#گری مراز#، #گوبکلی تەپە# یان خرابەی هیشک لە شوێنەوارە کۆن و گرنگەکانی کوردە لە پارێزگای #ئۆرفا#ی باکووری کوردستان، ئەم شوێنەوارە لەبەر کۆنیی و دۆزراوە سەیر و سەمەرەکانی بە خاڵی سفری مێژوو دادەنرێت.
هەڵکەوتەی جۆگرافیایی ئەم شوێنەوارە دەکەوێتە ناوچەی #ئەنادۆلۆ#، لە 18 کیلۆمەتری گوندی ئورنجیک-ی شا#نیل# لە ئورفای باکووری کوردستان و لە سنووری سوریا نزیکە.
ئەم شوێنەوارە وەک ناوەندێکی ئایینی و پەرستگا بووە، بە کۆنترین پەرستگای جیهان دادەنرێت، ساڵانە لەگەڵ بەردەوام بوون لە کاری توێژینەوەی زانستی و کنە و پشکنینی شوێنەواری، لە ئاستی جیهانی کاریگەری لەسەر بواری مێژووی ئایینەکان دادەنێت.
پێشتر خەڵکی ناوچەکە ئەم شوێنەوارەیان وەک شوێنێکی پیرۆز بۆ بەدی هاتنی مراز و نزاکانیان ناسیوە و سەردانیان کردووە، بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی پەرستگا، یان شوێنی پیرۆزی پێوە دیار بێت، بۆیە دەکرێ بگوترێت مێژووی ئەم ناوچەیە بە شێوازی زارەکی لە باب و باپیرانەوە بۆ نەوەکان گوازراوەتە، هەر لەبەر ئەوەشە خەڵکەکە گرنگیی تایبەتیان بەم ناوچەیە داوە.
پێش ئەم دۆزینەوە گرنگە پێشبینی دەکرا خەڵکی دێرینی ئەم ناوچەیە سەرقاڵی ژیانێکی سەرەتایی بووبن، وەک ڕاو کردن و ژیانی کۆچەریی، بەڵام دوای دۆزینەوەی پاشماوەی کاری کشتوکاڵیی وەک دەنکە گەنم، سەلمێنرا کە خەڵک لەو شوێن و سەردەمە یەکجارنشین بوونە و سەرقاڵی کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ بوون.
لەسەر بەردەکانی ناو ئەم پەرستگایە وێنەی کۆمەڵێ ئاژەڵ نەخشێنراوە، لەوانەش دەتوانین ئاماژە بە مانگا، بەرازی کێوی، ڕێوی، مار، مراویی کێوی بکەین، کە لە زۆربەی بەشەکانی و لەسەر چەندین بەرد دەبینرێن.
شوێنەوارە دۆزراوەکانی ئەم ناوچەیە بریتین لە چەندین ستوون و پەیکەر بە قەبارەی گەورە، سیمبۆلە سروشتی و ئاژەڵییەکان، وێنە و نەخشی سێ ڕەهەندی، ئێسک و پرووسکی ئاژەڵ (کە دیارە بۆ قوربانیکردن کوژراون).
لە سەرنجڕاکێشترین دۆزراوەکانی ئەم پەرستگایە، ستوونەکانن.. ئەوانیش لە ڕووی کێش و قەبارەوە جیاوازن. ستوونەکانی گوپکلی تەپە بە بەرزی شەش مەتر و کێشی 7 بۆ 10 تەن دەبن، زۆر سەرسوڕهێنەرن، بە تایبەتی لە ڕووی داتاشینەوە کە لەگەڵ کەلوپەلە سەرەتاییەکانی ئەو سەردەمە درووستکردنیان کارێکی ئەستەم و سەختە.
مێژووی ئەم شوێنەوارە بۆ نزیکەی 10 هەزار ساڵ پێش زایین، واتا چاخی بەردینی نوێ دەگەڕێتەوە.
لە کۆنترین شارستانییەتەکانی تۆمارکراو لە مێژوو لە ئاستی جیهانی دەتوانین ئەماژە بە:
- شارستانیەتی #سۆمەری#، 4000 ساڵ پێش زایین، لە #وڵاتی نیوان دوو ڕووبار#.
- شارستانیەتی #میسر#، 3500 ساڵ پێش زایین، لای ڕووباری نیل.
- شارستانیەتی #مایا#، 2600 ساڵ پێش زایین، لە ئەمریکای باشوور.
- شارستانیەتی #هیند#، 2500 ساڵ پێش زایین، لای ڕووباری سند.
