وتوووێژ: ڕەحمان سەلیمی
#حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران# هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە یەکێک لە ڕەساڵەتاکانی ئەوە بووه کە خەباتەکەی لەگەڵ خەباتی گەلانی ئازادیخوازی ئێران بۆ هێنانە سەرکاری سیستمێکی دێموکرات پەیوەندی پێ بدات.
حیزبی دێموکرات لەماوەی 75 ساڵ خەباتدا یەکێک لە ڕەهەندکانی خەباتەکی ئەو بووه کە پرسی کورد لە وڵاتانی دەرەوە و لە ڕێکخراوە نێونەتەوییەکاندا زەق بکاتەوە و بۆ ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانیی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزی ڕەوای کورد هەوڵی داوە و بەردەوامە.
لەم پەیوەندییەدا لەگەڵ بەرێز''محەممەد ساڵح قادری'' بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکدا ئەم بابەتەمان خستووەتە بەرباس کە سەرنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکیشێن.
- حیزبی دێموکرات لە کاتی دامەزرانیدا یەکێک لە ڕەساڵەتەکانی ئەوە بوو کە خەباتەکەی لەگەڵ هێزە ئازادیخوازەکانی دیکەی ئێران پەیوەندی بدات، لەم بوارەدا چەندە سەرکەوتوو بووە؟
وەک دەزانین بابەتێک بە نێوی دەوڵەتی نەتەوەیی ئێران، شتێکی دەستکرد و ساختەیە و لەو جوگرافیایەی کە ئێستا بە ناوی ئێران دەناسین، نەتەوەی جیاواز هەن و سەدان ساڵیش دەبێت کە بە پێچەوانەی سیاسەتی پەراوێزخستنی سیستەمەکان، توانیویانە بەو فرەجۆرەییەوە درێژە بەمانەوەی خۆیان بدەن. دەوڵەتی نەتەوەیی ئێران کە ڕەزاخانی پەهلەوی هەوڵی دامەزراندنی دا، هەوڵێک بوو بۆ سڕینەوەی ناسنامە جیاوازەکانی دیکە کە تا ئێستاش درێژەی هەیە. بۆیە خەباتی ڕزگاریی نەتەوەیی کورد لەو سیستەمەدا چەندە بۆ کورد گرینگ بێ، ئەوهێندەش بۆ نەتەوەکانی دیکەش گرینگە و پێچەوانەی ئەمەش ڕاستە.
لە بنەڕەتیشدا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بناخەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حیزبی دێموکرات بە هاوپەیوەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە دێموکرات و ڕزگاریخوازەکانی نەتەوەکانی دیکە لە ئازەربایجان و ئێران، بتوانێت داواکارییەکانی کورد لە ئێراندا بە ئاکام بگەیەنێت، هەرچەند لەم پەیوەندییەدا پاڵەپەستۆ و زەختی هەرکام لە وڵاتانی هاوپەیمانی شەڕی دووهەمی جیهانی لە ئێراندا بە تایبەتی یەکیەتیی سۆڤیەت لە لایەک و ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە لەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستان و فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان و باقی هێزە سیاسییەکانی ئەو سەردەمەی ئێران شوێندانەر و کاریگەر بووە، بەوحاڵەش ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەتایبەت پێشەوا قازی محەممەد زۆریان هەوڵ داوە تاکوو لەو بارودۆخە هەستیارەی ئەو سەردەمەدا بتوانن لە نێوان هاوکێشە جیا جیاکاندا، بە گرتنەبەری سیاسەتێکی حەکیمانە، بە پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان و هەروەها پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ئێران، داخوازە نەتەوەییەکانی کورد بە چارەسەری بگەینن. ئاکامی ئەو جۆرە سیاسەتە لەو دەرفەتە مێژووییەدا، پێکهێنانی کۆماری کوردستان و وەدیهێنانی گەلێک دەسکەوتی نەتەوەیی بۆ کورد بوون کە شوێنەواری ئەرێنی ئەو پەیوەندی و سیاسەتانەی حیزبی دێموکرات لەو سەردەمەدا، وەک بەشێک لە مێژووی هاوچەرخ بۆ ئێستا و داهاتووی کورد مایەی لێی فێربوونن.
