کورد لە قەرغیزستان
#سوداد ڕەسووڵ#
قەرغیزستان یەکێکە لەو کۆمارە سەربەخۆیانەی ئاسیای ناوەڕاست کە ژمارەیەکی بەرچاو کوردی دوورخراوەی لێ دەژیێت. ئەو کوردانەش لە یەکێتیی سۆڤیەت لە سەردەمی ستالین لە سییەکان و چلەکانی سەدەی بیستەم لە ناوچە سنوورییەکانی ئەرمەنستان و گورجستان کە هاوسنوورن لەگەڵ تورکیا دوورخراینەوە بۆ ئاسیای ناوەڕاست بۆ کۆمارەکانی قەرغیزستان، ئۆزبێکستان، قازاقستان.
لە دوای مردنی لێنین لە ساڵی 1924، ستالین دەبێت بە جێنیشینی لە یەکێتیی سۆڤیەت. لەو سەردەمە کە لە دوای سییەکان دەست پێ دەکات سەردەمی تۆقاندنە لە یەکێتیی سۆڤیەت، ستالین بە دەستێکی ئاسنین حوکمی سۆڤیەت دەکات، هەر لە سەرەتادا پاکسازییەکی بەرفراواون لە دەسەڵات و لەنێو خەڵکدا دەکات، هەموو دەنگێکی ئازادی و ناڕەزایی کپ دەکات، بەرهەڵستکاران و ڕۆشنبیران بە توندی زیندانی دەکات یان تیرۆر دەکات، لەگەڵیشی خەڵکێکی زۆر لە گەلانی سۆڤیەت سورگوم دەکات واتە دوور دەخاتەوە بۆ ناوچە دوورەکانی یەکێتیی سۆڤیەت، بە تایبەت لە نێوان ساڵانی 1934 تا 1950 بەردەوام بە زۆرەملێ خەڵکی کۆچ پێ کردووە. ئەو گەلانەی کە بوون بە قوربانی ئەم دوورخستنەوە و کۆچپێکردنە ئەمانە بوون: فینلاندی، کۆری، یۆنانی، چیچانی، ئەنگۆشی، تورکی مەسخەتی واتە تورکی گورجستان، ئەڵمانی، پۆڵەندی، ئەرمەنی، بولگاری، تاتاری، کورد، مۆڵداڤی، بالکار.. تاد. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیک بە یەک ملیۆن و نیو لە گەلانی یەکێتیی سۆڤیەت بە زۆر کۆچیان پێ کراوە لە زێدی خۆیان دوور خرانەوە بۆ هەرێمە جیاوازەکانی نێو یەکێتیی سۆڤیەت.
بۆ ئەم کۆچپێکردنە زۆرەملێیە ستالین کۆمەڵێک بەهانە و بیانوی دەهێنایەوە: هەندێکیان بەوە تۆمەتبار بوون کە خیانەتیان کردووە، هەندێکی دی کە گوایە جاسوسییان بۆ وڵاتی دراوسێی خۆیان کردووە، هەندێکی دی بە بەهانەی ئەوەی پەیوەندیان لەگەڵ وڵات و هاونەتەوەی خۆیان دروست دەکەن کە هاوسنوورە لەگەڵ سنووری یەکێتی سۆڤیەت. ئەوەی لێرە کە دەمانەوێ تیشکی بخەینە سەر دوورخرانەوەی کوردە بۆ ئاسیای ناوەڕاست کە هۆکارەکەی ئەمەی دواییە و ستالین کوردی قەقازی دوور خستووەتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندیی لەگەڵ هاونەتەوەی لە تورکیا و ئێران نەمێنێت. بێگومان بۆ ئەم پاکسازییە سنوورییە هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیاش پێیان خۆش بووە.
ستالین پێش ئەوەی کوردەکان لە ناوچەی قەوقاز دوور بخاتەوە لە پێشدا ئەو ناوچە ئۆتۆنۆمییەی هەڵوەشاندەوە کە لەناوچەی قەرەباخ لە ساڵی 1923 لە سەردەمی لێنین دامەزرابوو، ناوی (کوردستانی سۆر) بوو و هەتا ساڵی 1929 بەردەوام بوو. ئەوجا دواتر دەستی کرد بە پاکسازیی ناوچە سنوورییەکانی یەکێتیی سۆڤیەت.
