بەردینە؛ گێڕانەوەی مێژوو بە حەیران
کارزان عەلی
هەرجارەی بە شێوەیەکی جیاواز بەر بەرهەمێکی #سەید قادر هیدایەتی# دەکەوین. بەتایبەتی لەڕووی بنەماکانی گێڕانەوە، کارەکتەر، زمان. بەردینە دوایەمین بەرهەمی ئەم نووسەرەیە و لەم ساڵدا لە چاپەمەنیی خانی بڵاو کراوەتەوە.
سەرەتای ڕۆمانەکە بەر کارەکتەرێک دەکەوین کە ڕەبەن و بێ ماڵ، پەناهەندە لە خاکی خۆیدا، کەسێک کە هەمەکارەیە، واتە هەندێک جار مەلا، بانگبێژ، حەکایەتخوان و کاری تریش، بەڵام نازناوی (فەقێ بەیتان) وەکوو ناسنامەی خۆی دەردەخات، لای خوێنەر، و هاوگوندییەکانیش.
بەڵام سەرەتای دەستپێکی ڕۆمانەکە، وا دەزانین گوێ لە حەیران، یان بەیت و لاوک دەگرین، وەک هەموو ئەو چیرۆکی خۆشەویستییانەی حەیرانبێژان بۆمانی دەگێڕنەوە.
ئەوەی لەم بەشەی دەستپێکدا بەری دەکەوین، نائاسایی و ناباو دەخوێنرێتەوە، کەش و بەکارهێنانی زمانێکە کە وا دەزانم قووڵ بە یادەوەریی ئێمەوە گرێ دراوە، واتە هەمان یادەوەریی چیرۆک و بەسەرهاتی ناو حەیران و بەیتان.
لەگەڵ ئەوەشدا تاکە شتێک لەوانەیە ببێتە کێشە بۆ خوێنەر، بەکارهێنانی زمانێکە بەئاسانی و یەکجار و یەک جۆر خوێندنەوە، تێی ناگەین و خورت دەمێنێتەوە. زمانێک کە خوێنەری ئەمڕۆ لەوە دەچێ کەمتر توانا و سەلیقەی وردبوونەوەی هەبێت لێی، چ جای ئەوەی بە یەکجار لێی تێبگات. ئەوەی بەردینە جیا دەکاتەوە، بوونی ئەو یاریکردنە پڕ ئازادییەیە نووسەر دەیکات و سەرکەوتووش بووە تێیدا. یەکێک لە هۆکارەکانی بەکارهێنانی ئەم جۆرە زمانە، دەگەڕێتەوە بۆ ڕوودانی ڕووداوەکان لە زەمەنێکی مێژووییی کۆندا، دروست لە سەرەتای ویستی سەربەخۆبوونی قەڵای دمدم، وەک ئەوەی نووسەر بیەوێت دڵنیامان بکاتەوە کە سەربەخۆبوون، واتە بوونی زمانێکی سەربەخۆ و لە زمانی کە#سنە#چوو.
هەروەها ئێمە لەنێوان تاڵێکی باریکی حەکایەتی شارێ و بەنگین لەلایەک، و حیکایەتی کوڕ و دایکەکەدا، جۆرێک لەیەکچوون و نزیکبوونەوە دەبینین.
لێرەوە هەوڵ دەدەم بەشەکانی تری ڕۆمانەکە وردتر باس بکەم.
لە بەشی دووەمی ئەم ڕۆمانەدا، سەید قادر وەک لێزانێکی شارەزای مێژووی وڵاتی فارس و دەسەڵات و ستەمەکانی، لە گفتوگۆی نێوان گودروون و بایاقوبدا لە لایەک، و لەلایەکی ترەوە گودروون و سەیدای مامۆستای یەکەمیدا، قەبارەی ئەو ستەم و ناشیرین سەیرکردن و زوڵمەمان بۆ دەگێڕێتەوە، فارس و شیعەکان چ لە لایەنی سیاسی و چ لە لایەنی ئایینییەوە بەرانبەر کوردان و نەتەوە جیاوازەکانی تر پەیڕەویان کردووە.
