خوێندنەوەیەک بۆ چیرۆکی (ئامادە: چرک!)
سەهەند ئالان
بیستم، نیوەشەو. خەوتبووم، ڕاپەڕیم. وشەگەلێک بوون، کوردی نا، وشەی هیچ کام لەو زمانانەش نەبوون بە گوێم ئاشنان، تەنانەت لەو وشانەش نەدەچوون ڕۆژانە پێنج جار لە بڵندگۆی مزگەوتەکان و بەتایبەت جومعان دەیبیستم.
ئامادە: چرک!؛ ناونیشانی بەرهەمێکی نوێی چیرۆکنووس (بەختیار حەمەسوور)ە. کتێبەکە لە ناواخندا سێ چیرۆک لەخۆ دەگرێت، کە لە سێ ساڵی جیاواز و بەدوای یەکدا نووسراون، ناونیشانی چیرۆکەکان ئەستێرەی داوود، میوانداریی گەورە و شالۆم علێیخێم -ن.
ئامادە: چرک!؛ چیرۆکی چیرۆکنووسێکی گەنج دەگێڕێتەوە لەنێو کێشمەکێش و جەنجاڵییەکانی شارێکی چنراو بە مێژووی نادیار و تەژی لە چیرۆکی ئاڵۆز.
گەنجێک، لەگەڵ (ئاننا)ی هاوسەری، خانوویەکی داڕماوی گەڕەکی جوولەکان دەبێتە نشینگە و پەناگە بۆیان، لەوێشەوە دەرگای مێژوویەکیان بۆ دەخرێتە سەر پشت کە ساڵانێکی زۆرە لەو شوێنەدا جێهێڵدراوە و ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە.
چیرۆکەکان دەکرێ سەربەخۆ و دەکرێ لە پەیوەندیدا بە یەکەوە تەماشا بکرێن، وەکوو چۆن دەکرێ لە هەرکام لە چیرۆکەکانەوە داخڵی فەزای کتێبەکە ببیت.
نووسەری ئیسپانی (کارلۆس ڕویز زافۆن) لە چاوپێکەوتنێکیدا ئاماژە بەوە دەکات کە هەر چوار کتێبی زنجیرە ڕۆمانەکەی بە ناوی (گۆڕستانی کتێبە لەیادکراوەکان) دەکرێ بەیەک بشوبهێنین. یەک بونیادێکی ئاڵۆزی هەیە و لە کۆمەڵێک ڕێگا و ڕێڕەوی پێچاوپێچ دروست بووە.
لە ئەفسانەی یۆنانیدا، کارزانی بەتوانا (دەیدەلەس) ئەم ستراکچەرە ئاڵۆزە بۆ (پاشا مینۆس)ی کریت دروست دەکات، بە مەبەستی ڕاگرتنی (مینۆتاور)ی دێو. خودی (دەیدەلەس) بە لێزانییەکی وەها پێچاوپێچێک دروست دەکات، دواتر بە هەزار حاڵ لێی دەرباز دەبێت.
سێ چیرۆکەکەی (ئامادە: چرک!)یش بەدوور نییە لەم بەیەکچوواندنە، گرنگ نییە لە کام دەرگاوە بڕۆینە ژوورەوە، لە هەر کامیانەوە بڕۆین دەکەوینە ڕێڕەوێکەوە، کە هەم جیاوازە لە ڕێڕەوەکەی تر و هەم بەیەکیشەوە بەستراونەتەوە.
$جووەکان و لەبیرکردن$
هەر نوسراوێک، بە هەر زمانێک، دەربارەی مێژووی ئەم شارە بنووسرێت، بێ ناوهێنان و ئاماژەدان بەم گەڕەکە و ئەهلەکەی، ناتەواوە.
تۆ چیرۆکنووسیت، ڕەنگە ڕۆژێک بتەوێ چیرۆکێک دەربارەی ئەم خانوو، کۆڵان و گەڕەکە بنووسیت، زۆر گرنگە هەڵکەوتەی گەڕەکەکە لەبەرچاو بگریت، بۆ لە هەر چوارلاوە لە شار دابڕاوە؟ ئەم کۆڵانانە بۆ وان؟ ئەم خانووانە بۆ لەسەر ئەم تەرزە لە بیناسازیی هەڵچنراون؟
لەو ناونیشانەی زنجیرە ڕۆمانەکەی (زافۆن)ەوە دەتوانین یەکێک لە وەزیفە هەرە سەرەکی و گرنگەکانی ئەدەب بخەینە ڕۆژەڤەوە، ئەویش ئەرکی هێنانە بەر باس و ڕۆشنکردنەوەی پنتێکی تاریکی ناو دونیای ئێمەیە، یاخود ڕاستتر بڵێین دەرەوەی دونیای ئێمەیە: ئەو خەڵک و ئەو چیرۆک و ئەو ئازارانەی لەیادکراون و لەیادمان کردوون: لەیادکراوەکان.
