دوای نزیکەی 30 ساڵ لە خزمەتی هونەری کوردی، هونەرمەند #گۆڤار ئەنوەر# کۆچی دواییکرد؛ هاوڕێیەکی باس لە دۆخی ژیان و کاتی نەخۆشیی گۆڤار ئەنوەر دەکات و دەڵێت، لە خەمی کرێ خانوو و هەژاریدا مرد.
رۆژی یەکشەممە 21ی ئابی 2022، #ئەیام ئەکرەم#، هونەرمەند و هاوڕێی هونەرمەندی کۆچکردوو گۆڤار ئەنوەر بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت: هەشت مانگ ڕۆژانە گۆڤارم دەبرد بۆ نەخۆشخانە، لە تورکیا چارەسەریی هەبوو، بەڵام کەس هاوکاریی نەکرد.
ئەیام ئەکرەم دەڵێت، لەگەڵ گۆڤاردا لە زۆر دەرگەی بەرپرسان و ڕێکخراوەکانیان داوە، بەڵام هاوکاریی نەکراون بەگوێرەی پێویست و دەشڵیت: چووینەتە لای بەرپرسی زۆر باڵا، 100 هەزار بۆ 200 هەزار دیناریان پێدەدا، ئەوەش هیچی نەدەکرد.
گۆڤار ئەنوەر لە ساڵی 1993 بەشداریی لە یەکەم کاری هونەری کردووە، ئەویش شانۆگەرییەک بووە لە قوتابخانەی ئیبن خەلەکان، بۆ یەکەمجاریش لە ساڵی 1997 بەشداریی کورتەفیلمێکی کردووە بەناوی منم دکتۆر، هەروەها بەشداریی لە پێنج فیلمی سکرین، دوو کورتەفیلم، فیلمێکی سینەمایی درێژ و دەیان شانۆ و درامادا کردووە.
ئەیام ئەکرەم باس لەدوایین کاتەکانی ژیانی گۆڤار ئەنوەر دەکات و دەڵێت: دوێنێ کاژێر 01:00ی نیوەڕۆ تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی ئەیام وەرە بۆلام؛ ڕۆشتم گوتی بابچینە نەخۆشخانە، منیش بردم و وەکو هەموو جارێک چارەسەرێکی سەرەتایی بۆکراو گەڕاینەوە ماڵەوە؛ چارەسەری ئەو لێرە نەبوو، ئەو پارەی نۆرینگەیەکی باشیشی نەبوو.
گۆڤار ئەنوەر بەدەست چەند نەخۆشییەکەوە دەیناڵاند، پێشتر ئەو هونەرمەندە لەبارەی نەخۆشییەکانییەوە بە ڕووداوی گوتبوو، تووشی چەند نەخۆشییەک بووم، لەوانە دڵ، کۆبوونەوەی ئاو لە ناو سکم، بوورانەوە و ئاوسانی جەستە.
ئەیام ئەکرەم ئاماژەی بەوەشکرد، کە تەندروستیی گۆڤار هێندە خراپ نەبووە و ئەو پێیوانەبوو بەوشێوەیە بێت ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی.
گۆڤار لە تەمەنی 44 ساڵیدا لە ماڵەکەیدا کۆچی دواییکرد. ئەو هونەرمەندە باوکی دوو کچ و کوڕێکە؛ ئەیام ئەکرەم دەڵێت: داواکارم هاوکاریی خێزانەکەی بکرێت، هاوژینەکەی گەنجە و سێ منداڵی هەیە و کرێچین، پێویستە لانیکەم مووچەیەکیان هەبێت بتوانن کرێی خانووەکەیان بدەن. [1]
21-08-2022