- شارستانیەتی #چین#، 1500 ساڵ پێش زایین، لای ڕووباری زەرد.. بکەین کە بە بەراورد لەگەڵ ئەم ناوچە شوێنەوارییە کوردییە زۆر نوێن.
پێدەچێ گوپکلی تەپە کۆمەڵگەیەک بووبێ لە چەندین پەرستگای بچووک پێکهاتبێت، چونکە لەوێ نزیکەی 20 پەرستگای بچووک دۆزراونەتەوە، هەر یەکێکیان خاوەن تایبەتمەندیی و نیشانە و وێنەی تایبەت بە خۆیەتی.. بۆ نموونە لە سەنتەری ئەم پەرستگایە گۆڕەپانێکی بازنەیی هەیە کە 10 بۆ 12 پەیکەر بە شێوازی پیتی (T)ی ئینگلیزی درووستکراوە، لە نێوان هەر یەکێکیاندا دیواری بەردین درووست کراوە و ڕووی هەموویان لە ناوەندی بازنەکەیە، لە ناوەندی بازنەکەش دوو پەیکەری گەورە هەنە کە ڕوویان لە یەکترییە و لە بەرانبەر یەک ڕاوەستاون.
لەبارەی گرنگی ئەم شوێنەوارە و دۆزراوەکانی ناو ئەم پەرستگایە، شوێنەوارناسی کورد جەمال ئۆزچێلیک کە سەرقاڵی توێژینەوەیە لەسەر ئەم شوێنە، لەم بارەیەوە دەڵێت: دۆزینەوەی پەرستگاکانی گوپکلی تەپە دەروازەی چوونە ژوورەوەی ناو جیهانێکی دیکەیە.
گوپکلی تەپە نزیکەی 8 هەزار ساڵ پێش زایین بە هۆیەکی نادیار بۆ ماوەی پێنج سەد ساڵ دەکەوێتە ژێر گڵ و دیار نامێنێت، بەڵام دواتر دیسان دەدۆزرێتەوە و نۆژەن دەکرێتەوە و وەک پەرستگایەک بەکاردێتەوە.
تا ئێستا لەوێ هێچ ئاوەدانی و ژیانی هەمیشەیی نەدۆزراوەتەوە، بۆیە ئەگەری زۆرە ئەم پەرستگایە وەک پەرستگایەکی سەرەکی و ناوەندی، تەنیا بۆ سەردانیکردن لە بۆنە ئایینییەکان بەکار هاتبێت.
چیڕۆکی دۆزینەوەی ئەم شوێنەوارە
چیڕۆکی دۆزینەوەی ئەم شوێنەوارە لەوێوە دەست پێدەکات کاتێک جووتیارێکی کورد، بە ناوی مەحموود یەڵدز خەریکی کێڵانی زەوییەکەی دەبێت و لەو کاتەدا پارچە گڵینە و پاشماوەی بینای کۆن دەدۆزێتەوە.
بە گوتەی خۆی ئەوان وەک خاوەنی زەوییەکە بەردەوام دەبن لەسەر کارەکەی خۆیان، بەڵام بۆ جارێکی تر و دەرکەوتنی چەند بەردێکی نەخشێنراو کە یەکێکیان وێنەی مارمێلکەیەک بە قیاسی مرۆڤ لەسەری نەخشێنراو بووە، بۆیە دەست لە کار هەڵدەگرن و پارچە بەردەکان بۆ #مۆزەخانەی شانلی# ئورفا دەبەن، بەڵام ئەم بابەتە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانەکە بە هەند وەرناگیرێت و هیچ بەدواداچوونێک بۆ بابەتەکە ناکەن، بۆیە بەردەکان بۆ ماوەی 7 - 8 ساڵ لەوێ دەمینێنەوە، بەڵام دوای ماوەیەک، ڕێک لە ساڵی 1993 شوێنەوارناسانی ئەڵمانی کلاوس شمیت و هاوڕێکانی سەردانی مۆزەخانەکە دەکەن و بە بینینی پارچە بەردەکان زۆر سەرسام دەبن، کلاوس شمیت داوا دەکات شوێنی دۆزینەوەی گۆزەکە ببینێت، بەم شێوازە لە ساڵی 1993 سەرەتای کنە و پشکنین لەسەر شوێنەکە دەست پێدەکات و هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە.
شایانی باسە، ئەم شوێنەوارە لە ساڵی 2018 لە لیستی کەلەپووری جیهانیدا تۆمار کرا.
ئامادەکردنی بابەت: #سارا سەردا#
[1]