شار بە میکانیزمێکی فرۆیدییانە بەردەوام لە پرۆسەیەکی خاوی چەپاندندایە. هەموو کۆڵانە تەنگەکان، هەموو خشتە سوورە لەسەریەک چنراوەکان، هەموو دیوارە ڕماوەکان، و هەموو پەنجەرە تۆزی زەمانە لەسەر نیشتووەکان، ئەو ئاماژانەن کە خودی شار نیشانمان دەدات بۆ ئەوەی ڕاپێچمان بکاتە نێو نەستی خۆی، سەرزەمینی چیرۆکە لەیادکراوەکان.
جووەکان ئەگەرچی لە دێرزەمانەوە بەشێکی بنەڕەتیی شار بوون، بەڵام ئەمڕۆ جیا لەوەی غیابێکی فیزیکییان هەیە، غیابێکی قووڵیشیان هەیە لە یادەوەریی شاردا.
لەلایەکی ترەوە، مرۆڤەکانی ئێستای شار، ئەو تاکە پەراوێزخراوانەی بە دونیایەک خەون و خەیاڵەوە، بە چەندین تەنگژەی دەروونی و دەرەکییەوە، لەسەر شانۆکە دێن و دەچن. مرۆڤگەلێک کە غەم و موعاناتە ئەبەدییەکانیان بە هەواڵە ڕۆژانەییەکان و وشە تیژتێپەڕەکان گوزارشتیان لێ ناکرێت، لەم جێیەدا ئەدەب دێت و ئەو دەنگانە دێنێتەوە گۆ، کە بواریان پێ نەدراوە. چ دەنگی ئەو چیرۆکنووسەی لەگەڵ هاوسەرەکەی لە بێنەوبەردەیەکی تاقەتپڕووکێندان لەگەڵ دەرودراوسێ، لەگەڵ دۆست و هاوڕێ و پێشنیارە زۆرەکانیان، لەگەڵ ڕۆحی ئەوانەی پێشتر لەو جێگایەدا ژیاون، و لەگەڵ ئەو دیوار و داروپەردووەی وەختە بەسەریاندا بڕووخێت. چ دەنگی ئەو جووانەی لە دێرزەمانەوە لەو کووچە و کۆڵانانەدا دەژیان و دەمردن، حەفتا ساڵێک لەمەوبەریش بە بێدەنگی لەسەر شانۆی شار دیار نامێنن و لەبیر دەچنەوە.
$خەیاڵ و واقیع$
دەمویست چیرۆکێک بێت نزیک لە ژیانی خۆمان، زۆر نزیک، بە جۆرێک خوێنەرەکەی بخاتە سەر کەڵکەڵەی پێکگرتنی ژیانی واقیعی نووسەر و کەسان و ڕووداوانی ناو چیرۆکەکە.
ڕەنگە ئەوەی نووسەر دووراودوور بناسێ، هەڵبەت خۆشم دەکەومە نێو ئەم خانەیەی خوێنەران، بەر ئەو تێکەڵاوبوونە سەیرەی واقیع و خەیاڵ لە چیرۆکەکەدا دەکەوێت. لای من ئەم ئاوێزانبوونە سڕیی جوانیی چیرۆکەکەیە، وەک چۆن دەشێ فریوی هەرە گەورەشی بێت.
دەمێک دەخوێنیتەوە و لە خۆت دەپرسی ئایا هەر بەڕاست من چیرۆکی ڕاستەقینەی ژیانیی نووسەر دەخوێنمەوە؟ ئایا ئەو نیگارەی بە دیوارەکەوە هەڵواسراوە لە واقیعدا وجوودی هەیە؟ و چەند پرسیاری تر، لەو کاتەدا دەکەویتە ئەو گەمەیەوە کە نووسەر لەگەڵتا دەیکات. ئەو گەمەیەی لای من پرسیارە گرنگەکە دەورووژێنێ: بۆ ئێمە دەمانەوێت ئەدەبیات لە واقیع بچێت؟
هەڵبەت دونیای بەناو واقیع سروشتێکی داگیرکەر و لەقاڵبدەر و سنووردانەری هەیە، بەردەوام دەیەوێت خۆی وەک دوا حەقیقەت و دوا ڕاستی پیشان بدات. هەموو ئەگەرێکی تر و هەموو وێنەیەکی تر کە لە خۆی ناچێت، دەکاتە ناواقیعی و لەبەرچاومانی دەخات. لە کاتێکدا دونیای خەیاڵ دونیایەک نییە لە دەرەوەی ڕاستی بێت و واقعمان بیر بەرێتەوە، بەڵکوو ئەو دونیایە کە مانا نادیار و پێکدادانە ژێرەوانکێکانی ژیان ڕۆشن دەکاتەوە، ئەو مانایانەی دونیا واقیعییەکە بەردەوام لە هەوڵی شاردنەوە و پەردە دانە بەسەریدا.
