حکوومەتی بنەماڵەی سالاری
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
ناوی حکوومەتی سالاری لە ناوی (سالاری مەرزبان)ی دامەزرێنەرییەوە وەرگیراوە، کە ناوە ڕاستەقینەکەی (موحەممەدی کوڕی موسافیری دەیلەمی) بووە و بە (سالاری مەرزبان) واتە (سالاری پاسەوانی سنوورەکان) ناوبانگی دەرکەوتووە. مێژووی دەرکەوتنی ئەم دەسەڵاتەش بۆ ساڵی (942ز) دەگەڕێتەوە، کاتێک ئه و کەسایەتییە بانگەشەی دەسەڵاتێکی خۆجێیەتیی لە بەشی خۆرهەڵاتی هەرێمی ئازەربایجان کرد. سنووری دەسەڵاتیشی بەدرێژایی دەسەڵاتی خۆی و نەوەکانی لە فراوانبوون و بەرتەسکبوونەوەدا بوو، بەهۆی بەهێز و لاوازیی فەرمانڕەواکانییەوە، بۆیە دیاریکردنی سنوورێکی ڕاستەقینە و بەدرێژایی سەردەمی دەسەڵاتەکەی کارێکی سەخت و دژوارە، بەڵام ئەوەندە زانراوە، کە لە ماوەی دەسەڵاتیاندا فەرمانڕەوایەتیی بەری خۆرهەڵاتی هەرێمەکەیان کردووە. کاتێکیش دەمانەوێت ئه و هۆکارانە بزانین، کە وایان له و کەسایەتییە کرد بیر لە دەسەڵاتێکی خۆجێیەتی له و سەردەمەدا بکاتەوە، دەگەینە ئەوەی، کە پێگەی جوگرافیی هەرێمەکە و دوورەدەستی لە (بەغدا)ی پایتەختی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی بو و. سەرەڕای ئەوەی ئازەربایجان ناوچەیەکی شاخاویی سەخت و ئاوەدان بوو، کە بەئاسانی دەستی عەباسییەکان و هێزەکانی تری پێنەدەگەیشت. هەر بۆیە (موحەممەدی کوری موسافیر) ئه و هەلەی قۆستەوە و له و ناوچە دووردەستەدا بنیاتی ئه و دەسەڵاتەی نا. دیارە ئەوەش دوای ڕەچاوکردنی ئه و دۆخە خراپەی بواری ڕامیاریی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی له و سەردەمەدا تێدا دەژیا. سەرباری ئەوەی هەندێک لە وەزیر و کاربەدەستەکانی دەوڵەت پلەکانیان بۆ بەدەستهێنانی سامانی زۆر بەکار دەهێنا. ئەوەش بەهۆی زیادکردنی باجەکان لەسەر کۆمەڵانی خەڵک، بێ ئەوەی بەرنامە و بڕیاری خەلیفەکانی لەسەر بێت. لەم هەلومەرجەشدا دانیشتوانی ئازەربایجان له و بارودۆخە و زیادکرنی باجانە دوور نەبوون و کاریگەریی خراپیان لەسەر دروستکردن.
سەرباری ئەوانە هەر لە سەرەتای گەیشتنی سوپای عەرەبی ئیسلامی به و هەرێمە، دانیشتوانەکەی ئەوەیان بە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتانی خەلافەت گەیاندبوو، کە لە کاروباری هۆز و بنەماڵەکەیان و کاروبارەکانی ناوخۆیی خۆیاندا سەرپشکیان بکەن. تەنیا له و کاتانەدا نەبێت کە بۆ مەبەستی باج وەرگرتن و باج کۆکردنەوە و دوورخستنەوەی شاڵاوی تورکە خەزەری و دەیلەمییەکان سوودیان لێ وەربگرن. ئەمەش بواری بە سەرۆک هۆزەکان دا لە ناوچەکانی خۆیاندا خۆڕێبەریی خۆیان بکەن، تا کار گەیشتە ئەوەی لە دەرفەتێکدا بانگەشەی دەسەڵاتداریی خۆیان ڕابگەیەنن. له و ڕاستییەوە (موحەممەدی کوڕی موسافیر) سوودی لە دەسەڵاتی هۆزایەتی و خۆڕێبەری و دووردەستیی لە خەلافەتی عەباسی وەرگرت و (حکوومەتی سالاری)ی دامەزراند.