لە سەفەرم بۆ قەرغیزستان پێم خۆش بوو چاوم بەو کوردە دوورخراوانەی ئەم وڵاتە بکەوێت کە پێشتر بیستبووم کۆمەڵگەیەکی کورد لەم وڵاتە هەیە و هەتا ئێستاش بە کوردییەکی ڕەوان قسە دەکەن. لە شاری بێشکیک پایتەختی قەرغیزستان چاوم بە بەڕێز ڕەمەزان سەیدۆڤ و سەڵاحەدین نادرۆڤ کەوت، کە لەبارەی بوونی کورد لە قەرغیزستان و چۆنیەتی هاتنیان بۆ ئاسیای ناوەڕاست و ژیان و گوزەرانیان زانیاری گرنگیان پێ بەخشیم.
بەڕێز ڕەمەزان سەیدۆڤ کە سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی قەرغیزستانە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێ کردم و لەبارەی کوردەکانی ئەم وڵاتە ئەم زانیارییانەی خواروەوی پێدام.
سەیدۆڤ دەڵێت:
کورد لە قەرغیزستان 60 ماڵێک دەبن و ژمارەیان نزیک بە 30 هەزار کەسێک دەبن. لە شارەکانی بێشکیک کە پایتەختی قەرغیزستانە هەروەها شارەکانی تالاس و ئۆش و جەلالئاباد نیشتەجێن. لە گوندەکانیش کورد لەگەڵ قەرغیزی و ڕووسی دەژین. هیچ گوندێکمان نییە کە هەمووی کورد بێت.
کورد بە دوو وەجبە کۆچیان پێ کراوە بۆ ئاسیای ناوەڕاست، جاری یەکەم نزیکەی 12 هەزار مرۆڤ بوون لە ساڵی 1937 و جاری دووەمیش لە ساڵی 1944. وەجبەی یەکەم لە کوردەکانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان بوون، لە ئازەربایجان لە ناوچەی نەخچیوان لە گوندی سێدەرەک کە هاوسنوور بووە لەگەڵ ئێران و لە ئەرمەنستانیش لە گوندی ڤیدی و ماسیست کە هاوسنوور بووە لەگەڵ تورکیا. بەڵام کوردەکانی قەرەباخ کۆچیان پێ نەکرا، چونکە ئەوان لە سەر سنوور نەبوون، لە ناوەڕاست بوون، بەڵام داوایان لێ کرا کە میللەتی خۆیان بگۆڕن و بمێننەوە، ئیدی ئەوانیش میللەتی خۆیان گۆڕی و مانەوە.
ئەو کوردانەی سورگوم کران لە دوو عەشیرەتی کورد بوون بە ناوەکانی جەلالی و برۆکا کە ئەم دوو عەشیرەتە هەتا ئەمڕۆش لە بەشەکانی کوردستانی ئێران و تورکیا نیشتەجێن. بەڵام ئەو کوردانەی کە دواتر لە ساڵی 1944 ڕاگوێزران لە گورجستانەوە لە ناوچەی باتومی بوون کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا، ئەوان سورگوم کران بۆ تالاس لە قەرغیزستان.
لە گواستنەوەیان بە قیتار مانگێکی بردووە هەتا گەیشتوون بەم ناوچانە لە ئاسیا ناوەڕاست، لەوێش لە یەک شوێن کۆیان نەکردوونەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەک پەیوەندیان نەبێت و پەرتەوازە کراون بە سەر کۆمارەکانی قەرغیزستان و قازاقستان و ئۆزبێکستان.
