نەجمەدین مەلا پەپجی دەکات
سوارە نەجمەدین
پێنج ڕۆژ بوو کەس هەواڵی نەجمەدین مەلای نەدەزانی.
گۆران لە بەغدادوە هاتبووەوە سەرێک لە خزمان و دۆستان بدات و بۆ نەشترەێکی تر بچێتە مۆسکۆ، ئەوەی پیاوکوژی پارە وەرگر(1) لە بەغداد بۆ نەخۆشییەکەیان کردبوو، هیچ جێی نەگرتبوو، هاتە چاپخانەکە و نەجمەدینی نەبینی.
حەمەبۆر هەر جرت و فرتی بوو، دەیوت جەواڵێک قسەم(2) لایەتی و ناشێت تەواوی نەکردبێت و تەشریفی بردبێتە بەغداد، ئەوە خۆ گۆران خۆی هاتۆتەوە و پێویست ناکات ئەم بچێتە لای، یان خۆی حەز ئەکات بچێتە بەغداد و لە تەک مودەڕیسدا چایەکی خەست بخواتەوە، حەمەبۆر بێ ئوقرە بە پرتە و بۆڵەوە لە ژێرلێوەوە دەیوت شتێکی لە کەشکۆڵەکەم کردبێت نایەڵم چایەکی تر لە ماڵم بخواتەوە.
بلە ڕۆژنامەی خەباتیان پێداخستبوو، لە ترسی قوتابخانەی دزان(3) لە هەزار کون خۆی دەشاردەوە، تاکو نەکەوێتە دەست پیاوانی میری، بەسەر هەزار ترس و لەرزدا هاتبووە #سلێمانی# و لە نەجمەدین مەلا دەگەڕا و کەس نەیدەزانی لە کوێیە.
لەبەردەم کەشتی نوحدا، چەند کوڕ و کاڵێک بە دەفتەری بن هەنگڵیانەوە سێڕسکێنیان دەکرد و چاوەڕوانی دەرکەوتنی نەجمەدین مەلا بوون، تاکو وانەیەکی نوێیان لە ئەلف و بێ تایبەتەکەی فێر بکات و موحتاجی کارگەی کاربەدەست دروستکردن(4) نەبن.
سێ شەممە عەسرەکەی، بلە کلێتەیەکی کردبووە سەری تاکو نە ناسرێتەوە، حەمەبۆر بن باڵی گۆرانی گرتبوو تا بتوانێت ڕێبکات، گۆران بە زەحمەت دەیتوانی هەنگاو هەڵبهێنێت، زۆر ماندوو دەبوو، لێ بە مامۆستای وتبوو، کارێکم بە نەجمەدینە و دەمەوێت تۆ و حەمەبۆر ئاگاتان لێی بێت کە پێی دەسپێرم، من نەخۆشی زۆری بۆ هێناوم و دەمەوێت پێش مردنم هەندێک نهێنی و هەندێک کار هەیە تەسلیمی دەستێکی ئەمینی بکەم، بە کورتییەکەی وەسێتەکەم بۆ نەجمەدین دەکەم.
لە سابوونکەرانەوە بە بەردەم حەمامەکەدا هاتنە بەردەم کەشتی نوح و سەلامێکیان لەو کوڕ و کاڵە کرد کە چاوەڕوان بوون وانەیەکی تر لای مامۆستا بخوێنن، لێ دەرگاکە بە قوفڵ لە دەرەوە داخرابوو، کەچی قوتابیەکان دەیانوت دەنگی مامۆستا لە ژوورەوە دێت و بەوەدەچێت لەگەڵ یەکێکدا لە شەڕدا بێت، حەمەبۆر باڵی گۆرانی دایە دەست مامۆستا برایم و بە دیوارەکەدا هەڵگژا تا لە دەلاقەکەوە سەیری ژوورەوە بکات، بێ ویستی خۆی دەنگێکی وەکو کارەسات لە دەمی دەرهات و شیڕاندی: کوڕە ئەوە تۆ چی ئەکەی!
لەو کاتەدا قوتابییەکان سەریان سوڕما لەو سێ ئەفەندییە بەوشێوەیە هاتوونەتە بەردەرگای مامۆستاکەیان و پێی دەڵێن شێتی مەوقەت(5).
حەمەبۆر لە دەلاقەکەوە هاواری لە نەجمەدین کرد ئەو گووەی دەستی فرێبدات و بێت دەرگاکە لە مامۆستا برایم و گۆران بکاتەوە، هۆدەکەی شێوا بوو، کتلیەک لەسەر سۆبایەکی کوژاوە، مۆمەکە بە تەواوی پلیشابووە و فتیلەکەی نەمابوو، کەشکۆڵ و دەستنووسەکان بەو ناوەدا پەرش و بڵاوببوونەوە، هەر پەڕەیە و لە لایەک، پشیلەکان گوڵدانی تاقەکەیان خستبووە خوارەوە و هەڵقەی ملەکەی شکابوو، کتێبەکان لای سەری تەختە خەوەکەوە زۆر بە ناڕێکی لە زەویەکەدا کەوتبوون، نەجمەدین مەلا هەردوو قاچی بەرزکردبووەوە بۆ لای شوێنی سەری تەختە خەوەکە، سەریشی لای جێ قاچەکەوە، کلێتەکەی کەوتبووە خوارەوە و هەڵینەگرتبووەوە، مۆبایلەکەی بە هەردوو دەستی گرتبوو، بە دەنگی بەرز دەیوت مارف ئاگات لە خۆت بێت لەناو قرمیتەکانەوە تەقە دەکەن.
