ڕەوسە بڕ کردن له کوردەواریدا
له پاش ئەوەی که شەنەبا کۆتايی دێت و کا و دانەکەی له يەک جیا دەکرێتەوه، ئینجا ڕەوسەکە و دانەکە بڕ دەکرێت، واته بەشی (سەپان) و (تاپۆی ئاغا) و (زەکات) و بەشی
(خاوەن)ەکانی له يەک جيا دەکرێتەوە، هەر یەک له سەپانەکان (بێژينگێک) یا (تەشتێک) به دەستەوە دەگرێت و هە موو به جارێک له ڕەوسەکەدا بڕ دەکەن و دەچن له دووری ڕەوسەکە ڕووی دەکەن، بۆ هەر بە شێکیان چەند جارێک ئەم هات و چۆيه دەکەن، زۆربەی جارانیش ئەم دابەش کردنه بۆ (گوێز) و (هەرمێ) و (کرۆسک) یش به کار دەهێنرێت. یەکێکیشیان به دەنگی بەرز (ژمارەی کاروانەکان) هەڵدەدات بە شێوەی ئەم هەڵبەستەی خوارەوه :
بسم اللە
بەناوی هەر چار ياری نەبی
ئەبو بەکر و عومەر و عوسمان و عەلی
ڕەزا و ڕەحمەتی خودایان لێ بی
لەسەر موسڵمانان به عامی
یەک:
ئەوە یەک وئەوە یێک
له شەيتانی بشکێ نێک
لنگی ببیتە سێپێک
يان دەڵی :
یێک و یێکە و دوو نییە
کەس لە ڕەنگی ئه و نييه
شەريک و هەواڵی نییه....یێک یێک
دوو :
ئەوە دوو...بەرەکەت له کنه توو
له شەيتانی ڕەشبێ ڕوو... لێ بشکێ نێک و ئەستوو
چاو کۆرەی ڕدێن به گوو... به کۆلانان دا دە چوو
منداڵی دەکەتنە دوو...لێی دەگەڕان دەیانگۆ
ئەو تەرەسە کێوه چوو... دوو دوو[1]