ئەو کوردانەی کە هێنران بۆ ئاسیای ناوەڕاست لە سەرەتا مافی ئەوەیان نەبوو خوێندنی باڵا بخوێنن، تەنیا بۆیان هەبوو لە قۆناغی سەرەتایی بخوێنن، بۆیە لە نێو ئەم کوردانە زۆر کەم کەسی ڕۆشنبیری تێدا هەڵکەوت کە خاوەن خوێندنێکی بەزر بێت، بەڵام کوردە ئێزدییەکانی ئەرمەنستان سورگوم نەکران و هەر لە زێدی خۆیان مانەوە، هەر لەسەر خوێندن بە زمانی کوردی و خوێندنی بەرز لە ئەرمەنستان و ڕووسیا بەردەوام بوون، هەر بۆیە چینێکی ڕۆشنبیر لەناو ئەوان پەیدا بوو، بەڵام لە نێو ئێمە ئەو چینە ڕۆشنبیرە بە درەنگەوە پەیدا بوو. خۆشبەختانە بەشێک لەو کوردە سورگومکراوانە کە لە ئەرمەنستانەوە هاتبوون پێشتر لە کۆلێج کە پێی گوتراوە (تێخنیکوم) لە یەریڤان بە کوردی خوێندبوویان، کە ئەوسا لەوێ خوێندن هەتا کۆلێجیش بە کوردی بوو، ئیدی ئەو چینە خوێندەوارە بە زمانی کوردی لێرە بوون بە چینی ڕۆشنبیری ئێمە کە شارەزا بوون بە زمانی کوردی و مێژووی کورد، توانیان زمانی کوردی و هەستی نەتەوەیی لە نێو ئێمە بە زیندوویی بهێڵنەوە. بە غەیری ئەو چینە ڕۆشنبیرە لەم دوور وڵاتی و غەریبییە هیچ شتێکی دیکەی کوردیمان نەبوو، تەنیا ئەوە نەبێت کە ڕادیۆی یەریڤان بە کوردی هەبوو گوێمان لێ دەگرت، و جاروباریش ڕۆژنامەی ڕیا تازە دەگەیشتە دەستمان و دەمانخوێندەوە.
ئەم دۆخە بەم شێوە بەردەوام بوو هەتا مردنی ستالین لە ساڵی 1953 و هاتنی خرۆچێف بۆ حوکمڕانی یەکێتیی سۆڤیەت، کە چەند ساڵێکی برد هەتا توانی دەسەڵاتی خۆی جێگیر بکات، ئیدی لە ساڵی 1956 سەردەمێکی نوێ لە یەکێتیی سۆڤیەت دەست پێ دەکات و خرۆچێف هەوڵ دەدات ئەو ناهەقییەی ستالین کردوویەتی دەرهەق بە نەتەوەکانی نێو سۆڤیەت ڕاستی بکاتەوە، بۆیە بڕیار دەدات ئەوانەی کە سورگوم کراون بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان. ئەوەبوو زۆرێک لەو نەتەوانە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، ئەوانەی ناوچەی ئۆتۆنۆمیشیان هەبوو، کە هەڵوەشابووەوە، جارێکی دی بۆیان گەڕایەوە، لە نێو ئەم نەتەوانە تەنیا کورد و ئەڵمان ناوچەی ئۆتۆنۆمیان بۆ نەگەڕایەوە، ئەو ناوچە ئۆتۆنۆمییە کە لە قەرەباخ هەبوو نەگەڕایەوە، چونکە تورکی ئازەری ڕازی نەبوون بگەڕێتەوە. دوای ئەمە هەندێک کوردی ئێمەش گەڕانەوە سەر ماڵی خۆیان بۆ ئەرمەنستان، بەڵام زۆرینەیان هەر لە لێرە مانەوە، چونکە لێرە تازە جێگیر بووبوون و نەیانویست بگەڕێنەوە.
لەسەردەمی خرۆچێف ئێمە ڕێگەمان پێدرا دوای خوێندنی سەرەتایی، خوێندنی بەرزیش تەواو بکەین، ئەوجا بە درەنگەوە توانیمان چینێکی خوێندەوار و خاوەن شەهادەی بەرز لێرە پەروەردە بکەین.
ئێستاش دوای تێپەڕبوونی 82 ساڵ بە سەر ئەم سورگومکردنە هەر هەست بە غەریبی و دووروڵاتی دەکەین، ئێرە نابێت بە وڵاتی ئێمە، هەر چاومان لە کوردستانە. بە تایبەت لە دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت کە ئەم کۆمارانە قەرغیزی و ئۆزبێکی و قازاغی، .. کە سەربەخۆ بوون ئەمانە دەوڵەتی نەتەوەیین و نەتەوەی خۆیان بە لاوە گرنگە و ئەوەندە بایەخ بە نەتەوەی بێگانە نادەن، بەڵام لە سەردەمی سۆڤیەت دەوڵەتی نەتەوەیی نەبوو، هەمووی یەکسان بوو.