گەر حەمەبۆر نەیوتایە مامۆستا برایم و گۆرانم لەگەڵدایە، ئەستەمبوو نەجمەدین مەلا باری پاڵکەوتنەکەشی بگۆڕێت، لێ چاری نەما، هەر بەدەم سەیرکردنی مۆبایلەکەیەوە هەستا دەرگاکەیان لێبکاتەوە، لەو کاتەدا لە تەختەخەوەکە دابەزی و قاچی فڕێدایە خوارەوە بەر قاپێکی بەتاڵ کەوت کە پێدەچوو چەند ڕۆژ بێت لەو بەرقاچەدا بووبێت.
بۆ خولەکێک چاوی لە یارییەکە بڕی و فەرمووی لە سێ هاوڕێکەی کرد، لەو کاتەدا مۆبایلەکە بە دەستێکییەوە بوو، ئەو دەستنووسانەی لەسەر دوو باوەڵەکە دانرابوون ڕاماڵییە خوارەوە و بە ئاماژە تێیی گەیاندن کە بلە و گۆران هەریەکەیان لەسەر یەکێک لە باوەڵەکان دابنیشن، لە بەرپێشیاندا سەدان پەڕە و کتێب لە ناو ژوورەکەدا پەرشببوونەوە، لەوکاتەدا لە مۆبایلەکەوە یەکێک هاواری دەکرد، مەلا ئاگات لە خۆت بێت.
دەمێ بوو، ئەو دوو دۆستەی نەدیبوو، گۆران لە بەغداد نەشتەرێکیشی بۆکراوە ئەم هەر هەواڵی نەپرسیوە، مامۆستا برایمیش داواکراوە و کەم کەس دەیبینێت، دەشێت شتێکی گرنگیان بووێت وا پێکەوە هاتونەتە لای، کەوتبووەوە ناو یارییەکە و بەسەر خەجاڵەتی دەکێشا و دەیوت یەک تۆزی تر دێمە خزمتتان، بەدەم یاریکردنەوە دەیوت ئەوە لەگەڵ خەزنەدار لە یەک تیمین، ئەو لە لینین گرادە، دوو کچی شۆخی هاوڕێشی هێناوەتە تیمەکە بەس بە ڕووسی قسە دەکەن لێکتێناگەین، مەلا دەیویست بلە و گۆرانیش لەگەڵ خەزنەدار قسە بکەن، دەیوت دەنگەکەتان لە یارییەکەوە دەڕوات.
لەو کاتەدا نەجمەدین هەموو خەیاڵی لای یارییەکە بوو، گۆران سەرێکی هەڵبڕی و بینی بە پشتی دەرگاکەوە، ڕەسمێکی مارلین مۆنرۆی هەڵواسیوە، لێ نەجمەدین نەیهێشت کۆمێنتی خۆی لەسەر ڕەسمەکە بڵێت دایە ناو بیرکردنەوەکەیدا و وتی ئەم پەپجییە ئەڵێی عەرەبانەی قیامەتە(6)، هەر کە کەوتیتە ناوی ئیتر هاتنە دەرەوەت نییە.
حەمە بۆر بەدەوری خۆیا ئەخولایەوە تاکو بزانێت تەختەیەک شتێک نییە لەسەری دابنیشێت، لەو کاتەدا چاوی چووە سەر زۆپا کوژاوەکە، وتی ئەرێ مەلا چایەک دەم ناکەی.
بۆ چرکەیەک چاوی لە مۆبایلەکە هەڵگرت و یەکێک لە کوڕ و کاڵەکانی بینی ناو دەرگاکەیا دانیشتبوو، تێی خوڕی بە پەلە بڕوات لە ماڵەوە قوتولەیەک نەوت و کەمێک چا و پڕ ژێرپیاڵەیەک شەکر بهێنێت تاکو چایەک بۆ میوانکانی ئامادە بکات، منداڵەکە بە هەڵەداوان ڕۆیشت، مەلا لەو کاتەدا سەری هەڵبڕی جارێکی تر داوای لێبووردن بکات لەوەی یارییەکەی بۆ ناوەستێنرێت، لە بڵندگۆی مۆبایلەکەیەوە دەنگی خەزنەدار دەهات: مەلا ئاگات لە خۆت بێت لە پشتەوە بۆت هاتن، مەلا دوورکەوەرەوە، ئەرێ مەلا لە کوێی؟ بێ سوود بوو، دەستڕێژی گوللە لە پشتەوە نەجمەدین مەلای داگرتەوە و دەستبەجێ کەوتە سەرچۆک. لەبەردەم قاچی بلە و گۆراندا تەخت لێی کەوت، حەمەبۆر بەرزە پێ هەستایە سەرپێ، ئەوان وایانزانی شۆخی دەکات، لێ نەجمەدین بەڕاستی لاربووەوە، لەو کاتەدا پشیلەکانی بەرەو سەر سەری خۆیان فڕێدا، لێ کارلەکار ترازا بوو، نەجمەدین مەلا گیانی سپارد.[1]
$پەراوێزەکان:$
-1 پیاوکوژی پارە وەرگر= دکتۆری ناشی/ بەپێی فەرهەنگی نەجمەدین مەلا.
-2 جەواڵێک قسە= دەفتەر / بەپێی فەرهەنگی نەجمەدین مەلا.
-3 قوتابخانەی دزان=بەندیخانە / بەپێی فەرهەنگی نەجمەدین مەلا.
-4 کارگەی کاربەدەست دروستکردن= قوتابخانە / بەپێی فەرهەنگی نەجمەدین مەلا.
-5 شێتی موقەت= سەرخۆش / بەپێی فەرهەنگی نەجمەدین مەلا.
-6 عەرەبانەی قیامەت= تابووت/ بەپێی فەرهەنگی نەجمەدین مەلا.