کورد لە ئازەربایجان
#سوداد ڕەسووڵ#
تاهیر سلێمان وەک کوردێکی خەمخۆر و ماندوونەناس لە ئازەربایجان هەمیشە لەهەوڵ و تێکۆشاندایە بۆ ئەوەی زمانی کوردی لەم وڵاتە زیندوو بمێنێتەوە و چرای وشەی کوردی نەکوژێتەوە.
بۆ ماوەی 17 ساڵە بە تەنیا و بە پارەی خۆی ڕۆژنامەیەک بە چوار زمان: کوردی، ئازەری، تورکی، ڕووسی بە ناوی (دیپلۆماتا کورد) دەردەکات، کە ئەمڕۆ تاکە ڕۆژنامەیەکە لەم وڵاتە بە کوردی دەردەچێت.
لە سەردانیم بۆ ماڵەکەی وام هەست دەکرد لە ماڵی کوردێکم کە لە کوردستاندا دەژیێت، لە هەموو شوێنیک ئاڵای کوردستان دەبیندرێ، تەنانەت لە ناو سەیارەکەشی ئاڵای کوردستان هەیە. هیواخوازە ڕۆژێک زووتر سەربەخۆیی کوردستان ببینێت. کتێبخانەکەی لە ماڵ هەمووی تەرخان کراوە بۆ کتێبی کوردی بە زمانی جیاواز.
تاهیر سلێمان کە دەرچووی کۆلێجی مامۆستایان و ڕۆژنامەوانییە، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە ئەرمەنستان دەرسی زمانی کوردی داوەتەوە، هەر بە ئاواتی خزمەت بە کورد و کوردستان ژیانی پێشمەرگایەتی هەڵدەبژێرێت و دەچێت بۆ ڕیزی هێزەکانی گەریلا و لە یەکێک لە شەڕەکان بریندار دەکرێت.
ئەو هەمیشە ترسی ئەوەی هەیە بمرێت و لە دوای خۆی کەسێک نەبێت ڕۆژنامەیەکی کوردی بەڕێوە ببات، چونکە کورد لەم وڵاتە ئەوەندە بێکەس و بێ پشت و پەنایە، نە حکومەتی ئازەربایجان و نە هیچ ناوەندێکی ڕۆشنبیری چالاک هەیە لەم وڵاتە درێژە بە خەباتی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری کوردی بدات.
چەندین جار سەردانی باشووری کوردستانی کردووە ڕووی لە سەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە یارمەتی بدەن بۆ ئەوەی زمانی کوردی و نەتەوەی کورد لە ئازەربایجان ببوژێتەوە، بەڵام بێسود بووە هیچ لایەنێک یارمەتیان نەداوە. لە سەر ئەو حاڵەش هەر کۆڵی نەداوە بڕیاری داوە هەتا مردن دەبێ ئەو کاروانە بەردەوام بێت، بە تەنیا و بە پارەی خۆی ڕۆژنامەکە بە ڕێوە دەبات و بە خۆڕایی دەگەیەنێتە گوندە کوردنشینەکان.
ئەو پێی وایە ژمارەی کورد لە ئازەربایجان لە ملیۆنێک زیاترە، بەڵام زۆرینەیان ئاسیمیلە بوون، ئێستا حکومەتی ئازەربایجان بە ڕەسمی تەنیا ئیعتیراف بە بوونی 11 هەزار کورد دەکات. کوردی ئازەربایجان هەموو کوردی موسڵمانن و ئێزیدیان تێدا نییە.
کورد لەم وڵاتە بە هۆی نەبوونی قوتابخانە بە زمانی دایکی خۆیان و پەرتەوازە بوونیان لە نێو تورکە ئازەرییەکاندا، زۆر بە خێرایی بەرەو توانەوە و نەمان دەچن، ڕەنگە دوای چەند دەیەیەکی دی شتێک نەمێنێتەوە لێرە پێی بگوترێت کورد، ئەمە لە کاتێکدا کورد لەم وڵاتە زیاتر لە هەزار ساڵە مێژووی هەیە.
تەنیا لە چەند گوندێکی دوورەدەست قوتابخانەی کوردی هەیە، لە گوندی سەیدلەر کە لە نزیک گەنجەیە قوتابخانە هەیە دەرسی زمانی کوردی تێدا دەگوترێتەوە هەفتەی سێ سەعات. لە نەخچیوانیش لە گوندی دەرەکەند بە کوردی دەخوێنن بۆ ماوەی سێ سەعات، ئەوانی دی هەموو لە خوێندن بە زمانی کوردی بێبەشن.
کوردبوون لە ئازەربایجان یەکێکە لە چیرۆکە پڕ مەینەتی و ماڵوێرانییەکان. مەینەتی و ئازاری کوردبوون لە ساڵی 1937 دەست پێ دەکات لە سەردەمی حوکمڕانی ستالین لە سۆڤیەت، کە دەیویست سنوورەکانی یەکێتیی سۆڤیەت لە خەڵک پاکسازی بکات بۆ ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ نەتەوەکانی دەوروبەری خۆیان نەمێنێت. بۆ ئەو مەبەستە ستالین لەگەڵ شای ئێران و عیسمەت ئینۆنۆی سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕێک دەکەوێت کوردی ناوچە سنوورییەکانی یەکێتیی سۆڤیەت کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا و ئێران سورگوم بکات واتە ڕاگوێزێت بۆ ناوەوەی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ ئاسیای ناوەڕاست (کازاخستان و قەرغیزستان و ئۆزبەکستان) و سیبیریا. ئەوانەی لەم سورگومکردنە بوونە قوربانی تەنیا کوردە موسڵمانەکان بوون، چونکە ئەوان نیشتەجێی ناوچە سنوورییەکان بوون. لەم کۆچپێکردنە زۆرەملییە خەڵکێکی زۆر لە ڕێگەدا دەمرن، ..!!
ئەمجارە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو جارێکی دی کوردی موسڵمان ڕووبەڕووی دەربەدەری و ماڵوێرانی دەبێتەوە. دوای داگیرکردنی ناوچەی قەرەباخ لە لایەن سوپای ئەرمەنییەوە کە ئەم ناوچەیە کۆمەڵێک گوند و ئاوایی کوردنیشینی هەبوو، هەر لە زووەوەش لەوێ نیشتەجێ بوون وەک کەلبەجار، قوبادلی، زەنگلان، شووشە، فزولی، لاچین، خۆجەڤەند، .. تاد کە ئەم ناوچانە بەشێک بوون لە ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستانی سۆر لە نێوان ساڵانی 1923 – 1929، ئەم ناوچە کوردنیشانە لە دوای نەوەدەکان بەهۆی شەڕی ناگۆرنۆ قەرەباخەوە خەڵکەکەی هەمووی دەربەدەر بوون و ئێستا یەک کورد لەم ناوچەیە نەماوە، تەنیا 10 هەزار کورد کە لەکاتی داگیرکردنی سوپای ئەرمەنی لەسەر خاک و ماڵی خۆیان دەژیان، سوپای ئەرمەنی هەموویان بە دیلی دەست بەسەر کردووە و ئێستا لە قەرەباخ کاری بێگاریان پێ دەکات. هەر لەبەر ئەوەی کوردن و بێ دەوڵەتن، هیچ دەوڵەتێک نییە بەرگریان لێ بکات و ئەو کوردانە لە ژیانی دیلی ڕزگار بکات، دەوڵەتی ئازەربایجانیش چونکە هاووڵاتی تورکی ئازەری نین پێی گرنگ نییە هەوڵی ڕزگارکردنیان بدات.[1]