ناو: ئیسماعیل
نازناو: #ئیسماعیل بەگ#ی ڕواندزی
ناوی باوک: سەعید
ناوی دایک: لەعلی خان
رۆژی لەدایکبوون: #1895#
رۆژی کۆچی دوایی: #1933#
شوێنی لەدایکبوون: #ڕواندز#
شوێنی کۆچی دوایی: #خەلیفان#
ئیسماعیل بەگی ڕواندزی لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە پەرلەمانی عێراق داوای دەوڵەتی کوردیی کردووە!
سیر ولیەم ڕوبیرت های و #هاملتۆن# چۆن پێناسەی ئیسماعیل بەگ ڕواندزییان کردووە؟
هاملتۆن: سمایل بەگ لای ئێمە دەیگوت دەبێ ڕۆژێک دابێ کوردستان وەک سویسرای لێبێ
یەکێک لەو کوردانەی شاری ڕواندز، کە ڕۆڵێکی گەورەی لە بزاڤی ڕۆشنبیری و سیاسیی کوردستان و عێراقدا هەبووە، لە سەردەمی ئینگلیزەکان دەبێتە حاکم، هەروەها لەو کاتەی دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستە بوێر و کوردایەتییەکەی وا دەکات، دوژمنان و ناحەزانی لێی بترسێن، لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا، بەهۆی ناکۆکییەکانی ناوەخۆ دەکوژرێت و تەرمەکەی لە شاری ڕواندز بەخاک دەسپێردرێت.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، ئیسماعیل بەگ کوڕی سەعید بەگ کوڕی عەبدوڵا پاشای کوڕی بەکر بەگ، لە ڕواندز لەدایک بووە، هەر لە تەمەنی منداڵیدا دەچێتە بەر خوێندن، هێشتا تەمەنی بچووک بووە، باوکی دەکوژرێت و لەعلی خانی دایکی، بەجوانترین شێوە پەروەردەی دەکات و زمانەکانی (ئینگلیزی، تورکی، عەرەبی، فارسی و فەرەنسی) فێر دەبێت و لە 15ی12ی1919 لە سەردەمی ئینگلیزەکان دەبێتە حاکمی ڕواندز، هەروەک (سیر ولیەم ڕوبیرت های) لە کتێبی (دوو ساڵ لە کوردستان) واتە ساڵەکانی 1918- 1920 لە باسی ئیسماعیل بەگدا دەڵێت: ئەستێرەی ئەم گەنجە ڕۆشنبیرە دەگەشێتەوە”. لەوکاتەی دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی عێڕاق و هەڵوێستە بوێر و کوردایەتییەکەی وادەکات، دوژمنان و ناحەزانی لێی بترسن.
هەروەها هاملتۆن لە کتێبی Road Through Kurdistan: The Narrative of an Engineer in Iraq دەڵێت: سمایل بەگ هەردەم بە ئاواتی پێشکەوتن و سەربەخۆیی کوردستان بوو، لەلای ئێمە دەیگوت، دەبێ ڕۆژێک دابێ کوردستان وەک سویسرای لێبێ!. هەروەها لەو بیر و باوەڕە دابوو، بەکردنەوەی ڕێگای گەلیی عەلی بەگ ئاواتەکەی دێتە دی، هەردەم دەستی یارمەتی بۆمان درێژ دەکرد و هانی دەداین تا پڕۆژکەکانمان سەرکەوتوو بێت.
#حسەن مستەفا#، نووسەر و چالاکوانی شاری ڕواندز، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: بەداخەوە ئیسماعیل بەگی ڕواندزی پشتگوێ خراوە و هەوڵ نەدراوە سوود لە بیرۆکە جوان و پێشکەوتووەکانی وەربگیرێت و خەبات و بەرخودانی لەبەرچاو بگیرێت، هەرکاتێک سەردانی گۆڕی ئیسماعیل بەگی ڕواندزی دەکەم و مەزارەکەی بەو شێوەیە دەبینم، خەفەت ئەخۆم بۆ ئەو بێنازییەی ئەم پیاوە مەزنەی ناو مێژووی (90 بۆ 100) ساڵەی ڕابردوو، کە مەزارەکەی بەم شێوەیەیە و نۆژەن نەکراوەتەوە.
دەشڵێت: ئیسماعیل بەگ ڕواندزی، ئەو پیاوە مەزنەی ناو مێژووی کوردستان، ڕۆڵێکی زۆری لە بزاڤی ڕۆشنبیری و سیاسیی کوردستان و عێراقدا گێڕاوە. ئەو یەکەم کورد بوو لە دوو خولی پەرلەمان توانیی ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت و کێشەی کورد بەیاسایی بکات و داوای دەوڵەتی کوردیی کردووە. هەروەها چەندین بڕیار و یاسا و پێشنیار لەسەر دەستی ئەو مرۆڤە کوردپەروەرە هاتوونەتە دی.