ناوهێنانی قزڵباشان و جامانەسووران و شاهەباس و باوباپیرانی، کۆی ئەو ڕقە مانیفێست دەکات، کە تا ئێستا و چەندین دەیەی تریش درێژ دەبێتەوە.
دەستپێکی بەشی یەکەم، ئێمە وەک گێڕانەوەی چیرۆکی حەیران و لاوک، لەگەڵ ئەفسانە و چیرۆکی پێش خەوتنان بەرخورد دەبین.
بەڵام ڕووداوەکانی بەشی دووەم و ڕاست وەگەڕانی چیرۆکی شارێ و بەنگین، گواستنەوەیە لە قۆناغی ڕووداو بۆ ئەفسانە، واتە لە بەشی یەکەمدا، ئێمە لەگەڵ ئەفسانە یان داستانێکی گەورەی خۆشەویستیدا لە دەوروبەر و سەردەمی قەڵای دمدمدا مامەڵە دەکەین، بەڵام کاتێک ئەم ئەفسانەیە دەبێتەوە بە ڕاستی، کاتێک دەزانین شارێ هەمان قەمەرتاجی دایکی گۆدروونی کوڕ، و بەنگین هەمان گودروونی باوکە، لە قۆناغی ئەفسانەوە دەگوێزینەوە بۆ قۆناغی ڕووداوی ڕاستەقینە و ناومێژوو و بەروار. ئەمە جگە لەوەی پێدان و بەکارهێنانی ئەو زمانە، چ لە ئەفسانە و چ لە ڕووداوەکەشدا، جەختکردنەوەیە لە بوونی زمانێکی کوردیی یەکگرتوو لە سەردەمی ڕووداو و خیانەت و ناسۆرییەکانی میرخان و قەڵای دمدم. وەک ئەوەی نووسەر پێمان بڵێت، سەردەمی سەربەخۆبوونی قەڵای دمدم تەنها سەربەخۆییەکی سیاسی و میرایەتی و کوردایەتی نییە، بەڵکوو سەربەخۆییی زمانیشە، سەربەخۆبوونی کورد و دەرچوونە لەو درۆ و هەڵبەستراوانەی خەلیل پاشا و شاهەباس و دامودەزگای دەسەڵاتی فارسەکان و سەیداکانی شیعە، بۆ کوردیان دادووریوە بەوەی کوردان بێچووە مار و بەچکە جنۆکەن.
بێچووە مار و نەوەی جنۆکە، دوو قێزەونترین تۆمەتێکە بەرانبەر کورد بە درێژاییی مێژووی فارسی سەفەوی و تورکی عوسمانی درێژ دەبێتەوە، هەروەها نووسەر زۆر لێزان و وەستایانە لەسەر ئەم دوو تۆمەتە مێژوویییە کاری کردووە و لە بەشە جیاوازەکانی (بەردینە)دا، زوو زوو دەچێتەوە سەری.
خوێندنەوەی بەردینە بەتەنها گێڕانەوەی ئەو دوژمنکاری و داخ لەدڵبوونەوەی شاسمایل و شاهەباس و فارسەکان نییە بە تەنها بەرانبەر بە کورد، بەڵکوو نهێنیی هەموو ئەو ماوەیەشمان پێ دەڵێتەوە کە کورد هەرجارێک بۆ بەهێزکردن و فراوانکردن، یان بۆڕدان و شکاندنی میران و برایانی خۆی، پەنای بردووەتە بەر دەسەڵاتەکانی سەفەوی یان عوسمانی، تەواو وەک ئەوەی لە ئێستا و لە مێژووی تازەی بزووتنەوەی کوردایەتی لە باشووردا باوە. گێڕانەوە بەم شێوەیە و بیرهێنانەوەی نەخشە و داخ لەدڵبوونی کڵاوڕەش و کڵاوسوورەکان، گەڕانەوەیە بۆ ئەو پەنابردن و داوای فریادڕەسییەیە بە درێژاییی مێژوو، کوردەکان بەرانبەر یەکتری کردوویانە و دەیکەن.
