33 کەس لە ئەندامی خێزانەکەی کەوتنە ژێر دەستی داعش
شەمێ دێرۆ حەسەن، ژنێکی ئێزدی تەمەن 70 ساڵە، لە کەمپی چەم مشکۆ، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی #زاخۆ، # ڕایگەیاند، لە کاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر #شنگال#، زیاتر لە 33 کەس لە ئەندامی خێزانەکەی کەوتنە ژێر دەستی داعش و گوتی: حەوت کەس لە ئەندامی خێزانەکەم لەلایەن داعشەوە گوللەباران کران.
دوای چەندین ساڵ لە هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر شنگال، شەمێ دێرۆ حەسەن، لە ژێر چنگی داعش ڕزگاری بوو، لە کۆی 33 ئەندامی خێزانەکەی، 13 کەسیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژران، حەوت کەسیشیان لەبەرچاوی خۆی کوژران، 10 کەسیش لە خێزانەکەی تا ئێستا بێ سەروشوێنن.
شەمێ دێرۆ حەسەن، باس لە ڕەفتارێکی دڕاندانەی داعش دەکات کە بەسەر کچەکەیان هێناوە و گوتی: لە کاتی داگیرکردنی شنگال، داعش 50 کچی کۆکردەوە، چەکدارێکی داعش گوتی کامەتان ناوی جیلانە، کچێکیان گوتی: ئەمە جیلانە، داعشەکە بەجیلانی گوت: بڕۆ خۆت بشۆ بۆ ئامرەکەمان دەتبەین، جیلان نەیویست شەرەفی خۆی پێشکەش بە داعش بکات، لە حەمام شادەماری دەستەکانی بڕی، تا هەموو خوێن لە جەستەیدا نەما و گیانیلەدەستدا.
چەکدارەکەی داعش زۆر چاوەڕوانی کرد، جیلان لە حەمام دەرنەچوو، کە پرسیاریکرد، کەس نەیدەوێرا بڵێت خۆی کوشتووە، دواتر بینییان لە حەمام خۆی کوشتووە.
بەشێکی زۆری ئەوانەی کەوتنە ژێر دەستی داعش، تووشی دەستدرێژی سێکسی، برسێتی، ئەشکەنجەدان، کڕین و فرۆشتن بوونەوە، بۆیە بەشێکی زۆریان لەڕووی دەروونییەوە تووشی گرفت بوون.
خوشکەکەی جیلان کە دیمەنی کوشتنی خوشکەکەی خۆی بینی، شێتبوو، دواتر داعش بردیانە سووریا و بەپێی قسەی شەمێ دێرۆ حەسەن، لەوێش کچەکەی بەرگەی دیمەنی ئازاری خوشکەکەی خۆی نەگرت و بە کارەبا خۆیکوشت، چونکە چەکدارێکی داعش دەیویست دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر و ئەویش قبوڵی نەکرد.
شەمێ دێرۆ حەسەن باس لە ڕزگارکردنی 10 کچ و بووکەکانی لەدەست داعش دەکات و دەڵێت: ئێمە زۆر ماندووبووین تا توانیمان ئەو کەسانە بدۆزینەوە کە دەتوانرێت بە پارە ڕزگاریان بکەین، خۆم چوومە سووریا بۆ ڕزگارکردنی ئەندامانی خێزانەکەم، هەروەها دوو لە ئەندامی خێزانەکەم لە پارێزگای نەینەوا بوون، ئەوانیشمان ڕزگارکرد.
لە کۆی زیاتر لە شەش هەزار کوردی ئێزدی کە لە چواری ئابی 2014 لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون، تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 700 ڕفێندراو بێسەروشوێنن، لە کۆی 82 گۆڕی بەکۆمەڵیش تەنها 26 یان هەڵدراونەتەوە.
لەئێستادا ئەوەی بۆ شەمێ دێرۆ حەسەن ماوەتەوە تەنها چاوەڕوانییە کە دوای دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئێسکوپروسکی هاوسەرەکەی و منداڵەکانی کە ئێستا لە بەغدان بۆی بگەڕێننەوە بۆ ئەوەی دڵی بحەسێتەوە.
شەمێ دێرۆ حەسەن گوتی: سێ ساڵ بوو بەردەوام من دەچوومە سەر گۆڕەبەکۆمەڵەکان، کە ئێسکوپروسکی هاوسەرەکەم و منداڵەکانمی تێدایە، دەمویست ئەو ئێسکوپروسکانە بنێژم، بەڵام نەیانهێشت و ئێستا ئەو ئیسکانەیان بڕدە بەغدا، داواکارم هەرچی زووە ئەو ئێسکوپروسکانە ڕادەستی من بکەن پێش ئەوەی بمرم بۆ ئەوەی بیاننێژم و دڵم بحەسێتەوە و ڕۆژانی جەژن بچمە سەر گۆڕەکانیان.
رۆژی سێی ئابی 2014، تیرۆریستانی داعش هێرشیانکردە سەر قەزای شنگال ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی کوژران و برینداربوون، هەروەها ژمارەیەکی زۆری دیکەیش ئاوارەبوون، ئەمە وێڕای ئەوەی سەدانی دیکەیش ڕفێندران کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە.
سەرچاوە: AA.[1]