- حیزبی دێموکرات لە سەر چە بنەمایەک لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران و دەرەوە پەیوەندی و دۆستایەتی دروست دەکات؟
پابەندبوون بە کولتووری دێموکراتیک و دیالۆگی بونیادنەر و تەعامولی نەرم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بەدەر لە جیاوازیی فکری، بە مەبەستی ڕەواندنەوەی گرژییەکان و ڕەخساندنی کەشێکی سالم و لەبار بۆ هاوکاریی دوولایەنە، خاڵی جەوهەریی سیاسەتی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتە. هەروەها لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی سالم و درێژخایەن لەگەڵ هەر لایەنێک کە لە ژینگەی سیاسیدا بۆ دێموکراسیی و ئامانجە نەتەوەییەکانی کورد خاوەن پێگە و کاریگەر بێت، چەند پرەنسیپی سەرەکی وەک بنەما بۆ دامەزراندنی ئەو پەیوەندییە بە بنەما گیراون تاکوو لەو ڕێگەیەوە بتوانێت بە پاراستنی سەربەخۆییی بڕیاردان و ڕێزگرتنی بەرانبەر، دوور لە لۆژیکی دەستێوەردانی نێوخۆیی یان سڕینەوە، بە فورمولی قبووڵکردنی یەکتر و هاوکاری و هاوبەشیی دوولایەنە، هاوسەنگی و بەرژەوەندیی دوولایەنە بپارێزێت. لە سەر بنەمای وەها پڕەنسیپگەلێک، گەڕان بۆ دۆزینەوەی هاوپەیمان و هاوخەبات لە تێکۆشانی ڕزگاریی نەتەوەییدا، بۆ حیزبی دێموکرات و هەموو نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران، زۆر پێویستە و دەبێ هەموو گەلانی ژێردەستی ئێران تواناکانیان بۆ ڕزگاری لە دەسەڵاتی ناوەندگەرایی کە هەوڵی سڕینەوەیان دەدات، یەکبخەن.
- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چەند ڕێکخراوی نێونەوتەوەییدا ئەندامە و ئەندامبوونی لەو ڕێکخراوانەدا چەندی کاریگەریی هەبووە کە پرسی کورد بەرجەستە بکرێتەوە؟
- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە مەبەستی ناساندنی پرسی کورد بە دونیای دەرەوە و ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانیی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزی ڕەوای کورد و هەروەها لەقاودانی پیلانی ڕێژیمەکانی پاشایەتی و ئیسلامی لە ئێران، هەوڵێکی زۆری داوە، لەو پەیوەندییەدا جێ پەنجە و شوێنەواری بیر و زانایی و ماندووبوونی ڕێبەری گەورەمان دوکتۆر قاسملوو، گەلێک بەرچاو و دیارە. دوکتور قاسملوو بناخەداڕێژی سەڕەکی و مێعماری جێبەجێکاری پەیوەندییە ناوچەیی و نیودەولەتییەکانی حیزبی دێموکرات و گەلی کورد بە ڕووی دونیای دەرەوە بووە و لە سایەی ماندووبوون و کەسایەتیی خاوەن باندۆری دوکتور قاسملوویە کە تاکوو ئێستاش زۆر ڕێکخراو و سیاسەتمەدار لە وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا پشتگیریی دۆزی ڕەوای کورد دەکەن.
لەسەر بنەمای هەمان ڕێچکە و بیرۆکەی دێپلۆماسیی دوکتور قاسملوو، حیزبی دێموکرات توانیویەتی لە چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وەک: ئەنترناسیۆنالی سوسیالیستSI، ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکانUNPO و ڕێکخراوی ژێنێڤاکاڵ، بەفەرمی ببێتە ئەندام و لەگەڵ چەندین حیزب و ڕێکخراو و دامەزراوەی بەهێزی دیکەش لە وڵاتانی ئورووپا و ئامریکا و کانادا، پەیوەندی دۆستانە و هاوکاریی نزیکی هەیە و لە بواری سیاسی و مافی مرۆڤ و ژنان و لاواندا، پێکەوە هاوکاری دەکەین.
- بەشی زۆری ئۆپۆزیسیونی فارس سەبارەت بە مافە نەتەوەییەکانی گەلانی ئێران هاوشێوەی ڕێژیمی ئێران دەڕوانن، ئایا حیزبی دێموکرات لە هاوپەیوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران هەتا چەند سەرکەوتوو بووە کە ئۆپۆزیسیۆنی فارس بینێتە سەر ئەو قەناعەتە کە ڕێز لە فرەچەشنی بگرن و مافەکانی گەلانی دیکەی ئێران بە ڕەوا بزانن؟
بەر لە هەر شتێک یاسایەکی نەنووسراو و لە هەمانکاتدا ئاشکرای سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئەویش ئەوەیە کە چەندە هێزت هەبێ، ئەوهێندەش مافت هەیە. کێشەکە بەرلە قەناعەت پێکردنی ئەم و ئەو، لەوە دایە کە ئێمە چەندە بەهێز و ڕێکخراو بین، ئەوهێندەش مافمان دەبێت. ئەوجا دوای ئەوە بابەتی قەناعەتی لایەنەکانی دیکە دێت.