لە بەشی سێیەم و چوارەم بەدواوە، هیدایەتی ژیانی تایبەتی شاهەباس و حاتەم بەگ و ڕێوڕەسمی ناو کۆشک و نهێنییەکانیمان پێ دەناسێنێت، ژیانی شاهانەی شاهەباس، خزمەتگوزار و بەردەست و کەنیزەکان، لەم بەشانەدا ئەوەی دەبێ لەسەری ڕابووەستین و بەشێکی گرنگی ڕۆمانەکە پێک دەهێنێت، خواردنەوەی ئاوە لە کەللەسەردا.
چونکە ئەم ڕۆمانە بە پلەی یەکەم کار لەسەر هەوڵی سەربەخۆییی کوردەکانی ناوچەی #شنۆ# دەکات، بەتایبەتی لە سەردەمی ویستی سەربەخۆییی کەسێتییەکی مێژووییی زیندوو بە ناوی (میرخان) یان وەک ئەوەی باوە (خانی لەپزێڕین)، کە دواجار دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان شاهەباسی سەفەوی (یان شاعەباسی یەکەم) و گەلەکۆمەی کوردەکانی تری سێبەری ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و کۆکردنەوەی هێزەکان و هێرشکردنە سەر میرخان و قەڵای دمدم، دواجار ئەو داستانە مێژوویییە مەزنەی لێ دەکەوێتەوە کە لە ساڵانی 1609 تاوەکوو 1610 زایینیدا بەرپا بووە.
بەڵام وەکوو ئەدەبیات و بەکارهێنانی ئەم داستانە لە دەقە ئەدەبییەکاندا جگە لە ڕۆمانی (قەڵای دمدم)ی عەرەبی شەمۆ، تا ئێستا هیچ ڕۆمانێکمان بە کوردی نەبووە لەسەر ڕووداو و ناپاکی و بەسەرهاتەکانی تری قەڵای دمدم. ئەمە یەکەمین ڕۆمانێکە چ لە ڕووی زمان و چ لە ڕووی گێڕانەوەی ڕوداوەکانەوە، بەو نزیکی و وردبینییەوە لەبارەی قەڵای دمدمەوە نووسرابێت.
کەسێتی گودروون لەم ڕۆمانەدا، کەسێتی زۆرینەی تاک و سەرکردە و سیاسی و تەنانەت پیاوە ئاینییەکانی کوردیش بووە. ئەم کەسێتییە لێرەدا، هەرچەندە بەهێز و ڕمباز و بەقەڵافەتە، هەرچەندە کەسێتییەکی ورد و دونیادیدەیە، بەڵام دەبینین بە خۆ و بە دایکیشی نەیانتوانیووە مەتەڵی فێڵ و تەڵەکە و ناپاکییەکانی فارس و عوسمانییەکان کەشف بکەن، بەڵکوو بە درێژاییی ڕۆمانەکە بەر کەسێتییەک دەکەوین کە لە بەرانبەر فێڵ و دەسیسەی فارسەکاندا، بێدەسەڵاتن و خۆشدەست ماونەتەوە، کە ئەمە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە شێوەی جیاواز، تەنانەت لە ئەمڕۆشدا بەردەوامی هەیە. ئەم ڕۆمانە ناواخنی کەسێتی کوردمان پیشان دەدات، کوردانێک کە بە درێژاییی مێژوو، کەوتوونەتە ژێر دەسیسە و فێڵی فارس و عوسمانییەکانەوە.
