سوئییەکان؛ یەکەمین کۆمەڵی نیشتەجێی کوردستان لە تۆمارەکانی مێژوودا
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
(سوئییەکان) دەبنە یەکەمین کۆمەڵی نیشتەجێی کوردستان، کە ناویان چووبێتە تۆمارەکانی مێژووەوە. یەکەمین ئاماژەش بەوان، لە تۆمارێکی پادشايەکی سۆمەری بە ناوی (ئی ئی ناتم/ 2470- 2430 پ.ز) هاتوو، کە سییەمین پادشای دەوڵەتەکەی یەکەمی لەگەشی سۆمەری بووە. ئەوەش کاتێک ئاماژەی بە بوونی نەژادێکی جیاواز لە خۆیان کردووە. ئەو ناوچەیەشی پادشای سۆمەری ئاماژەی پێ داوە و سوئییەکانی تێدا ژیاون، باشووری کوردستانی ئێستا بووە.
ئەو پادشایە سوئییەکانی بە (سوبار) تۆمار کردووە. (سو) بە واتای ناوچەی (بەرز) و (بار) بە واتای دەرەوەی سنووری دەسەڵاتی سۆمەرییەکان. بەوەش (سوبار) بە مانای ئەو ناوچەیە هاتووە، کە کەوتبووە باکووری سنووری دەسەڵاتی سۆمەرییەکان. کاتێکیش سنووری دەسەڵاتی سۆمەرییەکان دیاری دەکەین، دەگەینە ئەوەی، کە سنووری ژیان و نیشتەجێبوون و دەسەڵاتی ئەوان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقی ئێستا بووە. دەوڵەتەکەی لەگەشيش لە شوێنەواری لەگەشی مێژوویی باشووری پارێزگای زيقار بووە. بەو پێیەش بێت، (سوئییەکان) دانیشتوانی ڕەسەنی خاکی کوردستان بوون و دەکرێت وەک یەکەمین کۆمەڵی کوردستانی کۆن لێیان بڕوانین.
خاڵێکی تر، کە پشتیوانیی ئەو ڕایەمان دەکات و ئەو کۆمەڵە دەکاتە یەکێک لە کۆنترین دانیشتوانەکانی کوردستان لە قۆناغی مێژووی کۆندا، تۆمارێکی تری پادشایەکی تری سۆمەرییە بە ناوی (سۆشین/ 2036- 2028 پ.ز). ناوبراو چوارەم پادشای بنەماڵەی ئۆری سۆمەرییە، ئەو لە تۆمارێکیدا ئاماژەی بەوە داوە، کە ’’سوئییەکان وەک ئیلامییەکان دوژمنی سەرسەختی سۆمەرییەکانن و لە شاڵاوێکدا خەریکن شاری (ئوور) داگیر دەکەن‘‘(). بەو دەقەش بێت (سوئییەکان) بەشێک نەبوون لە سۆمەرییەکان و دانیشتوانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی ئیمڕۆ، بەڵکوو وەک دوژمنی خۆیان سەیر کراون.
لە تۆمارێکی تری هەمان پادشادا، دەقیکی تەواو گرنگ و مێژوویی هاتووە، کاتێک باسی لە بوونی دەسەڵاتدارێک بۆ سوئییەکان بە ناوی (ئیرننا) کردووە. لەو تۆمارەدا هاتووە ’’ئێرننا فەرمانڕەوای ناوچەی سوو و زەوییەکانی کردا بووە‘‘(). ئەو دەقەش ئەوە دەخاتە ڕوو، کە کەسایەتییەک بەناوی (ئیراننا) فەرمانڕەوای سوئییەکان بووە. بەپێی هەمان دەق (ئیرننا) لەلایەن (سۆشین)ەوە کراوە بە فەرمانڕەوای ناوچەی سوو و زەوییەکانی کردا، دوای ئەوەی توانیویەتی فەرمانڕەواکەیان لە دەسەڵات دوور بخاتەوە و دەست بەسەر ناوچەکانیدا بگرێت.
دوای وردبوونەوەش لە هەردوو چەمک و زاراوەی (سووئی و کردا) دەگەینە ئەوەی، کە مەبەستە لە زاراوەی (سو) قەڵای هەولێر بووە. زاراوەی (کردا)ش ناوچەکانی دەوروبەری قەڵاکە بووە، کە سوئییەکانی تێدا ژیاون و فەرمانڕەوایەتییان تێدا کردووە. (ئیراننا)ش ناوی ئەو فەرمانڕەوایە بووە، کە لەلایەن (سۆشین)ی پادشای سۆمەری بۆ قەڵاکە دانراوە، دوای ئەوەی فەرمانڕەواکەی لە دەسەڵات دوور خستووەتەوە.
