کورد لە قازاغستان 02
#سوداد ڕەسووڵ#
لە نێو کۆمارە سەربەخۆکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوودا قازاغستان ڕەنگە زۆرترین ژمارەی کورد لە خۆی بگرێت، نزیک بە 70 هەزار کورد لە چەند شار و گوندی قازاغستان نیشتەجێن وەک ئالماتی، ئاستانە، تەراز، شیمکەنت. ئەو کوردانەی قازاغستان وەک هەموو کوردەکانی دیکەی ئاسیای ناوەراست لە دوای ساڵی 1937 لە سەردەمی حوکمڕانی ستالینەوە لە ناوچەی قەوقازەوە (ئازەربایجان، ئەرمەنستان، گورجستان) بۆ ئاسیای ناوەڕاست سورگوم کراون، وەک لە پۆستێکی پێشوو باسی ئەو سورگومکردنە و هۆکارەکانیم کرد.
قازاغستان بە پێچەوانەی قەرغیزستان و ئۆزبێکستان، کوردەکانی زۆر چالاکن و چەندین کۆمەڵەیان لەو شارانە هەیە کە کوردی تێدا نیشتەجێن، ئەو کۆمەڵانە ڕۆلێکی گەورە دەگێڕن کە کورد ناسنامەی کولتووریی خۆی ون نەکات، لە هەمووی گرنگتر زۆر بایەخ بە زمانی کوردی دەدەن، ئەوەی جێگەی سەرنجە لە نێو کۆمەڵگەی کورد لە قازاغستان زمانی کوردی لە هەموو گوند و شارەکان بە ڕێکوپێکی دەخوێندرێت، هەر بۆیە کوردەکان لەم وڵاتە ناسنامەیەکی بە هێزیان بۆ ئینتیمای کوردبوون و وڵاتەکەیان کوردستان هەیە.
لە سەردانیم بۆ شاری ئەلماتی (ئەلمائاتای پێشوو) پایتەختی پێشووی قازاغستان کە کوردێکی زۆر لەم شارە دەژین، چاوم بە سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی قازاغستان بەڕێز دوکتۆر کنیاز ئیبراهیم میرزۆیڤ کەوت.
دوکتۆر میرزۆیڤ کە لە تەمەنی 70 ساڵیدایە، لە بنەڕەتدا کوردێکی نیشتەجێی وڵاتی ئەرمەنستان بووە، بەڵام لە دوای ساڵی 1991 ئەرمەنستانی بە جێ هێشتووە و هاتووە بۆ قازاغستان، چونکە زۆربەی خزم و کەسوکاری هەر لە سییەکانەوە دوور خراونەتەوە بۆ ئەم وڵاتە. ناوبراو وەک کەسێکی ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆ بە سێ زمان کوردی، ئازەری، ڕووسی لە بواری کوردناسی چەندین کتێبی گرنگی نووسیوە. لە دوای هاتنیشی بۆ قازاغستان ڕۆلێکی مەزنی گێڕاوە بۆ خزمەتکردن بە کولتووری کوردی و پاراستنی ناسنامەی کوردیی کوردەکانی قازاغستان.
لەم چاوپێکەوتنە بۆی ڕوون کردمەوە کە لە دوای هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت، ئەرمەنستان بوو بە کۆمارێکی سەربەخۆیی نەتەوەیی، حکومەتی ئەرمەنی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی غەیری ئەرمەنی ڕەوتێکی نەژادپەرستی دەگرێتە بەر. بۆیە کوردەکانی ئەم وڵاتە بە تایبەت کوردە موسڵمانەکان تەنگیان پێ هەڵچنرا و ناچار کران ئەم وڵاتە بە جێ بهێڵن، چونکە کورد بەوە تۆمەتبار بوو کە لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا بەشداری لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا کردووە. هەر ئەو کاتەش بوو کە هەندێک لە کوردە ئێزیدییەکان هەوڵیان دا ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بگۆڕن بۆ ئێزدی بۆ ئەوەی بتوانن لە ئەرمەنستان بمێننەوە و ناچار نەکرێن ئەرمەنستان بە جێ بهێلن. ئیدی دوای ئەوە بوو هەندێک کوردی ئێزیدی ئەو کێشەیە هاتە پێش کە بڵێن ئێمە کورد نین و ئێزیدین. بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی ئەرمەنیش پشتی گرتن، و ڕایان گەیاند کە نەتەوەیەکی نوێ پەیدا بووە کە ئەویش نەتەوەی ئێزیدییە و بە زمانی ئێزیدیکی..!!
کوردەکانی قازاغستان دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت بە هەوڵی دوکتۆر میرزۆێڤ لە ساڵی 1991 کۆمەڵەیەکیان دامەزراندووە بەناوی کۆمەڵەی کوردی قازاغستان –بەربانگ- هەر دوای ئەوە ڕۆژنامەیەکی مانگانەیان دەرکردووە بە ناوی (کوردستان) نزیک بە پەنجا ژمارەیەکی لێ دەرچووە، بەڵام دواتر بە هۆی گوشاری تورکیا بۆ سەر قازاغستان کە تورکیا حەز بە ناوی کوردستان ناکات، ناچار بوون ناوەکەی بگۆڕن بۆ (ژیانا کورد) کە ئەم ڕۆژنامەیە هەتا ئێستا بەم ناوە هەر بەردەوامە لە دەرچوون. لەپاڵ ئەم ڕۆژنامەیە، هەر لەم سەروبەندە گۆڤارێکیش دەردەکەن بە ناوی (نووبار) کە ئەم گۆڤارەش لە سەرەتا بە ناوی (کورد) بوو، بەڵام دووبارە چونکە تورکیا حەز بە ناوی کورد ناکات، ناوەکەیان گۆڕی بۆ (نووبار). وەک دیارە تورکیا لە دەرەوەی تورکیا لە قازاغستانیش دژایەتی ناوی کورد و کوردستان دەکات.