لە بەشی شەشەمدا لە زمانی ئەسکەندەرەوە، کە میرزا و نووسەر و مێژوونووسی ئیمپراتۆری سەفەوییە، کۆی ئەو هێرش و پەلامارە دەبیسین کە دەکرێتە سەر قەڵای دمدم، پاش ئەوەی گودروون وەک سیخوڕ دەنێرنە قەڵا، بەڵام دەگیرێت و بە شێت و شێواوی دەینێرنەوە بۆ ئەسفەهان. ئەوەی لە مێژوونامەی ئەسکەندەردا گرنگە، کۆکردنەوەی هێز و خێڵ و عەشرەتە کوردەکانە بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر میرخان و دانیشتووانی کوردی نێو قەڵا. لێرەدا هەمان کارەساتی مێژوویی کۆی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانیمان بیر دەخاتەوە کە هەر لە زووەوە کوردانی داوە بەگژ برایانی خۆیاندا. یەکێک لە گرنگترین ئەو چیرۆکانەی لەم بەشەدا دەیخوێنینەوە، پاش شێت و شەواربوونی گودروون، ئەسکەندەر وەک بەردەستی خۆی بەکاری دەهێنێت، بەڵام لە زۆرینەی بەکارهێنانەکاندا ناتۆرەی پشیلە و کتکەبۆر بۆ گودروونی کورد بەکار دەهێنێت، لە جێیانی دیکەدا وەک مەسینەهەڵگر و دەستشۆر مامەڵە و ناوزەدی دەکات، هەمان مەسینەهەڵگرانێک کە ئەمڕۆش بە چاوی خۆمان دەیبینین، چ لە ناوخۆ و چ بۆ دوژمنانی کوردیش، وەک ئەوەی نووسەر ئەوەمان بیر بخاتەوە کە سیفەتی پشیلە و مەسینەهەڵگر، لە سەردەمی قەڵای دمدمەوە تا ئێستاش و دواتریش درێژ دەبێتەوە.
بەڵام وەک دەزانین لە کۆتاییی ئەو نەبەردییەی میرخان و هاوەڵانی دوای نزیکەی نۆ مانگ هێرشی کۆی تیرە و عەشرەت و دەسەڵاتی بەهێزی شاعەباسی سەفەوی، بە خیانەتێکی هاوڕێی نزیکی میرخان بە ناوی ئەحمەد لێتانی کۆتایی دێت، پاش ئەوەی تاقە سەرچاوەی ئاوی قەڵاکە بە سەفەوییەکان پیشان دەدات، بەڵام یەکێک لە نەبەردییە گەورەکانی ئەم داستانە مێژوویییە، کە نووسەر زۆر بە سەلیقە و وریایی ئیشی تێیدا کردووە، ئەو بەرخۆدان و بەرگرییە بووە ژنانی قەڵا تۆمارییان کردووە، تەنانەت دواجار کە قەڵا دەگیرێت، ژنان بەکۆمەڵ خۆیان لە بەرزایی و هەڵدێرەکانی قەڵاوە دەخەنە خوارەوە بۆ ئەوەی نەکەونە بەردەست سەفەوییەکان. تەنانەت لە دووبارە گرتنەوەی قەڵادا بە سەرۆکایەتی کاک ئاڵی (ئوڵوغ بەگ) و تێوەچوونی گودروون و هەستانەوەی پاش ماوەیەکی زۆری شێتی و شێواوی، بەر کەسایەتییەکی تری داستانەکە دەکەوین بە ناوی (پیرزاد خاتوون) کە لە ماوەی شەش ساڵی داگیرکاری قەڵادا، وەک کەڕ و لاڵ خۆی دەشارێتەوە و دەبێت بە کارەکەر، بەڵام ئەم ژنە، یەکێک دەبێت لە ژنەکانی میرخان، و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گرتنەوەی قەڵا و قەڵاچۆکردنی سەفەوییەکاندا. ئەوەی هیدایەتی زۆر جەختی لەسەر دەکاتەوە، هێز و توانای بەرگری ئەم جۆرە ژنانەیە، بە زمانێکی یەکجار شاعیرانە، کە بەشێکی زۆری لە شێوەی بەیت و بالۆرەی ڕەسەنی کوردەواریدا، باس لە هەڵوێست و بەرگری و ئازایەتیی ژنان دەکات لەم ڕۆمانەدا.
