حکوومەتی شەدادی
کەیوان ئازاد ئەنوەر
شەدادی، ناوی کەسایەتییەکی شاری (دوین) و سەرۆکی تیرەی (شەدادی) سەر بە هۆزی (ڕەوەندی)ی کوردی هەرێمی ئاران بوو، کە لە سەرەتای سەدەی چوارەمی کۆچی بەرامبەر سەدەی دەیەمی زایینی سەرۆکی ئه و تیرەیە بوو، بەڵام دەرکەوتنی وەک ناوی دەسەڵاتێک بۆ (محەمەدی کوڕی شەداد کوڕی قەرتەق) دەگەڕێتەوە، کە توانی لە ساڵی 951ز شێوازێک لە دەسەڵاتی سیاسی لە شاری (دوین) دابمەزرێنێت. ئەوەش دوای ئەوەی سوودی له و بۆشاییە سیاسییە بینی، کە لەسەرەتای سەدەی دەیەمی زایینی لە چەندین ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروست بوون. له و نێوەندەشدا (محەمەد کوڕی شەداد) ئه و هەلەی قۆستەوە و ئه و دەسەڵاتەی دامەزراند و بەناوی باوکییەوە ناوی نا (شەدادی).
ئەم حکوومەتە کوردییە لە هەرێمی (ئاران)ی نێوان هەردوو هەرێمی (ئازەربایجان و ئەرمەنستان) دامەزرا. سنووری ئەم هەرێمەش لە بەری خۆرهەڵاتەوە (دەریاچەی خەزەر) و لە بەری خۆرئاوا (ئەرمەنستان و وڵاتی گورجییەکان) و لە بەری باکوورەوە (زنجیرە چیای قەفقاز) و لە بەری باشوور و باشووری خۆرهەڵاتیشەوە (ڕووباری ئاراس) و هەرێمی (ئازەربایجان) بوو. بەمەش هەڵکەوتەی جوگرافی ئەم حکوومەتە کەوتبووە بەشی باکووری خۆرهەڵاتی خاکی کوردستان و ئه و ناوچەیەی لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا لەنێوان هەردوو کۆماری (ئازەربایجان و ئەرمەنستان)دا دابەش کراوە. لە گرنگترین شارەکانی هەرێمەکەش، کە شەدادییەکان لە ماوەی دەسەڵاتیان یان لە قۆناغێکی ئه و دەسەڵاتەیاندا فەرمانڕەوایەتییان تێدا کرد، هەر یەک لە شارەکانی (بەردغە، دوین، گەنجە، بیلتان، دەربەند، تەفلیس، ورپان، بەردیج، شەمکور، شابران، باکو، شیروان، ئانی) بوون.
لە ڕووی تۆبوگرافیشەوە ناوچەیەکی شاخاویی سەختی سارد بوو. هۆکاری ئەوەش بوونی زنجیرە چیاکانی قەفقاز لە بەری باکووری و ئەرمەنستان لە بەری خۆرئاوای بوو. ئه و زنجیرە چیایانەش سەرباری ئەوەی سروشتێکی جوانیان بە هەرێم و حکوومەتەکە بەخشیبوو، لە هەمان کاتدا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لە هێرشی تورکە خەزەرییە بتپەرست و ڕووسە مەسیحییەکان لە بەری باکوور و بێزەنتییە مەسیحییەکان لە بەری خۆرئاوا پاراستبوو. (ڕووباری ئاراس)یش لە بەری باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی وێڕای پاراستنی ناوچەکە لە هێرشی فەرمانڕەواکانی ئازەربایجان، بەتایبەت دەیلەمییەکان، سوودێکی باشی بە ئاودێریی زەوییە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی ئاران گەیاندبوو.