داواکاریش بوو لەلایەنی پەیوەندیدار، بەدواداچوونێکی جدیی بە یاداشت و بەڵگەنامەکانیدا بکرێت و سوود لە بیر و ئەندێشەکانیشی ببینرێت، بەتایبەت لە بواری ئیداری و خزمەتگوزاری و ئەو ڕۆحیەتە بەرزەی کوردایەتی، کە لە دید و تێڕوانینی ئەودا هەبووە. هەروەها بەجدیی مشوورێک لە مەزارەکەی بخورێ و ئەگەر لایەنی پەیوەندیداریش نەیکات، ڕواندزییەکان خۆیان هەوڵی نۆژەنکردنەوەی مەزارەکەی بدەن و ژیاننامەی لە شوێنەکە بنووسرێتەوە، بۆئەوەی هەر کەسێک، یان لێکۆڵیارانی مێژووی نوێی کوردستان ئەگەر ویستییان سەردانی مەزارەکەی بکەن، بتوانن بەئاسانی دەستیان بە زانیاری و مێژووەکەی بگات.
هەروەک، #کەمال مەزهەر#، نووسەر و ڕوناکبیری کورد، لە پەراوێزی کتێبی (کورد و کوردستان لە بەڵگەنامەی نهێنییەکانی حکوومەتی بەریتانیا) بەرگی یەکەم، لە لاپەڕەکانی (119- 153) دەڵێت “ئیسماعیل بەگ ڕواندزی، یەکێک بووە لە ڕوناکبیرە دونیادیدە و ناسراوەکانی کورد. هاملتۆنی ئەندازیار لە کتێبە شاکارییەکەیدا (رێگایەک بەناو کوردستاندا) لە هەر کوردێک زۆرتر بە شان و بازووی ئەویدا هەڵداوە، کە یەکێک بووە لەوانەی زۆر زوو ڕادیۆی هێناوەتە کوردستان، نوێنەری #هەولێر# بووە لە پەرلەمانی عێراق و یەکێک بووە لەو شەش نوێنەرە کوردەی ڕۆژی 4ی نیسانی ساڵی 1929 یاداشتێکی سەربەخۆیان دەربارەی مافەکانی کوردی عێراق داوەتە سەرۆک وەزیرانی ئەوسا”.
زیاتر ئاماژە بەوە دەدات: ئیسماعیل بەگی ڕواندزی کوڕی سەعید بەگی کوڕی عەبدوڵا موخلیس کوڕی ڕەسوڵ ئاغا (1897-1933)، لە ڕواندز لەدایک بووە، بە ڕەچەڵەک لە بەگزادەکانی بنەماڵەی #پاشای کۆرە# یا #پاشای گەورە#، یە ڕەسوڵ ئاغای باپیرە گەورەی برای محەمەد پاشای میری #سۆران#ە. لە ساڵی 1920دا، دوای ئەوەی ئینگلیز دێنە ئەم وڵاتە، دەکرێتە حاکمی ڕواندز”.
دوای دامەزراندنی مەملەکەتی عێراق، لە هەڵبژاردنی ساڵی 1925دا، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (#مجلس النواب#)دا دەبێتە نوێنەری هەولێر، لە ساڵی 1928 جارێکی دیکە هەڵبژێردراوەتەوە، لەنێو کوردەواریدا ناوەکەی وەکو سمایل بەگ گۆ دەکەن، گۆڤاری (زۆزک) لەوبارەیەوە نووسیوە “لەبەر ئەوەی هەڵوێستێکی جوامێرانەی لەبەرامبەر شۆڕشی بارزان دەبێ، بۆیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوسای عێراک گومانی دەکەوێتە سەر”.
سمایل بەگ دژی بە سەربازگرتنی زۆرەملێ بووە، لە ساڵی 1933دا لە بۆسەیەکی نەیارانی لە دۆڵی (نیشاوێ)ی نزیک (خەلیفان) غافڵکوژ دەکرێت، هەندێ دەڵێن هەواڵی کوژرانی، دڵی پاشای عێراقی خۆش کردووە، چونکە مرۆڤێکی کوردپەروەر و بەهەڵوێست بووە.
دەشڵێت: فۆلکلۆرپەروەر ئەسعد عەدۆ، تەواوی داستانی کوژرانی سمایل بەگی لە کتێبێکی فۆلکلۆریدا زیندوو ڕاگرتووە. بەداخەوە نەکەوتمەوە سەری، تا زانیاریی دیکەتان بخەمە بەردەست، لە کتێبی (اعلام الکرد)ی جەمال باباندا، ساڵی لەدایک بوونی سمایل بەگ بە 1895 نووسراوە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]