەکان بە کوردی دەخوێندرا دەبوایە کتێبی دەرسی ئامادە بکەن بۆ ئەم حەوت ساڵە، هەر بۆیە لە سییەکان کۆمەڵێک کتێبی دەرسی بابەتە زانستییەکان تەرجەمەی کوردی کراوە، هەندێک لە کتێبەکان لە ڕووی ناوەڕۆکەوە ئەوەندە دەوڵەمەندن جێگەی سەرنجە کە چۆن ئەم کارە زانستییانە تەرجەمەی کوردی کراوە و زمانی کوردی ئەوەندە پێش کەوتووە کە لە ساڵانی سیی سەدەی بیستەم کتێبی هەندەسە و جەبر و ماتماتیکی پێ نووسراوە و تەرجەمە کراوە لە قوتابخانەکان خوێندراوە، ئەمە لە کاتێکدا لە ساڵانی سی ئێمە لە باشوور شتێکی وامان بە کوردی بۆ ئەم بابەتانە نەبووە، ئەگەر هەشبووبێت چەند نامیلکەیەکی سەرەتایی بووە ئەوەندە پێشکەوتوو نەبووە، بەڵام ئەوەی لەوێ کراوە بۆ ئەم چەند هەزار کوردە مایەی سەرنجدان و لێوردبوونەوەیە، ئەمە نیشان دەدات کە لەم ماوەیە ئەو کوردانەی ئەرمەنستان زۆر بە چالاکی و دڵسۆزی کاریان بۆ زمانی کوردی کردووە و کتێبی کوردییان بۆ ئەم بابەتە زانستییانە بە کوردی ئامادە کردووە، کە بێگومان ئەمە کارێکی ئاسان نییە ئەم هەموو زاراوە زانستییە دابنرێت و کتێبی بە کوردی پێ تەرجەمە بکرێت.
ئەوەی مایەی سەرنجدانە بیست هەزار کوردێکی ئاوارەی وڵاتێکی دەرەوەی کوردستان کە ئەرمەنستانە لە سییەکان بە لایەنەوە گرنگ بووە کە زمانی کوردی زمانی زانست بێت و ئەم هەموو کارەیان بۆ کردووە بۆ ئەوەی قوتابی کورد بە کوردی زانستەکان فێر بێت، کەچی ئەمڕۆ لە حکومەتی باشووری کوردستان لە لایەن وەزارەتی پەروەردە نایەوێت بابەتە زانستییەکان بە کوردی بخوێندرێت و پلانێکی داناوە لە هەموو قوتابخانەکان هەردوو بابەتی زانست و بیرکاری بە ئینگلیزی بخوێندرێت. ئایا ئەمە جێگەی هەڵوەستەکردن نییە کە لە سییەکان لە ئەرمەستان زانستەکان بە کوردی خوێندراوە و ئەمڕۆ لە باشووری ڕزگارکراو بە خوێنی شەهیدان، زانست و بیرکاری بە کوردی نەخوێندرێت!!؟[1]