3000 ساڵە شیرین تەشی دەڕێسێ
یەکێک لە شوێنەوارە ناسراوەکانی جیهان لەبارەی ژن، ژنێکی کوردی تەشیڕێسە، کە لەسەر کورسییەک دانیشتووە و ماسییەکی سوورکراوە لەناو دەورییەک لە بەردەمیدا دانراوە و ژنە خزمەتکارێکی لە دواوە باوەشێنی دەکات.
ئەم ژنە کوردە، کە لە دواوە قژی گرێ داوە، ژنێکی عیلامیی سەدەی هەفتەم و هەشتەمی بەرلە زایینە و ئێستا وەک میراتێکی جیهانی لەناو مۆزەخانەی لووری پاریس دەپارێزرێت.
تەشیی دەستی ئەم ژنە، هەمان ئەو تەشییەیە، تا ئێستا بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک لە کوردستان خوریی پێ دەڕێسن. ئەم ژنە تەشیڕێسە، کە (شیرین تەشی دەڕێسێ) بە بیر کورد دەهێنێتەوە، ئەم تابلۆیە ئەندازەکەی 930 ملیمەترە، لە 130 ملیمەتر و لەسەر بەردی بیتومین هەڵکەنراوە و بۆ جوانی و دیاری درووست کراوە و لەلایەن ژاک دوومورگان لە شاری شووش دۆزراوەتەوە. شووش بە کۆنترین شاری جیهان و پایتەختی عیلامییەکان، یان ئیلامییەکان ناسراوە و ئێستا شارێکە سەر بە پارێزگای خووزستان.
ژنی تەشیڕێس، کۆنترین بەڵگە و شوێنەوارە لەبارەی ڕستن و چنین لە کوردستان، کە مێژووی بۆ زیاتر لە 2800 ساڵ بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە، بۆیە بە هەڵەدانەچووین ئەگەر بڵێین: سێ هەزار ساڵە شیرین تەشی دەڕێسێ.
ئەم کولتوورە لەناو کورددا (تەشیڕستن) بووەتە هەوێنی چەندان شیعر و بەیت و باو و گۆرانیی فۆلکلۆر، کە بەناوبانگترینیان شیعرێکی شاعیری ناسکخەیاڵ وەفاییە کە #مەزهەری خالقی# کردوویە بە گۆرانی و چەندین گۆرانیبێژی دیکەش گوتوویانەتەوە و چەند شاعیرێکی دیکەی کوردیش ئەو شیعرەی وەفاییان (تەخمیس) کردووە.[1]