لە ماوەی دەسەڵاتی ئەم حکوومەتەدا لەنێوان ساڵانی (942-1096ز)دا (نۆ) ئەندامی بنەماڵەی سالاری یەک لەدوای یەک گەیشتنە پایەی دەسەڵات و له و ماوەیەشدا چەندین پەیوەندیی لەنێوان ئەم دەسەڵاتە و دەسەڵاتەکانی هاوشێوەی دروست بوو، بەڵام ئەوەی جێگای داخێکی گەورە بوو، پەیوەندیی لەگەڵ حکوومەتە کوردییەکانی سەردەمەکە زۆر خراپ بوو، وەک ئەوەی (سالاری مەرزبان) بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر حکوومەتی ڕەوادیدا ساڵانە (پەنجا هەزار) دیناری بەسەر (ئەبولهیجا)دا سەپاند، بەڵام کاتێک (سالاری مەرزبان) کۆچی دوایی کرد، (ئەبولهیجا) سەرباری ئەوەی له و باجدانە ڕزگاری بوو، کەوتە خۆ بۆ تۆڵەکردنەوە لە سالارییەکان و له و بوارەشدا دەستی خستە ناو کاروباری حکوومەتەکەیان و ململانێی نێوان ئەندامانی بنەماڵەیانی قۆستەوە و لەپێناو قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی ناوخۆییان پشتیوانیی (جستان)ی لە دژی (واهسوزانی کوڕی سالاری مەرزبان) کرد. دیارە ئەمە لەکاتێکدا بوو، کە ڕووسەکان بەردەوام هۆکاری کێشە و شاڵاو بوون بۆ سنوورەکانی حکوومەتی سالاری. ئەمه و سەرباری شاڵاوی بەردەوامی بنەماڵەی عەرەبی حەمدانی لە مووسڵ و بووەیهییە دەیلەمییەکاندا لە بەری خۆرهەڵات و باشووریان. هەربۆیە لەکاتێکدا دەبوا ڕەوادی و سالارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئه و هێزانە یەکدەست و یەکگرتوو بوونایە، کەوتنە گیانی یەک و بە ململانێ ناوخۆییەکانیان زەمینەی دەستێوەردانی ئه و هێزانەی بۆ ناو دەسەڵاتی هەردوو حکوومەتەکە ڕەخساند، کە دواجار بوونە هۆی کۆتاییهاتن بەم دەسەڵاتە لەسەر شانۆی سیاسیی سەدەکانی ناوەڕاست.
سالارییەکان لە ماوەی دەسەڵاتیاندا چەندین دەسکەوتی مێژووییان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان تۆمار کرد. لەم بوارەدا شاری (ئەردەبیل) وەک مەڵبەند و پایتەختی حکوومەتەکە ناسرا. له و مەڵبەندەشەوە میرەکانی سالاری بایەخیان بە دروستکردنی قەڵا و کۆشک و کاروانسەرا و مزگەوت و باڵەخانە و گەرماو دا. لە بواری دارایی و ئابوورییشدا کشتوکاڵ و جۆراوجۆریی بەروبوومی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی و مامەڵەی بازرگانی و باری ئابووریی دەوڵەت و باری دارایی دەوڵەتیان بەرز کردبووەوە. ئەمه و هەرزانیی نرخی شمەک لە بازاڕەکاندا زەمینەی سەردانی بۆ هەزاران بازرگان خۆش کردبوو. خاڵێکی تری دیاری ئەم حکوومەتە هێمنی و ئاسایشی وڵات بوو له و شار و گوندانەی کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتیانەوە.
دوای سەدە و نیوێک لە دەسەڵات، دواجار ئەم حکوومەتە بەهۆی ململانێی توندی بنەماڵەیی لەسەر دەسەڵات، ڕۆڵی سەرەکی لە پەرتەوازەیی خێزانی و کاری سیاسی و لەبەریەک هەڵوەشانی شیرازەی بنەماڵەیدا ڕەخساند. ئەوەش دەرفەتی ڕەخساندە ڕِووسەکان لە بەری باکوور و بووەیهییەکان لەبەری خۆرهەڵات، تا دەست بخەنە ناو کاروباری حکوومەتەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی بهێنن.[1]
$سەرچاوەکان$
ابی الحسن عزالدین أبن الاثیر: الکامل فی التاریخ.
محمد أمین زکی بک: تاریخ الدول و الامارات الکردیة فی العهد الاسلامی.
احمد کسروی: شهریاران گمنام.