لە ماوەی 247 ساڵیشدا (شازدە) ئەندامی تیرەی شەدادی یەک لەدوای یەک و بەپێی سیستەمی بنەماڵەیی، فەرمانڕەوایەتی ئه و دەسەڵاتەیان کرد. له و ماوەیەشدا خزمەتێکی باشیان بە ناوچەکەیان و سەردەمەکەیان کرد. بەتایبەت بەهۆی ئەوەی هەرێمی ئاران سەر ڕێگای کاروانی بازرگانیی نێوان هەردوو هەرێمی (ئازەربایجان و ئەرمەنستان) بوو بەره و ناوچەکانی جزیرە و دیاربەکر، بۆیە ڕێگایەش دەرامەتێکی ئابووریی باشی بۆ حکوومەتی شەدادی و دەرخستنی بایەخی ستراتیژیی هەرێمەکە و حکوومەتەکەی دەرخستبوو. دیارە ئەوە بەدەر لە لایەنی ئابووری، کە کشتوکاڵ بنەمایەکی گرنگی ئابووریی هەرێمی ئاران بوو، چونکە خودی هەرێمەکە لە 400 گوندی کشتوکاڵی پێکهاتبوو. بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانیش فرەجۆر و فرەچشن بوون. وەک ئەوەی شارەکانی (باب ئەلئەبواب و بیلقان) بە (تووتن و لۆکە و زعفەران) و شارەکانی (گەنجە و بەردعە) بە (ئاوریشم) بەناوبانگ بوون. ئەمه و سەرباری بوونی دەیەها جۆر میوەی وەک (هەنجیر و ترێ و هەرمێ). لە سامانی ئاژەڵیشدا هەرێم و حکوومەتێکی دەوڵەمەند بوو، بەتایبەت لە (مەڕ و بزن و ڕەشەوڵاخ)دا کە هەریەکەیان بایەخی تایبەتیی خۆی هەبوو. بوونی کانەکانی وەک (مس و ئاسن و قورقوشم) لە شارەکانی (نەخچوان و باکۆ) و (کبریت) لە شاری (دوبیل)، زیاتر دەوڵەمەندیی حکوومەتەکەیان دەرخست.
لە بواری دادوەریشدا داوەرانی وەک (ئەبوحفس عومەر کوڕی عوسمانی گەنجی) دادوەری شاری (گەنجە) لە نیوەی یەکەمی سەدەی دوازدەیەمی زایینی و (ئەحمەدی کوڕی عەلی) ناسراو بە (سەمیکەی شروانی) دادوەرێکی لێهاتووی نیوەی دووەمی سەدەی دوازدەیەمی زایینی بوون.
ماوەتەوە بڵێین، لەم حکوومەتەدا سەرباری (میر)، کە باڵاترین دەسەڵاتداری حکوومەتەکە بوو، پایەی وەزیریش هەبوو. لە بوارەدا (بەختیاری کوڕی سەلمان) وەزیرێکی بەتوانای سەردەمی (ئەبو سوار) بوو. واتە له و دەسەڵاتە خۆڕێبەرییە کوردییەدا (میر) باڵاترین دەسەڵاتی سیاسی و (وەزیر) باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فرمان و بڕیارەکانی میر و (دادوەر)یش باڵاترین دەسەڵاتی دادوەری بوو بۆ جێبەجێکردنی فرمانە دادوەرییەکان بە شەرعییەکان. واتە فرمانە شەرعییەکانی ئایینی ئیسلام، چونکە حکوومەتەکە لەسەر پایەکانی ئایینی ئیسلام بنیات نرابوو و خودی ئه و دەسەڵاتە کە دەسەڵاتێکی ئیسلامی بوو.
لە دیارترین هۆکارەکانی ڕووخاندنی ئەم حکوومەتەش، ناکۆکیی نێوان ئەندامانی بنەماڵەکە لەسەر دەسەڵات، کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا هۆکاری تێکچوونی شیرازەی خێزان و بنەماڵەیی بوو. خودی ئه و ڕووداوەش هۆکاری دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکان بوو بۆ کاروباری ناوخۆیی حکوومەتەکە. هەر ئەوەش وای کرد، کە (مەرزبان) لەساڵی 985ز لەلایەن فەزڵونی برایەوە بکوژرێت. (لەشکر)یش ساڵی 1034ز مووسای باوکی کوشت. ئه و حاڵاتانەش هۆکاری دەرکەوتنی میری لاواز بوون بۆ پایەی دەسەڵات. بەدەر لەوانەش شاڵاوی بەردەوامی ڕووس و تورکە خەزەرییەکان لە بەری باکوور و بێزەنتییەکان لەبەری خۆرئاوا و سەلجوقییەکان لە بەری باشوور، هەرێمی ئارانیان بۆ گۆڕەپانێکی شەڕ گواستەوە، کە باجی ئه و شەڕانەش دانیشتوان و حکوومەتەکەی دای بووە هۆکاری وێرانکردنی ناوچە سنوورییەکان و تێکدانی باری ئاسایشی وڵات بوو. سەرجەم ئه و هۆکارانە، ڕۆڵی تایبەتیان لە لاوازبوونی حکوومەتەکەدا بینی، کە دواتر بە ڕووخاندنی دوایی هات.[1]
#سەرچاوەکان#
1- شرفخان بدلیسی: شرفنامە.
2- محمد أمین زکی: تاریخ الامارات و الدول الکردیة فی العهد الاسلامی.
3- أسماعیل شکر: الامارة الشدادیة .