لە کۆی ڕۆمانەکە و لە فەرهەنگۆکی سیاسییانەی کۆتاییی ڕۆمانەکەشدا، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە سەیدقادر هیدایەتی، بەوپەڕی فرەزانی و شارەزاییەوە، وشە و دەربڕینەکان، کەسایەتییە مێژوویییەکان، ناوی خێڵ و عەشرەت و تیرە و تایەفەکان بەکار دەهێنێت.
ئێمە لە خوێندنەوەی ڕۆمانی بەردینەدا بەر زمانێکی یەکجار شاعیرانە دەکەوین، زمانێک کە نووسەر پێی وایە تەنها بەو زمانە، دەکرێت داستانێکی مێژوویی وا گەورە و پڕجوانی بنووسرێتەوە، زمان لەم ڕۆمانەدا، زۆرترین نزیکایەتی لەنێوان زمانی حەیران و لاوک و بەندەوە هەیە، زمانێکە نووسەر هێندە بە سەرکەوتوویی توانیویەتی بەکاری بهێنێت، کە دەکرێت ئەمە تاکە زمانێک بێت بتوانێت لە قەبارەی ئەو داستانەدا بەکاری بهێنین، جگە لەوەی فەرهەنگۆکی وشەکانی لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا نووسیوەتەوە، بەڵام لە کۆی ڕۆمانەکە و لە فەرهەنگۆکی سیاسییانەی کۆتاییی ڕۆمانەکەشدا، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە سەیدقادر هیدایەتی، بەوپەڕی فرەزانی و شارەزاییەوە، وشە و دەربڕینەکان، کەسایەتییە مێژوویییەکان، ناوی خێڵ و عەشرەت و تیرە و تایەفەکان بەکار دەهێنێت. من وا دەزانم بەکارهێنانی ئەم شێوە زمانە شاعیری و حەیرانئامێزە، ئەگەر لە لایەکەوە بۆ گەورەییی داستانەکە بگەڕێتەوە، لەلایەکی ترەوە بۆ توانا و سەلیقەیەکی ناوازەی هیدایەتی دەگەڕێتەوە، چونکە بە درێژاییی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە، خوێنەر بە شێوەیەک کەمەندکێشی ڕووداوەکە دەبێت، وەک ئەوەی ڕاستەوخۆ سەیری ڕووداوەکان بکات، مەبەستم ئەوەیە بڵێم بەشێکی زۆری بەهێزی گێڕانەوە لەم ڕۆمانەدا، پەیوەستە بە بەکارهێنانی ئەم زمانەوە.
ماوەتەوە بڵێین داستانی مێژووییی قەڵای دمدم لە ئەدەبیاتی کوردیدا تەنیا لە چەند دەقێکی کەمدا کاری لەسەر کراوە، بێگوومان لە پێشی هەموویەوە ڕۆمانی دمدم کە عەرەبی شەمۆ نووسیویەتی و دواتر کراوە بە کوردی و لە ساڵی 1961دا بڵاو کراوەتەوە. لەگەڵ دیوانە شیعرێکی جان دۆستدا کە لە ساڵی 1991دا لە تورکیا بڵاو کراوەتەوە. هەروەها دەقێکی شانۆیی لە نووسینی موستەفا ساڵح کەریم بە ناوی (شەهیدانی) قەڵای دمدم. بەڵام بەم بەرهەمە ناوازەیەی سەیدقادر هیدایەتی، جارێکی تر ئەو داستانە ڕۆحێکی ئەدەبی و شاعیرانەی کرایەوە بە بەردا.[1]