لەلایەکی دیکەوە، یەک لەو هۆکار و کێشە سەرەکییانەی کە تا ئێستا بووەتە هۆی مانەوەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێراندا، بوونی عەقڵییەتی پان ئێرانیزم و پاوانخوازانەی بەشێک لە هێزە ئوپوزیسیۆنەکانی بەناو سەرانسەریی فارسە کە حازر نین بە قبووڵکردنی پێشمەرجی دێموکراسی کە داننان بە ناسنامە و مافی وەک یەکی نەتەوەکانی نێو جوگرافیای سیاسیی ئێرانە، زەمینە بۆ کاری هاوبەش و ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرە پێک بێنن. لە وەها دۆخێکدا بەمەبەستی بەهێزکردنی پانتایی خەبات لە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەوڵمان داوە لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد، بەلووچ، عەرەب، تورکمەن و ئازەری، بەستێنی کاری هاوبەش پێک بێنین و هەوڵ بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم و جێگیرکردنی سیستەمێکی دێموکراتیکی فیدراڵ لە ئێرانی داهاتوودا بدەین تاکوو مافی وەک یەکی نەتەوەکان لە وەها سیستەمێکدا دەستەبەر بکرێت. هاوکات لەگەڵ ئەو لایەنە فارسانەش لە دانوستانداین تاکوو ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەن کە ئیتر نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوەییی نەتەوەکان و مافی چارەنووسیان، قبووڵکراو نییە و ڕێگای پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و سەقامگیری سیستەمێکی دێموکراتیک لە ئێرانی داهاتوودا، دانان بە بوون و مافی وەک یەکی نەتەوەکانی نێو جوگرافیای ئێرانە و لە غەیری ئەمەدا مانەوەی شتێک بە ناوی ئێران، زۆر ئەستەمە. هەرچەند ئێستا بەشێک لەو لایەنە فارسانە بە ڕواڵەت دان بە جۆرە دێموکراسییەکی ناوچەیی دەنێن کە لانیکەمی مافی نەتەوەکان لە خۆ بگرێت، بەڵام هیچ گرەنتییەک نییە کە ئەوانیش لە کاتی بەدەسەلات گەیشتن و بەهێز بوونیاندا، هەڵنەگەڕێنەوە.
حیزبەکانی کوردستان بەگشتی ڕوانگەیان لە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چۆنە؟
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سێ ڕەهەندی جیا جیاوە توانیویەتی ڕێز و متمانەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە گشتی بۆ خۆی دەستەبەر بکات، یەکەم: بەهۆی مێژووی خەبات و مکوڕبوونی لە سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی. دووهەم: بەهۆی ڕێزگرتن لە خەباتی نەتەوەیی، هێز و لایەنە کوردستانییەکان و پشتیوانی و هاوکاریکردنیان لە هەلومەرج و قۆناخە هەستیارەکاندا. سێهەم: خۆپاراستن لە دەستێوەردان لە کاروباریاندا و هەوڵدان بۆ یەکڕیزی و یەک گوتاری لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەییدا، بە هۆی ئەم سیاسەتە دروستەوە، دەبینین زۆربەی هێزە کوردستانییەکان و ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات، بەرانبەر بە حیزبی دێموکرات، ڕوانگەیەکی ئەرێنی و پڕ لە پێزانینیان هەیە و حیسابێکی خاسمانی بۆ پێگە و ئێعتباری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەن.
- لە کۆتاییدا، لە یادی 75 ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات ئەگەر قەسەیەکتان هەیە فەرموون.
یادی 75 ساڵەی حیزبی دێموکرات، یادکردنەوە لە مێژووی خەباتی پڕ لە هەوراز و نشێوی نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و سەربەستییە، یادکردنەوە لەو هەموو قوربانی و فیداکارییەی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردە کە لەو ڕێبازەدا بەخشیویانە، وێستگەی تێڕامان و بیرکردنەوە لە داهاتووی ئەو خەباتە و چۆنیەتی خۆگونجاندن لەگەڵ ڕاستییەکانی کۆمەڵگاکەمانە تاکوو بتوانین بە سیاسەتێکی زانستی و سەردەمیانە، بەسەر کەندوکۆسپەکاندا زاڵ بین و ئامانجەکانی 25ی گەڵاوێژ بۆ گەلی کورد وەدی بێنین.[1]