ناونیشانی پەڕتووک: ساتێک پێش بیرچوونەوە
ناوی نووسەر: #کامەران سوبحان#
ساتێک پێش بیرچوونەوە، خوێندنەوەی خەیاڵ و بیرکردنەوەی هەریەک لە (#ئەحمەد هەردی# و #ئەحمەد موختار جاف# و #بێکەس# و #عەلائەدین سەجادی# و #مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس# و #حسێن عارف# و #عەبدولخالق مەعروف# و #مەزهەری خالقی# و #سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی# و #کانی#) هەموو ئەو کەسایەتییانەی ترە، کە لەم پەڕتووکەدا کارم لەسەر کردوون، من بەم شێوەیە مامەڵەم لەگەڵ کردوون. و زیاتر خەیاڵ و بیرکردنەوە و پەیوەندیی نووسین و گەمەی درامیی لا واڵا کردم. بە جۆرێک لەنێوان وەهم و ڕاستیدا خوێنەر دەقێک دەخوێنێتەوە، بارگاوییە بە خەیاڵ و ڕاستی، زۆر جاریش ئەو کارەکتەرانە خۆیان دێنە ناو نووسینەکە و بەشداری دەکەن لە ڕوودانی ڕووداوێک، یان دیمەنێکی تایبەتدا. ئەمە جگە لەوەی لە گێڕانەوەی ڕووداو و دیمەنی بەسەرهاتەکانی ژیان و مێژووی ئەو کارەکتەرانەدا، زانیاری لەسەر بەرهەم و تێکست و پەڕتووکەکانیان وەک خۆی بۆ خوێنەر نووسراوەتەوە.
ئەم شێوازە بۆ من دەبێتە دەقێک بۆ لەبیرنەچوونەوە! کە هەمیشە لە نووسیندا ئەو ترسەم هەبووە، نەوەکانی پاش ئێمە نەزانن هەردی و #ئەحمەد کایا# و #شێرکۆ بێکەس# و #کەریم کابان# و محێدین زەنگەنە و دەیان ناوی تر، کێ بوون و چییان بەرهەم هێناوە. ئەم هەوڵەی من لە (ساتێک پێش بیرچوونەوە) دا، نووسراوەتەوە. بە جۆرێکیش دەیەوێت خەیاڵی کارەکتەر و بەرهەمی نووسەر و دیمەنی درامی، گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانە بن.[1]