کوردەکانی قازاغستان دوای هاتنیان بۆ قازاغستان بەشێکیان زمانی خۆیان لە بیر کردبوو و هەندێکیش بەهۆی تێکەڵاوییان لەگەڵ تورکی ئازەری ئاسیمیلە بووبوون، هەر لە پێناو زیندوو کردنەوەی زمانی کوردی، لە دوای ساڵی 2000 ئەم کۆمەڵەیە هەنگاوێکی گرنگ دەست پێ دەکات کە ئەویش خوێندن بوو بە زمانی کوردی بۆ هەموو کوردانی قازاغستان، بۆ ئەم مەبەستە مامۆستای زمانی کوردی ئامادە دەکەن و دوکتۆر میرزۆێڤ چەند کتێبێکی دەرسی بە ئەلفوبێی لاتینی ئامادە دەکات. کە ئێستا خۆشبەختانە لەپاڵ زمانەکانی قازاغی و ڕووسی، کورد هەفتانە چەند دەرسێک بە زمانی دایک دەخوێنن، کە ئەمە وای کردووە زمانی کوردی لەم وڵاتە ببوژێتتەوە و کورد بە ئاسانی لە نێو نەتەوەی زۆرینە ئاسیمیلە نەبێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە چەندین کۆمەڵەی دیکەی کولتووری و فۆلکلۆریی کوردییان هەیە، جاروبار چالاکیی کولتووری ئەنجام دەدەن، جەژنی نەورۆزیش وەک جەژنێکی نەتەوەیی دەگێرن، کە ئەم جەژنە لای قازاغەکانیش جەژنێکی گرنگە.
زۆر جار دەگوترێ خاکی کوردستان جوگرافیاکەی بۆ ناوچەی قەوقازیش درێژ بووەتەوە واتە خاکی کوردستان لە ئەرمەنستان و ئازەربایجانیش هەیە، لەم چاوپێکەوتنە میرزۆێڤ وەک کەسێکی شارەزای مێژووی کورد لە قەوقاز بۆی ڕوون کردمەوە کە کورد لە قەوقاز جوگرافیای نییە، ئەو کوردانەی لەم ناوچەیە دەژین زۆربەیان لە باکووری کوردستانەوە هاتوون بەهۆی شەڕەوە کۆچبەر بوون بۆ نەخچیوان و ئەرمەنستان. تەنانەت ئەو گوندە کوردانەی کە لە نەخچیوان بوون و کە دواتر لە ساڵی 1937 سورگوم کران بۆ ئاسیای ناوەڕاست، ئەوانیش پێشینەیەکی ئەوەندە کۆنیان نییە، ئەو گوندانە لە دوای ساڵانی 1925 دروست کراون کە لە دوای نسکۆی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران کوردێکی زۆر ئاوارە بوون، ئەوانە هەندێکیان لە چەمی ئاراس پەڕینەوە و لەبەری نەخچیوان بە درێژایی چەمەکە گوندیان دروست کرد و ئەو شوێنەیان کرد بە هەواری نوێی خۆیان. هەتا پێش سورگومکردنەکەش ئەو کوردانە هاتوچۆیان کردووە بۆ باکووری کوردستان، بەڵام دوای ئەوەی کە سنوور دادەخەن ئیدی ئەوان لە نەخچیوان دەمێننەوە، ئەوەبوو دواتریش هەموو سورگوم دەکرێن بۆ ئاسیای ناوەڕاست.
هەرچی کوردەکانی ناوچەی قەرەباغە ئەوان لەمێژە لەوێ نیشتەجێن، کە دواتر لە بیستەکان بوو بە ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستانی سۆر، ئەوانیش لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ناوچە ئۆتۆنۆمییە، لە لایەن ئازەرییەکانەوە زۆر بەچڕی ئاسیمیلە دەبن و لە خوێندن بە زمانی کوردی بێبەش دەکرێن و گوشارێکی زۆریان لەسەر بووە کە واز لە ناسنامەی کوردی بێنن و خۆیان بکەن بە ئازەری، هەر بۆیە ئێستا هەموو ئاسیمیلە بوون و یانیش بە هۆی شەڕەوە دەربەدەر بوون، بۆیە شتێک لە قەرەباخ نەماوە کە پێی بگوترێت کورد و خاکی کوردستان و زمانی کوردی.
کوردەکانی قازاغستان لە ئاسیای ناوەڕاست چالاکانە لە هەوڵ و خەباتدان بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردی لەم وڵاتە، هەستی کورردبوونیان بەهێزە، و لەم دوور وڵاتیە هەمیشە چاویان لە کوردستانی گەورەیە و بە هیوان ڕۆژێک کوردستان ئازاد بێت و ئەوانیش لە نێو نەتەوەکانی قازاغستان ببن بە میللەتێکی خاوەن دەوڵەت.[1]