دیاریکردنی (قەڵای هەولێر)یش بۆ مەڵبەندی دەسەڵاتی سوئییەکان، دوای ئەوە هاتووە، کە کۆنترین مەڵبەندی ژیان و نیشتەجێبوون بووە لە کوردستان و بۆ ئەوکات گەڕاوەتەوە، کە دانیشتوانی کۆنی کوردستان لە پێدەشەکانەوە ڕوویان لە بەرزاییەکان کردووە و بەسەر تەپۆڵکە و گرد و چیاکانەوە قەڵایان دروست کردووە، تا لە دەستدرێژی و پەلاماردانی نەیارانیان دوور بکەونەوە، بەڵام بۆ ئەوە نەچوون، کە هێزی داگیرکەرانی خاکەکەیان زۆر لەوە دەستکراوەتر و بەهێزتر بووە، بگاتە قەڵاکانيان و داگیریان بکات.
باجی ئەو کارەی دانيشتوانی کۆنی کوردستانيش ئەوە بووە، کە ئەو کۆمەڵ و پێکهاتە و نەتەوانەی هەميشە لە بەرگریدا وەستاون، ڕووبەڕووی پاشەکشە بوونەتەوە، بەڵام ئەوانەی لە بەرەی هێرشدا بوون، ئەگەر لە ناوچەیەک پاشەکەشیان پێ کرابێت، کەمترین ناوچەی خۆیان لەدەست داوە.
بە گەڕانەوەش بۆ هەردوو زاراوەی (سوبار) و (سوئی) دەگەینە ئەوەی، کە زاراوەی (سوبار) لای پادشاکەی شاری (لەگش) و زاراوەی (سوئی) لای پادشاکەی شاری (ئوور)، یەک زاراوەن بۆ دوو مەبەست. (سو) وەک ناوچەی بەرز و ناوچە بەرزەکانی باکووری دەسەڵاتی خۆیان و (سوئی)یش وەک دانیشتوانی ناوچە بەرزەکە بەکار هێنراوە. مەبەستیش لە ناوچە بەرزەکە خاکی کوردستان بووە. دیارە دانیشتوانەکەیشی ئەو نەتەوەیە بوون، کە دواتر بە (کورد) دەرکەوتوون و ناسراون و ناویان چووەتە تۆمارەکانی مێژووەوە.
لە مێژووی ژیانی سوئییەکان و دەسەڵاتدارییان بەسەر (قەڵای هەولێر)ەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە ئەوان خاوەن شارستانیەتێکی ڕەسەن و تایبەت بە خۆیان بوون. هۆیەکەش ئەوە بووە، لەلایەک توانیویانە بەسەر قەڵایەکەوە بژین و فەرمانڕەواییان هەبێت. لەلایەکی دیکەوە سەرنجی سۆمەرییەکان و لەنێو ئەوانیشدا چەند پادشایەکی سۆمەرييان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە، تا ناو و پێگەی جوگرافی و بەشێک لە شێوەی ژیانیان تۆمار بکەن.
جیاواز لەو تۆمارانەیشی لەلایەن سۆمەرییەکانەوە بۆمان بەجێ ماوە، تا ئێستا نازانرێت ئەو ناوچە و قەڵایە لەلایەن خودی دانیشتواکەیەوە چی پێ گوتراوە و بە چی ناسراوە؟ ئەمەو نازانرێت پێش (ئیراننا)، کە لایەن سۆمەرییەکانەوە دانراوە، کێ فەرمانڕەوای قەڵا و ناوچەکەی کردووە و لە کام بنەماڵە و خێڵ و ناوچە بووە؟
هەروەها نازانرێت دوای خۆی کێ چووەتە شوێنی؟ هەروەها هیچ زانیارییەکی وەها سەبارەت بە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی نەزانراوە، جگە لە چەند ئەگەرێک، کە ئەوانیش تەنیا بۆچوونن لەسەر کۆی ژیانی سیاسی لە ناوچەکانی تری جیهان. بەوەی سیستەمی سیاسی لای سووئییەکان بۆماوەیی و پشتاوپشت لە باوکەوە بۆ کوڕ بووە. شوێنەواری قەڵاکەش دەری دەخات، کە قەڵاکە خاوەنی کۆشکی پادشایی و گەرماو و بازاڕ و چەند گەڕەکێکی نیشتەجێ بووە.
ئەمەو خودی قەڵاکەش (چوار) دەرگای هەبووە و هەر دەرگایەک ڕووی لە ئاراستەیەکی جوگرافی کردووە. واتە دەرگایەک ڕووی لە باکوور و دەرگایەک ڕووی لە باشوور و دەرگایەک ڕووی لە خۆرهەڵات و دەرگایەکی تر ڕووی لە خۆرئاوا. هەر ئەوەش وای لە ئاشوورییەکان کردووە، لەدوای سۆمەرییەکان زاراوەی (ئەربائێلۆ) واتە (شاری چوار خودا) لەو قەڵایە بنێن. بەهۆی ئەوەی بەسەر هەر دەرگایەکی دەروازەکانی شارەوە، بتێک دانراوە، تا شار و قەڵاکەیان لە دەستدرێژیی دوژمنانیان بپارێزێت. هەورەها بە تێگەیشتن لە تۆبۆگرافیی ناوچەکە و قەڵاکە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە سوئییەکان چیانشین بوون و بە پشتبەستن بە پێگەی جوگرافیی ناوچەکە، ژیانی خەڵک و دەسەڵاتی خۆيان بەڕێوە بردووە.[1]