ئیشی ئەدەب پێشکەشکردنی دونیایەک نییە کە بە خوێی چێشتیش نەگاتەوە بە دونیاکەی خۆمان، بەڵکوو فراوانکردن و بەرینکردنی ئەو بەستێنە بەرتەنگەیە کە ناومان لێ ناوە دونیای واقیع.
$زمان وەک جادوو$
لە بندیوارەوە، چینێک بەردچن، سپی و ساف، دەرکەوتبوون. گڵ و خشتی سوور، دەچۆڕانەوە. پەنجەرە و چوارچێوەی دەرگای ژووری پێشەوە، بە دەمدا کەوتبوون. چەند داری دارەڕا، نەمزانی هیی کام ژوورن، لە ناوەڕاستدا شکابوون.
بەپێی توێژینەوەیەک نەوەد لە سەدی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ڕۆژانەیییەکانی مرۆڤ لەڕێگەی تەنها 500 وشەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بەو مانایەی ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەدا لە سیحر و جادووی زمان بێبەشین. تەنها لە کاتی بەرخورد کردن لەگەڵ دەقێکی ناسک و جوان و شایستە ئێمە دەتوانین چێژ لە زمان ببینین و بەر ئەو جادووە بکەوین. هەڵبەت دەقی (ئامادە: چرک!) لەو دەقانەیە کە زمانی گێڕانەوەی زمانێکی لەسەرخۆ و نەرمە، وشەکانی پاراو و ڕستەکانی قەشەنگ و جوانن، دەقێکە دەتباتە نێو جادووی زمانەوە و سات بە سات زیاتر لەنێو خۆیدا نوقمت دەکات.
$بێماڵ و حاڵی وەک دەردێکی هەمیشەیی$
بەهۆی کۆمەڵێک گرێ و گرفتەوە، کە پێویست بە ڕیزکردنیان ناکات، ماوەیەک لە چیرۆکنووسین دابڕام. ڕاکەڕاک و فڕکانفڕکان بە شاردا، بڕست و بڕبڕەیان ورد کردبووم. ماڵگواستنەوە لە پەلوپۆی خستبووم، هاتبوومە سەر ئەو بڕوایەی، هیچ جیاوازییەک لەنێوان ماڵبارکردن و ڕۆحکێشاندا نییە.
لە چیرۆکەکەدا، بێماڵی و گەڕان بەدوای ماڵدا، غەمی سەرەکیی چیرۆکنووس و هاوسەرەکەیەتی. ئەوان ئەگەرچی دواجار جێگایەکیان دەست دەکەوێت، بەڵام ئەو جێگایە نابێتە شوێنی حەسانەوە بۆیان. نە دراوسێکان دەرفەتی تەنهابوونیان پێ دەدەن، نە کۆنی و داڕماویی خانووەکە دەرفەتی ئەوەیان پێ دەدات بێترس بژین، نە ئەو چیرۆکە پڕ ئازارانەی لە هەناوی خانووەکەدان ڕێگەیان پێ دەدات بێغەم پاڵی لێ بدەنەوە.
گەڕان بەدوای ماڵ و جێگایەک بۆ حەسانەوە تەنها تێمای ئەم کتێبە نیین، بەڵکوو دەکرێ وەک یەکێک لە کێشە و دەردە ئەبەدییەکانی مرۆڤ سەیری بکەین.
ئەفسانە و داستانە لەمێژینەکانی مرۆڤایەتی، لەنێویشیاندا چیرۆکی (ئادەم و حەوا)، گێڕانەوە و باسکردنی دەرکرانە لە ماڵی هەمیشەیی و گەڕانی ئەبەدییە بۆ ڕزگاربوون لە ئاوارەیی و بێماڵی. ماڵ بە واتای پشوودانێکی درێژ دێت، بە واتای دوور بوون دێت لە ناکۆکییە ئەبەدییەکان، ئەو ناکۆکییانەی چیرۆکنووس، ئاننا، نیشتەجێکانی پێشتری خانووەکە، و جووەکان پێکەوە دەبەستێتەوە.[1]