دوای هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت زۆرێک لەم نەتەوە سورگوم کراوانە گەڕانەوە بۆ وڵاتی ئەسڵی نەتەوەکەی خۆیان بۆ نموونە ئەڵمانەکان گەڕانەوە ئەڵمانیا و یۆنانییەکان بۆ یۆنان و جولەکەکان بۆ ئیسرائیل و پۆڵەندی بۆ پۆڵەندا، تورکە مەسخەتییەکان بۆ تورکیا، بەڵام ئێمە ناتوانین بچین بۆ هیچ وڵاتێک، چونکە کوردستان دەوڵەت نییە کەس ئێمە قبووڵ ناکات. بوونی دەوڵەتێک بۆ کورد زۆر گرنگە، هەر بۆیە ئێمەش چاومان لە باشووری کوردستانە ببێت بە دەوڵەت، بێگومان ئەگەر ببێت بە دەوڵەت دەبێت بە پشتوانێک بۆ ئێمەش.
لە ڕووی مافی کولتوورییەوە لە قەرغیزستان دەڵێت:
ئەمڕۆ لە قەرغیزستان زیاتر لە سی نەتەوەی جیاواز هەیە، ئەم نەتەوانە ڕێگەیان پێدراوە کۆمەڵە و ڕێکخراوی کولتووری خۆیان هەبێت. نەتەوەی کوردیش ئەم مافەی هەیە. لە ساڵی 1991 ەوە کۆمەڵەیەکمان دامەزراندووە بە ناوی کۆمەڵەیا کوردێن قەرغیزستانێ – مەدیا- نووسینگەی خۆمان هەیە، ئەم نووسینگەیە ئەڵقەی بەیەکبەستنەوەی ئێمەی کوردە لەگەڵ دەوڵەت، هەموو کێشەیەکی کۆمەڵگەی کوردیش لە ڕێی ئەم کۆمەڵەوە چارەسەر دەکرێن.
ڕادیۆی کوردیمان هەیە هەر هەفتەی 20 دەققە بە زمانی کوردی. بەڵام تا ئێستا هیچ ڕۆژنامەیەکی کوردیمان نییە، لە لایەن کوردەکانی قازاقستانەوە لە شاری ئەڵماتی کە پێنج سەعات لە بێشکیکەوە دوورە ڕۆژنامەی (ژیانا کورد) بە کوردی دەردەچێت و دەگات بە دەستی ئێمەش.
لە ساڵی 2006 لە مۆزەخانەی نەتەوەیی قەرغیزستان لە بێشکیک بەشێکی کولتووری کوردیمان کردەوە، هەندێک کەلوپەلی کەلەپووریی کوردی و وێنەی سەرکردەکانی کوردمان نیشان دابوو، بە داخەوە زۆری نەبرد تەنیا شەش مانگێک مایەوە، تورکیا گوشاری خستە سەر قەرغیزستان و بە ئێمەی داخست. واتە لە قەرغیزستانیش تورکیا دژایەتی کورد دەکات.
بە داخەوە ئێمە ڕۆڵەکانمان بە کوردی ناخوێنن و قوتابخانەمان بە کوردی نییە، ئێمە هەر بە ڕووسی دەخوێنین کە هێشتا ڕووسی گرنگترین زمانە لە قەرغیزستان، هەرچەندە ئێمە ئیجازەمان لە حکومەت وەرگرتووە بۆ خوێندن بە زمانی کوردی، بەڵام مامۆستامان نییە و ئەگەر هەشبێت مەعاشەکەی کەمە و کەس نایەوێت ببێت بە مامۆستا.
ئێمە لە ماڵ هەر بە کوردی قسە دەکەین و ڕێگە نادەین بە زمانێکی دی قسە بکرێت، کورد لە گوند و لە شار لەناوخۆ ژن و ژنخوازی دەکەن، ئێمە کچی خۆمان نادەینە قەرغیز و لەوانیش ناهێنین، هەر بۆیە ئێمە هەر بە کورد ماینەوە هەوڵمان داوە دابونەریت و زمان بە باشی بپارێزین، هەوڵ دەدەین لە داهاتووش هەر وا بمێنینەوە.[1]